وەزارەتی دارایی، قەرز وەردەگرێتەوە و قەرزی مووچەخۆران ناداتەوە

ئابوری 03/04/2019

چاودێر  - تایبەت
بڕیارە لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی 2019، و مانگەكانی دواتر، بڕی قیستی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرە لەفەرمانبەران و مامۆستایان و مووچەخۆران وەربگیرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە دراونەتە (چاودێر)، لەمووچەی مانگی كانوونی 2019، كە لەم مانگەدا دابەشدەكرێت، لەلایەن گەنجینەكانی سەر بەوەزارەتی دارایی، هیچ بڕە پارەیەك وەك قەرزی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە لەمووچە خۆرانی هەرێم نەبڕاوە و وەرناگیرێتەوە، بەڵام لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوباتدا، كە دابەشكردنەكەی دەكەوێتە مانگی پێنج، قیستەكانی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرە، لەفەرمانبەران و مامۆستایان سەرجەم مووچەخۆران دەبڕدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەوانەی پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوبات و ئابدا، بڕی 180 هەزار دینار لەمووچەكەیان دەبڕدرێت كە بۆ ساڵێك دەكاتە بڕی 360 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی پێشینەی خانووبەرەیان وەرگرتووە، هەموو مانگێك بڕێك پارە لەمووچەكانیان دەبڕدرێت.

وەرگرتنەوەی ئەم پێشنیانە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم لەساڵی 2016وە بەسیستمی پاشكەوت مووچەی دابەشكردووە و هێشتا چارەنووسی مووچە نەدراوەكانی ساڵەكانی (2014 و 2015 و 2016 و 2017 و 2018)و سێ مانگی كۆتایی 2019 دیار نییە، و وەزارەتی دارایش بەنیازی وەرگرتنەوەی قەرزەكانیەتی لای فەرمانبەران و مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێم و ئەوەش نیگەرانی لێكەوتۆتەوە.