لەمڕۆوە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك بە رووی گەشتیاران دادەخرێت

ئابوری 06/04/2019

 

چاودێر
چاودێر-ئاژانسەكان
جاهید توران، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی توركیا رایگەیاند: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەتاتورك دوایین گەشتی فڕۆكەوانیی ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ شەممە 6-4-2019 گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانە نوێكەی ئیستەنبوڵەوە دەبێت. 
دوای 81 ساڵ لە تەمەنی كاركردنی، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەتاتورك لە ئیستەنبووڵ بۆ هەمیشە دادەخرێت. وەزیری گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند، كاژێر 03:00ی بەیانی ئەمڕۆ گواستنەوەی كەلوپەلەكانی فڕۆكەخانەی ئەتاتورك دەستپێدەكات و بۆ ئەمەش سایدێكی رێگەی نێوان فڕۆكەخانەی ئەتاتورك و فڕۆكەخانەی ئیستەنبوڵ دادەخرێت و تایبەت دەبێت بەهاتووچۆی بارهەڵگرە قورسەكان بۆ گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانە. 
 فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەتاتورك ساڵی 1938 دامەزراوە. ساڵی 1953 بووە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی، ساڵانە 70 تاوەكو 90 ملیۆن كەس لە رێگەیەوە هاتووچۆی دەكرد و رۆژانە هەزار و 300 فڕۆكە تێیدا دەفڕی و دەنیشتەوە. 

لە رۆژی 7-6-2014 بەردی بناخەی فڕۆكەخانەی نوێی ئیستەنبووڵ دانرا، رۆژی 29-10-2018 قۆناخی یەكەمی ئەو فڕۆكەخانەیە تەواوبوو و بڕیارە ساڵی 2027 سەرجەم قۆناخەكانی دروستكردنی كۆتاییان بێت و ئەوكاتە دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان. تێچووی دروستكردنی قۆناخی یەكەمی حەوت ملیار یۆرۆ بوو و كۆی گشتیی تێچووی دروستكردنیشی 26 ملیار و 142 ملیۆن یۆرۆ دەبێت. 
ئەم فڕۆكەخانەیە لە بەشی ئەوروپای ئیستەنبوڵە و لەسەر كەناری دەریای رەشە. شەش فڕگەی هەیە كە درێژی هەریەكیان سێ هەزار و 750 مەترە و پانییەكەشی 60 مەترە. رۆژانە دەكرێت دوو هەزار فڕۆكە بەكاری بهێنن و ساڵانە دەتوانێت‌ 200 ملیۆن كەس لە رێگەیەوە هاتووچۆ بكەن.