دۆكیۆمێنتێكی ئاڵای شۆڕش لەچوارەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا

ڕاپۆرت 25/03/2019



16/3/1992، ئاڵای شۆڕش كە ئەوكات ناوی كۆمەڵەی سۆشیالستی كوردستان بوو، لەچوارەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو روداوەكانی ئەوكات، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە خوێندنەوەیەكی واقیعی و دورمەودا بۆ روداو و پێشهاتەكانی ئەوكات دەكات، سایتی چاودێر بە مەبەستی خستنەڕووی دیكۆمێنتە میژوییەكان، جارێكی دیكە ئەو بەیاننامەیە بڵاودەكاتەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

كرێكارانی جیهان، یەكگرن!
(بیرەوەری ماتەمینی هەڵەبجەو ئەركەكانمان لەم هەڵكەوتەدا..)
لەچوارەمین بیرەوەری ماتەمینی هەڵەبجەدا، بەناوی سەركرداریەتی كۆمەڵەی سۆشیالیستی كوردستان (عێراق) و تەواوی كادرو ئەندام‌و لایەنگرو دۆستانمانەوە، فرمێسكی پەیمانی سەرخستنی پەیامی شەهیدان دەپرژێنینە سەر ئارامگای هەزاران شەهیدی هەڵەبجەو، بەڵێنبێ‌ لەم پێناوەشدا، گیانی هاوخەباتی‌و ئازادی‌و دوورخستنەوەی كێشەی لاوەكی دژی فاشیەكانی تاوانبار لەكارەساتی هەڵەبجەو سەرجەم كارەساتەكانی كوردستان، دەكەینە تاجە گوڵینەی رازاندنەوەی گڵكۆی شەهیدان.

كرێكاران!
جەماوەری خەمباری كوردستان!
چوار ساڵ لەمەوبەر، كاتێك تەنگ‌و چەڵەمە ئابوری‌و كۆمەڵایەتی، عەسكەری‌و سیاسییەكانی عێراق قوڵ دەبون‌و دەگەیشتنە رۆخی تەقینەوەی كۆمەڵایەتی‌و، بەمەش روداوەكان بەفشاری كوشتارو ئەشكەنجە لەچوارچێوەی تەنگ‌وچەڵەمەكان خەریك بوو بترازێن‌و ژانیان بەگۆڕانی شۆڕشگێڕانە دەگرت، لەهەلومەرجێكی وادا، شاری هەڵەبجە بەحوكمی دڵسۆزی خەڵكەكەی‌و لەباری شوێنەكەی‌و تاقیكردنەوەی رابوردوی، مێژوو هەڵیبژاردبوو ببێتە پێشەنگی گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانە لەكوردستان‌و، بەڵام تێكەڵاوبونی روداوەكان لەناو جەنگی عێراق – ئێراندا، لایەنی زیانیان بەسەر لایەنی گەشی خەباتدا زاڵكردبوو، بۆیە كە فاشیەكان هەستیان بەمەترسیەكانی سەرەتای خرۆشانی خەڵك دژی جەنگ ‌و فاشیەت كرد لەترسی تەشەنەنەسەندنی مەترسیەكانی بۆ سەر چارەنوسیان، هەندێ‌ هەڵەی سیاسی‌و تاكتیكی عەسكەریان لەناو جەنگەكەدا لەكوردستاندا كردە بیانوی فاشیانەیان‌و بەوپەڕی رقی شۆفێنیستانە رۆژی (16/3/1988) پێشوازی لێكردنی نەورۆزی كوردستانیان لەگەڵ كورد كردە جەرگبڕترین رۆژی نەتەوەیی كوردو.. هەڵەبجەیان كیمیابارانی بەعسیانە كرد. بەمەش هەڵەبجە كرایە میراتگری دوا كارەساتەكانی بەشەریەت لەكۆتایی جەنگی سارددا، كە هەر لەپەنای ئەم جەنگە ساردەدا، رژێمە دیكتاتۆرەكان لەلایەن زلهێزەكانەوە لەدوو روانگەی سەرمایەداری جیاوازەوە بەچەكی كوشندە تەیار دەكران، بۆیە كارەساتی هەڵەبجە، پەڵەیەكی نەگریسە بەناوچاوانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی‌و لەكاتی كارەساتەكەدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاویان لێپۆشی، بەڵام كە سەدام لەكوێتدا بەرژەوەندی خستنە مەترسیەوە، هەڵەبجەشیان بیركەوتەوە.
بۆیە گەلی كوردستان مافی خۆیەتی سۆراغی هۆی ئەو چاوپۆشینە لەرای گشتی جیهان بكا، تەنانەت دوای روخانی رژێمی فاشستی عێراقی، بەڵكو دەبێ‌ زیانەكانی كارەساتەكانی كوردستانیش بەو كۆمپانیانە ببژێردرێتەوە كە سەدامیان چەكداری كیمیایی كرد.


جەماوەری قارەمان!
دوو ساڵ لەمەوبەر، لەدووەمین بیرەوەری مەرگەساتەكەی هەڵەبجەدا دوپاتمان كردەوە كەوا هۆی كارەساتی هەڵەبجە تەنها بۆ شۆڤێنیەتی بەعسی بەرامبەر بەكورد ناگەڕێتەوە، بەڵكو لەڕاستیدا بۆ فاشیەتی بەعسی دەگەڕێتەوە. لەسەر ئەو پێودانگەش، گوتمان مادام رژێم فاشییە، كەواتە، لەشارە عەرەب نشینەكانیشدا هەست بەمەترسی بكا، لەكارەساتی گەورەی وەكو هەڵەبجەو باقی ناوچەكانی كوردستان، ناسڵەمێتەوە، زۆری نەبرد روداوەكان راستی بۆچونەكەیان نەك لەشارە عەرەب نشینەكانی عێراقدا، بەڵكو لەدەوڵەتێكی دراوسێی عەرەبیشدا، (كوێت) سەلماند. هەربۆیە ئێستا دەتوانیت بەدڵنیاییەوە بڵێین كەوا: مەرگەساتی هەڵەبجە لەفاشیەتی رژێمەوە سەرچاوەی گرتووە. قەبارەی كارەساتەكەش بەڵگەی جۆشخواردنی قینی روو لەتەقینەوەی هەناوی خەڵك بوو، لەوكاتەدا، بەڵام هەلومەرجی تەقینەوەكە لەو دۆخەدا، وەكو راپەڕینی بەهاری پار نەڕەخسابوو. هەربۆیە بەعسی بەو دڕندایەتیە هەڵیكوتایە سەر هەڵەبجە.

كرێكاران‌و زەحمەتكێشان!
جەماوەری قارەمان:
لەم بیرەوەرییە بەخوێن زاخاودراوەدا، لەم هەڵەبجە هەڵچوەی سوێی كۆتایی سەدەی بیستەمی مرۆڤایەتیدا دەشی لەم ئازادییەی دوای راپەڕین، ئازادانە بپرسین:
ـ ئایە دوای هەڵەبجە، بەڵكو دوای روداوەكانی كوێت‌و كارەساتەكانی شارەكانی خواروو عێراق‌و كۆچەكەی گەلی كوردستان، ئایە دەشێ‌ ئەم رژێمە فاشییە، ئەم داگیركەرە دڕندەیە. لەژێر تەوژمی روداوەكاندا ببێتە دیموكراسی‌و دیموكراسیەكەشی بگەیەنێتە رادەی سەلماندنی مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كوردستان؟
بێگومان، رژێمی فاشی، هەرگیز ناشێ‌ ببێتە دیموكراسی‌و، بەڵكو ئەستەمیشە ببێتە دیموكراسی! 
ئالێرەدا، لەچاوەڕوانی سەرەنجامێكی ستەم ئامێزی ئاوادا بۆ بەعس، لەهەڵەبجەی كوردستان‌و لەكوردستانی جارێ‌ نەپارێزراو روونەدانەوەی كارەساتی دیكەی وەكو (هەڵەبجە) و گەلی (بازێ‌) و ناوچەكانی دیكەی كیمیاباران كراودا، ئەركی پەرلەمان لەم هەڵكەوتەی بۆمان هەڵكەوتووە.. بۆ روونەدانەوەی كارەساتی دیكەو بۆ تۆڵەسەندنەوەی كارەساتەكانیش چییە؟
ئێمە پێمانوایە ئەم چاوەڕوانییە بێ‌ دەسكەوتە تاساندی لەسەر خۆی ئازادییەكەی پاش راپەڕینە. نابێ‌ ئازادییەكە وەكو گوڵێكی بۆنخۆش سەیر كەین.. چونكە تەمەنی كورتە! دەبێ‌ بەدەسكەوت‌و خزمەتكردنی جەماوەر، داری ئازادی بكەینە دارستانی ئازادی. دارستانی رەگو ریشە داكوتراو بەناخی خاك‌و زەحمەتكێشاندا.
ئەمەش وا پێویست دەكا لەچۆنیەتی پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین‌و جێبەجێكردنی باقی ئەركەكانی راپەڕین لەناو كوردستاندا لەئاستی قۆناغی نوێی پاش راپەڕینی گەلەكەمان بین. ئەم قۆناغە نوێیە، سیاسەتی نوێ‌‌و بڕیاری نوێ‌‌و لەخۆبوردنی نوێشی دەوێ‌. گەر دەركی ئەركی نوێی سەرشان نەكەین‌و نەكەوینە خۆمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان: كێشەی دیموكراسی. كێشەی ئابوری، كێشەی كۆمەڵایەتی‌و كێشەی عەسكەری، هەرگیز ناتوانیت تەنانەت بۆ شەهیدانی هەڵەبجەو بادینان‌و تەواوی شەهیدانمان دڵسۆزیش بین، چ جای بۆ سەركەوتن‌و ئازادی، لەم پێناوەشدا پێویستە:
ـ خەڵك ببێتە خاوەن دەسەڵاتی دیموكراسی بێ‌ قەیدو شەرتی خۆی.
ـ كارگەكان بخرێنەوە كارو بەرهەمیان زیاترو هەرزانتر بكرێ‌.
ـ سەرو سامانی گەلەكەمان‌و كوردستان بپارێزرێ‌.
ـ بێ‌ كاری‌و گرانی‌و برسێتی نەمێنێ‌.
ـ فرە لەشكری‌و فرە كوێخایەتی كۆتایی پێ‌ بێ‌.
ـ ئازادی راگەیاندن لەسەر رۆژنامەكان، ئیزگەكان، تەلەفزیۆنەكان‌و كۆڕو كۆمەڵدا، بچەسپێ‌.
ـ بودجەی دارایی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان، رێكخراو، پیشەیی‌و رۆشەنبیرییەكانی، دەزگا كۆمەڵایەتی‌و یاسایی‌و ئابوریەكان. هی ناو بەرەی كوردستانی‌و دەرەوەی بەرەی كوردستانی، بەپێی پێویست دابین بكرێ‌..

ئەی خەڵكی كوردستان!
تەنها بەو دەستكەوتانە لەم هەلومەرجەدا دەتوانین جەماوەر لەدەوری رێبازی راپەڕیندا كۆبكەینەوەو لەپێناوی روخاندنی رژێم‌و هێنایە كایەی دیموكراسی‌و ئازادی بێ‌ قەیدو شەرت بۆ كرێكاران‌و زەحمەتكێشان‌و مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كوردستان، ئاراستەیان بكەین.
لەبیرەوەری ماتەمینی كارەساتی هەڵەبجەدا، دەبێ‌ هەموو لایەك لەژێر پەردەی دروشم‌و شیعر هۆنینەوە رزگارمان بێ‌‌و بەكردەوە خزمەتكردنی خەڵك بكەینە ئامانجمان، هەر ئەمەش وەفای راستگۆیانەیە بۆ شەهیدان.. بۆ شاری هەڵەبجەو بۆ پاشەرۆژمان.
ـ نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدان
ـ بژی ئازادی‌و دیموكراسی
ـ بژی سۆشیالیزم


كۆمەڵەی سۆشیالیستی كوردستان (عێراق)
مەكتەبی سیاسی
16/3/1992