ئەبو مەنسوڕ مەغریبی، چەندین نهێنی نێوان داعش و توركیا ئاشكرا دەكات

ڕاپۆرت 27/03/2019


ئەبو مەنسوری مەغریبی، كە یەكێكە لە ئەمیر و فەرماندەكانی داعش، چەندین نهێنیی نێوان داعش و توركیا ئاشكرادەكات. ئەو لەم شەڕانەی دواییدا لەلایەن هەسەدەوە دەستگیركراو دواتر بە مەبەستی دادگایی رەوانەی عێراق كرایەوە.
ئەبو مەنسور بەم شێوەی خوارەوە چیرۆكی خۆی لەناو داعش و پەیوەندیەكانی توركیادا دەگێڕێتەوە:

كاتێك لەساڵی 2014 كەدەوڵەتی خەلافەت ڕاگەیەنرا من وەك ئەمیرێكی خەلافەت دەسبەكاربوم دواتر یەكێك بوم لەو چەند هەزار كەسەی كە خۆیان ڕادەستی هێزەكانی سوپای دیموكرات كردو ماوەیەكی زۆر لای ئەوان دەست بەسەربوم ودواتر بۆ دادگایی كردنم ڕەوانەی عێراق كرام.
كاتێك بۆ یەكەمجار پەیوەندیم بەدەوڵەتی ئیسلامیەوەكرد یەكەم كارم كەپێم سپێردرا ئەوەبو كە ئەوانەی لەتوركیاوە دەهاتن و پەیوەندیان بەدەوڵەتی ئیسلامیەوە دەكرد من ناونوسم دەكردن و ڕەوانەی شاری ڕەققەم دەكردن .
لەماوەیەكی كەمدا توانیم متمانەی دەوڵەتی ئیسلامی بەدەست بهێنم و دواتر پلەم بەرز كرایەوە بۆ ئەمیر. من كرامە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خەلافەت با لەپەیوەندیەكانی توركیاوە دەست پێبكەم زۆر جار لەئەنقەرەوە لەڕێگەی هەواڵگریەوەنامەمان پێدەگەشت كەداوایان لێدەكردین یەكتری ببینین وەمن خۆم وەكو باڵوێزێكی دەوڵەتی ئیسلامی لەتوركیا دەهاتە بەرچاو 
لەدانیشتنەكانماندا لەگەڵ توركیا ئەوەمان دەستەبەركرد كە شەڕكەرەكانمان كاتێك لەتوركیاوە دێن نابێت توركیا ڕێگریان لێبكات و بریندارەكانمان چارەسەر بكات ، ئەوانیش بەڵێنیاندا كە ئاسانكاریمان بۆبكەن.
كاتێك بریندارەكانمان دەناردە توركیا تەنانەت سەیری پاسەپۆرتەكانیشیان نەدەكرا ، توركیا هەمو كاتێك دەرگایەكی كراوەبوە بۆ ئێمە ولایەنگران وشەڕكەرانی ئێمە دەیانتوانی بەئاسانی لەڕێگەی خاكی توركیاوە پەیوەندی بەخەلافەتەوە بكەن و هیچ كەسێكیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەدەكرا تەنها توركیا پێویستی بەئاگاداركردنەوەبو لەلایەن ئێمەوە ئەم كارانە تەواو شاراوەو نهێنی بوو كە چەند كەسێك لەناو دەوڵەتی ئیسلامی دەیانزانی
لێتان ناشارمەوەكاتێك دەوڵەتی ئیسلامی پەلاماری شاری موسڵیاندا چەند توركێك لەقونسوڵخانەی توركیا لەلای ئێمە بەبارمتە گیرابون وتوركیا داوایدەكردنەوە و دەیگوت دەبێت ئەو كەسانە ئازاد بكەن لەبەرانبەر ئەمەشدا چیتان دەوێت بۆتانی دەكەین ، ئەوكات ئێمەش بەداواكاریەكەی توركیا ڕازیبوین ، بەمەرجێك كە دەبێت 500 شەڕكەری دەوڵەتی ئیسلامی كە لەلایەن وڵاتانەوە داواكراو بون بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك لەتوركیاوە بچنە ناوخاكی سوریاوە بۆ ئەوەیپەیوەندی بەدەوڵەتی ئیسلامیەوە بكەن، ڕێكەوتنەكەمان زۆر بەنهێنی ئەنجامداو لەكۆتایدا بارمتەكانمان ئازادكرد.
بۆ ماوەی 3 ساڵ زیاتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بوم ویەكێك بوم لەو ئەمیرانەی كە لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە پەیوەندیم لەگەڵ ئەوانەدا دەبەست كە دەیانویست پەیوەندیمان پێوە بكەن و من ڕێنمای تەواوم دەدانێ.
من كاتێك پەیوەندیان پێوە دەكردم دەیانوت ئەوا شەڕكەرێك لەشاری ئەنتابە من دەبوایە پارەم بدایە بەوانەی كە بۆیان دەهێناینە سەر سنوری سوریاو لەوێ تەسلیمی منیان دەكرد منیش لەوێوە ڕەوانەی ڕەققەم دەكردن 
كەسانێكی زۆر لەخەڵكی توركیا بەنهێنی بەیعەتیان بەدەوڵەتی ئیسلامی دابوو تاكو ئێستاش هەر لەتوركیا دەژین بەڵام چەكدار نین تەنها ئیشیان بۆ ئێمە دەكرد.
چەكدارە بیانیەكان ژمارەیان زۆر بوو ئەوانەی لەئەفریقاو ئەوروپاوە هاتبون ژمارەیان نزیكەی 4 هەزار شەڕكەر بون ، ژمارەی داعشە تونسیەكان كە لەهەمویان زۆرتربوو نزیكەی 13 هەزار شەڕكەربون و ژمارەی داعشە لیبیەكان كەم بون نزیكوی هەزار كەس بون چونكە داعش خۆی لەوێ بەرەیەكی جەنگی كردبۆوە كە داعشە لیبیەكان لەوێ سەرقاڵ بون ، بێگومان ئەم ئامارانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵ 2015 ئەوكات خەڵك بەگەرمو گوڕی پەیوەندی پێوە دەكردین ئەوكات من ناوی هەمویانم دەنوسی و ڕەوانەی شاری ڕەققەم دەكردن بۆیە بەباشی ئامارەكان دەزانم.
دەمەوێت باسی ئەو ژنانەش بكەم كە لەتوركیاوە دەهاتنە نێو خاكی سوریاو ئەوانەی كە هاوسەرگیریان نەكردبوو ڕاستەوخۆ دەنێردرانە ڕەققەوئەوانەشی كەهاوسەرگیریان كردبو دەیانبردنە لای هاوسەرەكانیان.
ئەوانەشی كەهاوسەرەكانیان لەگەڵبو هاوسەرەكانیان دەچونە شەڕەوە یاخود دەنێردران بۆ سەربازگەكان بۆ ئەوەی پەروەردە بكرێن هاوسەرەەكانیان دەنێردرانە میوانخانەی خەلافەت تاكو هاوسەرەكانیان دەگەڕانەوە.
ئەوە لای خەڵافەت بەزۆرە ملێ بوو كەكەسێك تازە پەیوەندی بكردایە دەبوایە ماوەی چەند هەفتەیەك لەسەربازگەكان پەروەردە بكرێت ڕاهێنانیان پێبكرێت .
دواتر ئایدۆلۆژی دەوڵەتی ئیسلامی فێردەكرا بۆ ئەوەی ڕابردوی خۆی لەبیر بكات.
لەناو ئەو كەسانەی كە پەیوەندیان پێوە دەكردین كەسانی ئاستبەرزی تێدابوو كە خاوەنی بڕوانامەی بەرز بون و كەسانی وای تێدا بوو كە 5 زمانی دەزانی .
لەناو دەوڵەتی ئیسلامی بەپێی زانین و زانیاری خۆت كاریان پێت دەدا لەهەر بوارێكدا شارەزایت هەبوایە لەو بوارەدا كارت دەكرد بەڵام لەهەمویان زیاتر خەڵك بواری سەربازی و شەڕكردنیان هەڵدەبژارد كە بەبڕوای ئەوان ئەوە ئەو شتە بوو كە ئەوان بۆی هاتبون و لەپێناویدا دەیانویست شەهید ببن .
لەساڵانی 2014 بۆ 2015 ئەوانەی دەیانویست لەپێناو دەوڵەتی ئیسلامیدا گیان فیدا بكەن زۆر بون كە من سەرپەرشتیم دەكردن ناوم دەنوسین ئەوكات ژمارەی خۆبەخشەكانمان گەشتبوە 5 هەزار خۆبەخش.
ئەمانە لەكەمپەكاندا پەروەردە نەدەكران چونكەئەمانە لەو كەسانە بون كە خۆیان بۆمب ڕێژ دەكردو لەهەرناوچەیەك پێویستمان پێیان بوایە بەپشتوێنی بۆمب ڕێژ كراوەوە بەرەو دوژمن دەڕۆشتن و خۆیان دەتەقاندەوە و شەهید دەبون .
بەڵام من لەگەڵ ئەو بڕیارەی خەلافەت نەبوم چونكە هەر ئەم كردەوانە بون كە خەلافەتەكەی ئێمەیان لاواز كرد وئیتر كەسانی ئاسای لەدەوڵەتی ئیسلامی دەترسان و خەڵك بۆ پەیوەندی كردن بەخەلافەتەوە ژمارەیان ڕوی لەكەمی كرد.
بەپێی ئەو داتایانەی كە لای من بون ژمارەی ئەو داعشانەی كە لەوڵاتانی جیهانەوە پەیوەندیان بەدەوڵەتی ئیسلامیەوە كردبو گەشتە نزیكەی 35 هەزار شەڕكەر دوای ئەم ساڵە بەهۆی كردەوە قێزەونەكانی خەلافەت لەسەر بڕین و كوشتنی خەڵكی بێتاوان ئیتر ژمارەی ئەوانە ساڵ بەساڵ ڕوی لەكەمی دەكرد ، ساڵی 2018 ئیتر گەشتە بنبەست.
وەك لەپێشتر باسمكردبو كە ئێمە لەگەڵ توركیا پەیوەندیەكی باشمان هەبو چەند جارێك لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری وسەربازی توركیا كۆبونەوەمان ئەنجامداو لەگەڵ یەك گەشتینە ڕێكەوتنی باش كە بۆ هەردولا سودمان لێوەردەگرتن.
كۆبونەوەكانیشمان بەشێوەیەكی نهێنی لەسەر سنور لەناو بارەگاكانی توركیا ئەنجامدەداو ، جاری واهەبوو هەمو هەفتەیەك كۆبونەوەمان ئەنجامدەدا  جاری واش هەبوە هەمو ڕۆژێك كۆبونەوەمان ئەنجامداوە بەپێی پێویستی و گۆڕانكاری لەناوچەكەدا ، جارجارەش لەناو جەرگەی توركیا كۆبونەوەمان ئەنجامداوەوەك لەشارەكانی ئەنتاب وئەنقەرە، كاتێك بیان ویستایە كە چاویان بەئێمە بكەوێت ئەوا ئۆتۆمبێلێكیان دەنارد بە شوێنمانداو پارێزگاریان لێدەكردین و بەسەلامەتی دەیانهێناینەوە.
جارێكیان لەئەنقەرەوە نامەیەكمان لەڕێگەی هەواڵگریەوە پێگەشت كە دەیانویست لەئەنقەرە كۆبونەوەكان ئەنجام بدەین كە كەسێكی پلەبڵا بەمنی ڕاگەیاند كە ئەمجارە كۆبونەوەكان جیاواز دەبێت چونكە سەرۆك كۆمار( ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) دەیەوێت لەگەڵتان كۆبێتەوە                                             
من زانیاریم لەكەسێك وەردەگرت كەناوی (محەمەد هەدود ) بو كەبەرپرسی مەجلیسی شورای هەمو دەوڵەتی ئیسلامی بوو بەرزترین دەسەڵاتی هەبو كە بەڕەگەز عێراقی بوو .
تاكو ئێستا چەند خولەكێك چاوم بەئەبوبوكر بەغدادی كەوتوە كە هیچ كەسێك نەیدەتوانی لەنزیكەوە قسەی لەگەڵ بكات تەنها لەڕێگەی تۆماری دەنگی و ئامێرە ڕادیۆیەكانەوە قسەمان لەگەڵ دەكرد تەنها گوێمان لەدەنگی دەبوو ئیتر ڕوخساریمان نەدەدی .
 ئامانجی هەرەگرنگی توركیا كەلەگەڵ ئێمە دانوستانی دەكرد تەنها دەیویست كەهێزەكانی ئێمە لەسەر سنورەكانی توركیاو سوریا بونی هەبێت وئەو سنورانەی بەدەست هێزە كوردیەكانەوەبو دەیویست كە ئێمە بیانخەینە ژێر دەستی خۆمان و توركیاش بەمە زۆر ئاسودەدەبوو بەڵام بۆمان نەكراو نەچوەسەر بۆ ئێمەو توركیاش سەرەنجام خۆمان تواینەوە، ئەردۆگان ئێمەی بۆ دژایەتی كوردەكان بەكاردەهێنا كە توانی لەمەدا سەركەوتو بێت .
تاكو ئێستا توركیا بەئاشكرا چەكی بەئێمە نەداوە چونكە ئێمە پێویستمان نەبو گەر نا ئەو ئامادەبوو كە چەكمان پێبدات لەبەرانبەردا داوای كاری هاوبەشی لێدەكردین .
ئێمە لەناوخۆی توركیا لەعێراق چەكی زۆرمان گرتبوو وە لەلایەن مافیاكانی سوریاوە كە هەمویان بەرپرسی سەربازی بون بۆمان دەهات ، مانگانە بەبڕی 7 ملیۆن دۆلار چەك و پێداویستی سەربازیمان بۆ دەهات داهاتی باشمان هەبوو كە مانگانە بەبڕی 15 ملیۆن دۆلار نەوتی ڕەشمان دەفرۆشت لێشمان زیاد بوو بۆیە پێویستمان بەتوركیا نەبو .
لەگەڵ توركیا كەوتینە مامەڵە لەسەر بریندارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی كە ئەمبولانسیان بۆ دەناردین ولەباشترین نەخۆشخانەكانی توركیا چارەسەردەكران پارەی چارەسەرەكانیان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەو ە دابیندەكرا بەڵام زانیاری م لەسەر بڕەپارەكە نەبوو .
لەگەڵا دەوڵەتی توركیا لەسەر مەسەلەی ئاوی بەنداوەكان ڕێكەوتبوین بۆ ئێمە زۆر پێویست بوو چونكە هەم كارەبامان لێبەرهەم دەهێناو هەم بۆ خواردنەوە و هەم بۆ كشتوكاڵیش پێویستمان بوو ڕێكەوتنەكەمان بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بوو ئامانجمان لەو ڕێكەوتنانە ئەوە بوو دەمانویست كە دەوڵەتی ئیسلامی پارێزراو بێت و لەئارامیدا بژی و گەشە بكات ئێمە هەرگیز توركیامان وەك دوژمنی خەلافەت نەدەبینی بەڵكو بەپێچەوانەوە یارمەتیدەرێكی زۆر باش بوو بومانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی  ئێمەش پەیمانمان دابوو كە چالاكیەكانمان لەتوركیا ڕابگرین و بەهیچ شێوەیەك زیان بەدەوڵەتی توركیا نەگەیەنین.
دەوڵەتی ئیسلامی بەشی هەرەزۆری نەوتەكەی بەتوركیا دەفرۆشت و بەشێكی كەمیشی دەدایە دەوڵەتی سوریا ، لەڕێگەی بۆری و تەنكەری نەوتەوە دەگوازرانەوە لەڕێگەی چەند بازرگانێكەوە ئەنجامدەدرا.
سەبارەت بەناوچەی سلێمان شا كەكەوتە ژێر دەستی داعش  كە ئێمە هەرخۆمان ناوچەكەمان بۆ چۆڵكردن و دەوڵەتی توركیا یەك فیشەكی بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچەیە نەتەقاندوە و خۆمان ڕێگەماندا كەبێنە ناوچەكەو نەماندەویست توركیا لەخۆمان توڕە بكەین.
توركیا پێیان دەوتین كە نابێت لەسەر سنور بەشێوەی گروپ دەربكەون چونكە ڕاگەیانكارەكان دەتان ببینن و كێشە بۆ توركیا دروست دەبێت ، بۆیە بەشەو لەسەر سنورەكان هاتوچۆمان دەكرد ، هاتنە ناو توركیا زۆر ئاسانتر بوو وەك لەگەڕانەوە ئەمان هەمویان لەسەردەستی قاچاخچیە توركەكان ئەنجامدەدرا كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەهەواڵگری توركیاوە هەبوو .
لەڕاستیدا ئەنقەرە وەك باڵوێزخانەیەكی داعش دەبینرا لەساڵی 2016 سەردانی ئەنقەرەم كرد توركیا دەیویست كۆبونەوەیەكی فراوان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی لەسەر هەمو كێشەكان قسە بكەین ، هەواڵگری پێی ڕاگەیاندم كە سەرۆك كۆمار داوای ببینینی تۆ دەكات دەبێت ماوەیەكی زۆر بمێنیتەوە .
پێش ئۆپەراسیۆنەكەی مینبج توركیا ووردە وردە دەیویست خۆی لەداعش دور بخاتەوە بۆیە ناچار ئێمەش لەهەوڵی ئەوەدا بوین كە پەیوەندیەكانمان لەگەڵا توركیا كۆتایی پێنەهێنین چونكە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو .
لەوێ چاوم بەبەرپرسانی باڵای هەواڵگری كەوت و منیان بردە ئۆتێلێك لەپایتەخت ، بەڕاستی ئەوە یەكەمجارم بوو كە بەرانبەر توركیا هەست بەترس بكەم وامدەزانی دەمكوژن .
لەدوای داگیركردنی منبج لەلایەن توركیاوە گۆڕانكاری گەورەلەپەیوەندیەكانی ئێمەو توركیا ڕویاندا بیركردنەوەی توركیا بەرانبەر ئێمە گۆڕانكاری بەسەرداهات ‌ توركیا دەیویست ناوچەیەكی ئارام لەسنوری توركیا وسوریا دابمەزرێنێت دەیانویست بەدرێژی 60 كیلۆمەتر و بەپانتایی 10 كیلۆمەتر بێنە ناو خاكی سوریاوە كە ئەوكات بەدەست هێزەكوردیەكانەوە بوو چۆن كوردەكانی وەك مەترسی دەبینی ئیتر داعشیشی وەك مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی توركیا دەبینی .
كاتێك پەیوەندیەكان پێچەوانە بۆوە لەگەڵ توركیا لەو كاتەدا لەتوركیا چەند تەقینەوەیەك ڕویاندا لەفڕۆكە خانەو لەچەند ناوچەیەكی تری توركیا وایاندەزانی كە ئێمە ئەنجاممانداوە بەڵام ئێمە نەبوین  ئەوە چەند كەسێكی ناو هەواڵگری توركیا بوو كە ئەنجامیاندابو بۆ ئەوەی ئەردۆگان لەئێمە دور بخەنەوە و پەیوەندیەكانمان كۆتایی بێت دواتر توانیان سەركەوتو بن لەوەدا و پەیوەندیەكانمان تێكچوو .
زۆربەی زۆری هەواڵگری توركیا دەیانویست كە ئەردۆگان لەئێمە دور بخەنەوە بەڵام ئەردۆگان بەهۆی ئەو مەیلە ئیسلامییەی كە هەیبوو بەرانبەر ئێمە هیچ كات نەیدەتوانی بەتەواوی دەستمان لێبەربدات ئێمەش دەمانزانی كە ئەو هیچ كات دژی ئایدۆلۆژی ئیسلامی ڕاناوەستێت.

 

سەرچاوە: ئاڕتی توركی
و. لەتوركیەوە: هاوكار فایەق