وەزیری دارایی لەبارەی وەرگرتنەوەی پێشینەكان و دانەوەی پاشكەوت بڕیاریدا

ئابوری 11/04/2019


چاودێر
وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، هیچ بەرنامەیەكمان نییە پێشینەكان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە و ئەگەر حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدانەوەی مووچە دەبێت بەشە زۆرەكەی حكومەتی عیراق ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرێت.
رێباز حەملان، وەزیرى دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، بەدەنگی كوردی ئەمریكای راگەیاند: ئێمە كاتی خۆی شتێكمان وت بەهەڵە "تەفسیری بۆ كراوە" ئەویش وتمان، وەرنەگرتنەوەی پێشینەكان بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت بوو، بەڵام كە ئێستا نەماوە دەبێت دەست بكرێتەوە بە وەرگرتنەوەیان، بەڵام نەمانوتووە لەئێستادا، بۆیە هەموو ئەو هەواڵانە هی سۆشیاڵ میدیا و سەرچاوەی نادروستن، ئەگەر نا ئێمە لەئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نییە پێشینەكان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە و هیچ ڕێنماییەكیشمان لەوبارەیەوە دەرنەكردووە، وتومانە لەداهاتوو كە دۆخی موچەخۆران و هەرێمی كوردستان چوەوە سەر سكەكەی خۆی، لەم كاتەدا هیچ بەرنامەیەكمان نیە وەریبگرینەوە ."
وتیشی "لەهیچ فراكسیۆنێك و پەرلەمانتارێكەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی وە ئەوەی كە باس دەكرێت كە لەژێر فشاردا بووە ئێمە خۆی هەر بڕیارمان نەداوە لەئێستادا ئەو قەرزانە وەرگرینەوە تا بكەوینە ژێر فشارەوە وە لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە هیوادارم هەموو مووچە خۆران لەوە دڵنیابن، هیچ بڕە پارەمان لەفەرمانبەران نەبڕیووە، چونكە هیچ ڕێنماییەكمان دەرنەكردووە وە بەهەموو گەنجینەكانیشتمان وتووە مووچەی تەواو دابەش بكەن".
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد: لەڕابردوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی درایە پارلەمان بڕگەیەكی ئەو پڕۆژەیە باسی ئەوەیە، وا دەبێت ئێمە لەگفتوگۆكانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغداد لەبیرمان نەچێت كە تەئكید لەوە بكەینەوە، یەكەم هۆكاری پاشەكەوتكردنی موچە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە یەكەم هۆكاری بەغدادە، چونكە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجەشی بڕی، دەبوو هەر موچەی بناردایە، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدانەوەی موچە، دەبێت بەشە زۆرەكەی حكومەتی عیراق ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرێت.