د.حەمە مەنتک: فێستیڤاڵی گەلاوێژ سەکۆیەکە بۆ دیالۆگ و ڕەخنە
ڕەخنەی چاودێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بیستوودووەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا،
ڕەخنەی چاودێر هەوڵ دەدات بۆچوونی بەشێک لە نووسەران و ئەدیبان و شاعیران بڵاو
بکاتەوە دەربارەی فێستیڤاڵ و کار و چالاکییەکانی.
لە دوای كۆبوونەوەی بەردەوامی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی
باڵای بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ و ڕاوێژكردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتیدا، بریار
دراوە بیستودووەمین فێستیڤاڵی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە 18/4/2019 هەتا 20/4/2019
ساز بكرێت، کە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و وڵاتانی ناوچەکە تێیدا ئامادە دەبن و
بابەت و لێکۆڵینەوەیان دەبێت.
د.حەمە مەنتک، نووسەر و ڕەخنەگر، پێی وایە فێستیڤاڵی
گەلاوێژ، وەکو نەریت و کولتوورێکی لێ هاتووە، بە گشتی ڕۆشنبیران و نووسەران لەم وەختەی
ساڵدا چاوەنۆڕی ئەم فێستیڤاڵە دەبن. هەموو کەسێک بە تاسەوە تەماشای لیستی ناوی دەرچووان
لە هەر سێ بواری لێکۆڵێنەوە، شیعر و چیرۆک دەکات. هاوکات ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکە
بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی کولتووری و فەرهەنگی لە نێوان نەتەوەکان درووست بێت، چونکە هەموو
خولێک تایبەت دەکرێت بە ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەیەک. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە بەردەوام
فێستیڤاڵ سەکۆیەکە بۆ دیبەیت و دایەلۆگ و ڕەخنە. ئەمەیش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی فێستیڤاڵ
کولتووری ڕەخنە بهێنێتە ناو فەرهەنگی کوردییەوە. دیبەیت لە نێوان نووسەرانی بیانی
و کورد دروست دەبێت. شوێنێکە بۆ ئەوەی بیرە ئازادەکان بەریەک بکەون. لە ناوچەکەدا
تاکە فێستیڤاڵێکە دەتوانێت ئەم دایەلۆگە لە نێوان نەتەوەکان درووست بکات.
وتیشی: "لە پاڵ هەموو ئەو قەیران و شەڕ و ناخۆشیانەی
بەرۆکی ئەم خەڵکە دەگرێت، فێستیڤاڵێکی کولتووری و ئەدەبی وەها، نیشانەی زیندووێتی
و بەردەوامی ڕەوتی بیرکردنەوە و چالاکیی ئەدەبی کوردییە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی
بە هەموو دەورووبەرمان بڵێین ئەدەبیاتی کوردی بەردەوام لە گەشەدایە و بەردەوامە. بۆیەیش
لە گەرمەی شەڕ دژ بە تیرۆرستانی داعش گەلاوێژ هەبوو و بەردەوام بوو. ئەمەیش بەڵگەی
ئەوەیە داهێنان و چالاکیی کولتووری دەتوانێت بەردەوامی بە خۆی بدات."
"پنتێکی
دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەم فێستیڤاڵە ئامادەیی بەردەوامی بەرهەمی گەنجانە. لەوێدا گەنجان؛
گەلاوێژ بە دەرفەتێک دەزانن بۆ ئەوەی دەق و لێکۆڵینەوەکانیان لەویدا بخەنە پێشبڕکێوە،
هەرچەندە بردنی خەڵات واتای ئەوە نییە، ئیدی ئەو نووسەرە، نووسەرێکی باشە، بەڵکوو
هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەرکی ئەو کەسانە گرانتر بکات و ئیدی بە وردی و هونەرییەوە
بنووسن. هیچ ساڵێک نییە چەند دەنگێکی تازە نەیەنە پێشەوە و لەوێدا دەقەکانیان بخەنە
پێشبڕکێوە. بە دڵنیایییەوە دەیڵێم زۆربەی ئەو گەنجانەی ئێستا دەق دەنووسن، بەشێکی
زۆریان لە ڕێی گەلاوێژەوە دەرفەتیان بۆ دروست بووە و لەوێوە دەقەکانیان نیشان داوە." د.حەمە مەنتک وای وت.