لەپاش شكستی هەڵبژاردن، ئەردۆغان هەوڵی گۆڕینی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان دەدات

ڕاپۆرت 13/04/2019


راپۆرت-چاودێر

حكومەتی توركیا پلانی هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان بكات. بەپێی پلانەكەش دەسەڵاتی سەرۆك شارەوانییەكان سنوورداردەكرێت و تەنیا وەك چاودێر پرۆژەكانی حكومەت بەڕێوەدەبەن. 
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیاش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەو وڵاتە لە چەند شارێكی گەورەدا دۆڕاوە، هەربۆیە هەوڵی جێبەجێكردنی ئەو پلانە دەدات.  
پلانی حكومەتی توركیا بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان بەمجۆرەیە:
- ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و موختارەكان نامێنن
- سیستەمێكی هاوشێوەی سەرۆكایەتی بەدەسەڵاتێكی سمیبولی جێبەجێدەكرێت 
- سەرۆككۆمار دەسەڵاتی بەسەر هەموو سەرۆك شارەوانییەكاندا دەبێت
- سەرۆككۆمار مافی دانانی قەییومی دەبێت

ئەو پلانە ساڵێك پێش ئێستا لەلایەن حكومەتەوە هەوڵی جێبەجێكردنی درا، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە راگیرا.

هەدەپە كراوەتە ئامانج
هاوكات سەرەڕای بردەنەوەی دەنگەكان لە هەندێ‌ ناوچە، مۆڵەتی دەستبەكاربوون بە پێنج سەرۆك شارەوانی هەدەپە نادرێت. ئەگەری ئەوەش هەیە كۆمیسیۆن بەربژێری ئاك پارتی لەجێگەیان دابنێت.
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا مۆڵەتی دەستبەكاربوون بە پێنج سەرۆك شارەوانی براوەی هەدەپە نادات بە پاساوی ئەوەی پێشتر بە بڕیاری یاسا لە كار دورخراونەتەوە.
هەدەپە داوا دەكات لەو شارەوانیانەدا دووبارە هەڵبژاردن بكرێتەوە. كۆمیسیۆن بڕیاریداوە كاندیدی دووەم و ركابەرە سەرەكییەكان ببنە سەرۆكی ئەو شارەوانیانە كە هەموویان بەربژێری ئاك پارتیین. 
ئەگەر كۆمیسیۆن بڕیارەكەی جێبەجێ بكات هەموو ئەوانەی دەنگیان هێناوە لادەدرێن و ئەوانەی دەنگی دووەمیان هێناوە كە ئاك پارتین دەكرێنە سەرۆكی شارەوانییەكانی وان، توشبا، چالدرێران، وەرتەمەت و، دیگۆرداخ بنار.

هەدەپە: بڕیارەكانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان بەهیچ شێوەیەك یاسایی نییە
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاند، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە 26 ناوچەدا بەڵگەنامەی فەرمیی دەستبەكاربوونیان نەداوەتە بەربژێرە هەڵبژێردراوەكانیان.  
میتهات سانجار، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی هەدەپە لە بازنەی مێردین بەیاوەری ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسانی پارتەكەی لەبەردەم باڵەخانەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و رەخنەی توندی ئاڕاستەی دەستەكە كرد، ئەوەش لە بەرامبەر بڕیاری پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەكاربوون بە هەندێك بەربژێری سەركەوتووی پارتەكەی، لەبەرئەوەی ئەو كەسانە پێشتر ناویان لە لیستی دوورخراوەكاندا هەبووە بەپێی بڕیارنامەكانی باری نائاسایی. 
میتهات سانجار وتی "تانە پێشكەش دەكەین. نەدەبوو دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەم جۆرە بڕیارە بدات كە بەهیچ شێوەیەك رەهەندی یاسایی نییە. بەپێشكەشكردنی تانە دەبینە بەشێك لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكە. هێشتا كات زووە بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەكان كەمتر بكرێنەوە". 
میتهات سانجار ئاماژەی بەوەشدا، بەڵگەنامەی فەرمی دەستبەكاربوون نەدراوەتە بەربژێرە هەڵبژێرداوەكانیان لە 26 ناوچەی توركیادا، بە سەرۆكایەتی گەورە شارەوانیی ئامەد و مێردینیشەوە.

ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئیستەنبوڵ بەردەوامە
چەند رۆژێكە لە سۆشیال مێدیای توركیا وێنەی ریكلامی هەریەك لە جەهەپە و ئاك پارتی بڵاودەكرێتەوە، وەك لە وێنەكەدا دیارە لە شەقامەكانی ئیستەنبوڵ هەر دوو حزبی ركابەر (جەهەپە و ئاك پارتی) سوپاسی هاونیشتیمانانی ئەستەمبوڵ دەكەن و خۆیان بە براوەی هەڵبژاردنەكە دەزانن. لە كاتێكدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لە شارەكە رانەگەیەنراوەو جیاكردنەوەی دەنگەكان تائێستاش بەردەوامە.
لەلایەكیترەوە كۆمیسۆنی هەڵبژاردنی توركیا رایگەیاند كە %90 ی دەنگەكانی ئەستەمبوڵ جیاكراونەتەوەو تیمێكی 60 كەسی سەرقاڵی ئەو كارەن، تاكو بگەنە ئامانجی كۆتایی بەوەی جەهەپە یاخوود ئاك پارتی براوە دەبن.

ئەستەمبوڵییەكان لەگەڵ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن نین!
ركابەریی نێوان پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی توركیا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ گەیشتووەتە لووتكە، ئاكپارتی تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە شارەكە داوە لەنێو پارتەكەش باسی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكرێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و ئاكپارتی پێش دوو رۆژ رایگەیاند نابێت لایەنێك بە 14 هەزار دەنگ سەركەوتوو بێت لە شارەكە، جەهەپە ئەو قسەیەی ئەردۆغان وەكو پێشێلی بڕیاری گەل دادەنێت.
بەپێی راپرسییەك كە دوای هەڵبژاردن لە ئیستەنبوڵ كراوە، رێژەی 70% ی دانیشتووانی ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەوە دانین هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.