وەک هەڵچوونی سنەوبەرێکی تەنیا

ڕەخنەی چاودێر 13/04/2019

سەبارەت بە کتێبی: ئێمە لە خەو هەڵدەستین

شاڵاو حەبیبە

هێندێک لەو شتانەی تەنیا نووسەرەکان سەرنجیان بۆی دەچێت، خۆزگەم دەخواست خوێنەرەکانیش هەمان سەرنجیان بۆی هەبوایە. بە دیوێکی دیکەدا، ئەوەی چی ئەدەبیاتە و چی ئەدەبیات نییە، هێندێک جار بۆ نووسەرێکیش ڕوونکردنەوەی قورسە. جاری وایە ئەدەبیات هێندە سادە و تەنک دەبێتەوە، هەر قسەکردنێک لە بارەیەوە، زیان لە ئەدەبیاتەکە دەدات، نەخاسمە ئەوەی بیەوێت ڕوونی بکاتەوە. لە خوێندنەوەی شیعرەکانی ئێڤا ڕیبیکدا، هەست بە قووڵیی ئەو ئەدەبیاتە دەکەم کە هەیەتی، ڕەنگە ڕێک بۆی نەچم ئەم ئەدەبیاتە چۆنایییە، چونکە شیعرەکانی ئەو هێندێک جار تەنیا بۆ تەماشاکردنن و هێندێک جاریش بۆ هەستکردن، بەڵام من ئەم شیعرانەی ئێڤا دەبینم، نەک ئەوەی تەنیا بیانخوێنمەوە.

ئێڤا ڕیبیک جارجار فۆتۆگرافەرە- بەرەوسەرچوونی پەڕەسێلکەکان، درەوشانەوەی شەونم لەناو گژوگیا بەرزەکاندا، شۆڕبوونەوەی ڕێگایەک بۆ ناو ئاو، ڕاکردنی منداڵان، خولانەوەی ماسیخۆرەکان و دەرکەوتنی یەکەم باڵندە پاش باران... هەڵبەت وێنەکانی زۆر زۆرترن لەم کتێبە زۆر بچووکەدا. ئەو هایکۆ نانووسێت، بەڵام دنیابینیی شیعریی ئەو هایکۆیانەیە. مینیماڵبوونی ئەو لە تێکستەکانیدا، تا ئاستی هیچنەگوتن تەنک دەبێتەوە. زمان هێندە ڕوون و سادە دەبێتەوە، کە خوێنەر ئەگەر هۆشیار نەبێت ئەوا بڕیارێکی هەڵە لە بارەی ئەم شیعرانەوە دەدات. منیش نامەوێت بەرگریی لە شیعرەکان بکەم، چونکە ئەدەبیات دەبێت هێندە قووڵ بێت خۆی بەرگری لە خۆی بکات. هەڵبەت ئەدەبیاتێک کە تەنیا شیعر نیشان دەدات- نەک بینووسێت، ڕەنگە زۆر مەیلیشی لەو بەرگریلەخۆکردنە نەبێت.

ئەدەبیاتی ئێڤا ڕیبیک نموونەی ئەو ئەدەبیاتەیە کە پشت لە خوێنەر دەکات. خۆشبەختانە ئەم ئەدەبیاتە زۆر خوێنساردانە دنیایەکی خوڵقاندووە، کە لە یەکەمجاردا ئەگەری هەیە زۆر کەس بە هەڵەدا بەرێت، چونکە لە خوێندنەوەی یەکەمدا- لەبەر کورتبوونی دێڕەکان و زۆرکەمبوونی شیعرەکان- بە خێرایی دەیخوێننەوە و لە پڕ دەبینن کتێبە زۆر بچکۆلەکەی ئێڤاتان تەواو کردووە، تەنانەت بەبێ ئەوەی چێژیشتان وەرگرتبێت، پێتان وا دەبێت ئەمانە یان شیعر نیین، یانیش ئەسڵەن نووسینی ئەدەبیاتێکی لەم چەشنە سادەوساکارە گەلێک ئاسانە؛ بەڵام ئایا هەر بەڕاستی کتێبەکەی ئێڤاتان خوێندەوە؟ «ئێمە لە خەو هەڵدەستین» لەو جۆرە کتێبانەیە گەیشتن بە دوالاپەڕەی، مەرجی خوێندنەوەی نییە. هەروەتر، ڕەنگە کتێبەکە بە یەک چاوپێداخشاندن لە چەند خولەکێکدا بخوێنینەوە، بەڵام هەموو کتێبەکە نابینین، لەبەر ئەوەی خودی شیعرەکانی ئێڤا بە چەشنێکن، وەک بڵێی لە پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیدا هاتوچۆ بکەین. ئێمە دەتوانین فۆتۆ بە فۆتۆ زۆر خێرا تێیان بپەڕێنین، بەڵام ئەم فۆتۆیانە پێویستیان بە لەسەروەستانە، هیچکەسێکیش لە پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیدا هێندە خێرا تێناپەڕێت کە هیچ شتێک-فۆتۆیەک نەبینێت. کەواتە خوێنەرەکانی شیعر ئەوانەن کە جارێکی تر دەگەڕێنەوە، فۆتۆیەک دەبینن، تێی دەپەڕێنن و هەر دوای نەختێک بۆی دەگەڕێنەوە، لاپەڕەیەک هەڵدەدەنەوە و لە پڕ دەگەڕێنەوە سەری. خوێنەر دەبێت زۆر شانسی هەبێت بۆ ئەوەی کەشفی شیعرێکی باش بکات. لەوانەیە لە خوێندنەوەی یەکەمدا باڵندەکە تەنیا باڵندەیەک بووبێت، بەڵام کاتێک جارێکی تر و چەندان جاری تر دەیخوێننەوە، ئەوکات تێدەگەن کە باڵندەکە لە ڕاستیدا هێشتا تەنیا هەر یەک باڵندەیە و تەواو. ئایا سەرسام دەبن؟ بێگومان. کەچی ئێڤا بە پێداگرییەوە بەم چەشنە دەنووسێت. ڕەنگە ئەو بۆ هونەری تێڕامان هانمان بدات. بەهەرحاڵ کاتێک باسی جیهانێکی هایکۆیانە لە گۆڕێ بێت، ئەم جیهانە بەبێ تێڕامان نایەتە دی. نایشارمەوە، منیش لە جاری یەکەمدا هەر بەو جۆرەی باسی دەکەم، خوێندوومەتەوە. دوای چەندان جاری تر خوێندنەوە، ئنجا تێگەیشتم لەم کتێبەدا دەبێت فێر بم- تەماشا بکەم، هەست بکەم، بژیم، نەک هەر بخوێنمەوە.

ئێڤا خۆیشی لەم ڕووەوە هاوکارمان دەبێت، ئەو لە کتێبەکەیدا چەندین لاپەڕەی بە بۆشایی لە بەینی هێندێک لە شیعرەکاندا وەک وچانێکی شیعری داناوە، بەم جۆرە هانمان دەدات بۆ تێڕامان و وردبوونەوە لەوەی کە خوێندمانەوە. لە ڕێی ئەم لاپەڕە سپییانەوە خوێنەر لە قووڵتربوونەوەی شیعرەکاندا هاوبەشی پێ دەکات، هەروەها مەیلی لە گوتنی ئەوەیشە کە بڵێت، لەسەر خۆ بە، کتێبەکە خۆی زۆر بچووکە، بە شێنەیییش بیخوێنیتەوە، سەرەنجام هەر زوو دەگەیتە کۆتایی. هەروەتر لاپەڕە سپییەکانی کتێبەکە ئاماژەیشن بۆ هیچنەگوتنی شێوازی نووسینی ئێڤا، کە بەبێ نووسراویش ڕوونە، لە بۆشایییەکاندا، لە لاپەڕە سپییەکاندا، لە هیچڕوونەدانەکانیشدا، ئەگەری هەیە شیعر ڕوو بدات. 

بە سیلەی چاو/ دەتبینم/ لە تەنیشتم. نازانم تا چەندێک ڕوونە قسەکەم، ئەگەر بڵێم، ئێڤا یەکەم کەسە ئەم شیعرانە دەنووسێت، بەڵام یەکەم کەس نییە دەیانبینێت. شیعرەکانی ئەو هێندێک جار ساتگەلی ئینسانین، کە بێگومان بۆ ئێمەیش پێش هاتوون. بۆیە ڕەنگە بە خۆتان بڵێن، خۆ ئێمەیش زۆر جار بووە، پاش باران، زۆر بە ڕوونی، لە خاڵێکی ئاسماندا، باڵندەیەکمان بینیوە، سەیرەکە ئەوەیە ئێمە نەمانزانیوە ئەمە شیعرە، یان ئەمە ڕووداوێکی ئەدەبییە. ئێستا جارێکی تر هێندێک لە هەمان ئەو شتانە لەم کتێبەدا دەبینینەوە؛ ڕاستییەکەی وەکوو خۆیان و بەبێ دەستکاری. دەمەوێت بڵێم وەک چۆن ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ئینسان ڕوو دەدات، ئەدەبیاتیش ئاوا لە ئێمە ڕوو دەدات. لەم بەینەدا ڕەنگە لای ئێمە شتێکی ئەوتۆ نەبێت، بەڵام کەسێک هەیە ئێڤائاسا جارێکی تر ئەمە دەخاتەوە بەر دەممان و ناچار بە تێڕامانمان دەکات. ئەگەر لە ژیانیشدا هێندێک شت سەرنجمان ڕانەکێشن، ئەوا ئەمە کۆتاییی ڕووداوەکە نییە، بەڵکوو قۆناغی ئەدەبیاتی هەمان شت ماوە و ئێخەمان پێ دەگرێتەوە، وەک: یەکەم باڵندە/ پاش باران/ ڕوونترین شت/ کە هەیە.

دەمێنێتەوە، ئێڤا، من و کاک کەریم تاقانەی وەرگێڕ، کە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنیەتی وەک وەرگێڕانی شیعر، دەستنیشانکردنی شیعری لەم چەشنەیش هەم بوێری هەم زەینێکی وردی دەوێت. بۆیە سوپاس. ئێمە قەرارە خۆراکێک بدەین بە خوێنەر، کە لە ڕاستیدا لە مینووەکەدا تۆمار نەکراوە و بگرە داوایش نەکراوە، لەم نێوانەدا ڕەنگە کەس مەیلی لە شتێکی تازەی داوانەکراو نەبێت، بەڵام ئەوانەی فزووڵی دەیانگرێت، بێگومان کەشفی ئەدەبیاتەکەی ئێڤا دەکەن- بە خۆشحاڵییەوە. باشە. کەواتە سەبارەت بە من و ئێڤا ڕیبیک؛ ئەوەی سەرنجم دا و پێم خۆش بوو، هەردووکمان شیعر وەک پڕۆژەیەک دەبینین- پڕۆژەیەکی یەکفەزایی بۆ کتێبنووسین. من کتێبێکی دیکەیشیم- هەر بە وەرگێڕانی تاقانە- خوێندووەتەوە؛ ئەو دەتوانێت دنیای تریش لە نووسینی شیعردا و زمانی دیکەیش تاقی بکاتەوە. دیارە لە هەر کتێبێکدا بۆ ئەو لایەنێکی ئەم جیهانە پڕبایەخە، ڕێک بەو چەشنەی کە من شیعر دەنووسم و حەز دەکەم بخوێنمەوە. لایەنێکی تر، یەکەم کتێبی منیش- کەسێک لێرەوە تێپەڕی- هەوڵێکی هایکۆیانە بوو، بەڵام من دەمویست هایکۆ وەکوو خۆی بنووسم و ئێڤا وەک دەبینن، حەز دەکات هایکۆ وەکوو خۆی بنووسێت. بە هیوام ڕوون بێت.

 

 

 

سەرنج: ئەم نووسینە پێشەکیی کتێبی (ئێمە لە خەو هەڵدەستین)ـی ئێڤا ڕیبیک شاعیری سویدییە. کتێبەکە کەریم تاقانە لە سویدییەوە کردوویە بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.