تائێستا ئەم مەترسییانەی نێرگەلەت زانیوە؟

تەندروستی 14/04/2019


چاودێر

زۆر كەس كە زانیارییەكی ئەوتۆیان نییە، واز لە جگەرەكێشان دەهێنن و نێرگەلە دەكێشن، لە راستیدا هەردووكیان زیانی زۆر مەترسیداریان هەیە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام دەبێ هەمووان بزانن كە زیانەكانی نێرگەلە چەند هێندەی جگەرەیە، ئەمەی خوارەوە زیانە تەندروستییەكانی نێرگەلەیە:

1- تووشبوون بە شێرپەنجە
كێشانی نێرگەلە، ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی شێرپەنجەت بكات، و بەقووڵی كێشانی نێرگەلە ڕاستەوخۆ كار لە سییەكانی مرۆڤ دەكات، چونكە ئەو دوكەڵەی هەڵی دەمژێ پێكهاتووە لە چەندین ماددەی ژەهراوی و لە هەمووی مەترسیدارتر یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنە زیانی گەورەی هەیە لەسەر سییەكان و میزەڵدان و دەم، كێشانی نێرگەلەیەك بۆ ماوەی سەعاتێك، هێندەی كێشانی 100 – 200 جگەرە زیانمەندە.
2- تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ
كێشانی نێرگەلە زۆر ماددەی زیانبەخش دەخاتە ناو جەستەی مرۆڤەوە، كە دەبنە هۆی جەڵتەی دەماری خوێنەكان و نەخۆشیی تری دڵ.
3- تووشبوون بە نەخۆشییەكانی پووك
كێشانی نێرگەلە ڕێژەی نیكۆتین و كۆتینین لە پلازمای خوێن و لیكیش زیاد دەكات، هەروەها كار لە میزیش دەكات و بە دوایدا كار لە ڕیشاڵەكانی دەم و پووكیش دەكات.

4- تووشبوون بەو نەخۆشییە گواستراوەكان
كێشانی نێرگەلە بەتایبەتی لە شوێنێكی داخراودا، هەروەها گۆڕینەوەی لەنێوان كەسەكاندا، ئەگەر تووشبوون بە نەخۆشییە درم و پەتاكان زیاتر دەكات، ئەو نەخۆشییانەش كاری خراپ لە سییەكان دەكەن، هەروەها بەشەكانی تری جەستەش تووشی كەڕوو و بەكتریا دەكەن، ئەمە جیا لە برینداركردنی گەدە.
5- لەدایكبوونی منداڵی ناكام لای ژنانی نێرگەلەكێش
ئافرەتی دووگیان كە نێرگەلە دەكێشێت، كار تەنیا لە خۆی ناكات، بەڵكوو لە كۆرپەكەی ناو سكیشی، بۆیە كە منداڵی ئافرەتێكی نێرگەلە كێش، لەدایك دەبێ، لە ڕووی كێشەوە زۆر سووكەترە لە منداڵی ژنیكی ئاسایی و هەناسەدانی منداڵەكەش كورتترە.
6- هاوڕێیەتیی كەسانی نێرگەلەكێشیشی خراپە
ئەگەر تۆ نێرگەلەكێش نەبیت و لەتەنیشت كەسێكەوە دانیشیت نێرگەلە بكێشێت، تووشی هەمان ئەو نەخۆشییانە دەبیت.
7- ئالوودەبوون بە نیكۆتین
كێشانی نێرگەلە تووشی ئالوودەبوونت دەكات بە ماددەی نیكۆتین، چونكە بەهۆی كێشانی زۆر ماددەی نیكۆتین ڕێژەی زیاتر دەبێت لە خوێندا و زیاتر جەستەت داوای دەكات.
8- نەخۆشیی تر كە بەهۆی كێشانی نێرگەلە تووشی دەبیت 
ئەو زیانانەی كە نێرگەلە پێتی دەگەیەنێت زۆر زیاترە لەوانەی باسمان كرد، هەروەها دەم و چاوت چرچ و لۆچیی زۆر تیا دەردەكەوێت و تەنانەت توانای سێكسییش لاواز دەكات.

ئەم زیانانەی نێرگەلە كە باسمان كرد، بە مانای ئەوە نییە كە جگەرە باشترە، بەڵكوو هەردوو ماددە دووكەڵین و هەردووكیشیان زیانیان هەیە، بۆیە وازهێنان لە هەردووكی، بڕیارێكی زۆر باشە و تەمەنت درێژتر دەبێت بە تەندروستییەكی باشترەوە.