عاكوب موسڵی بەجێهێشت و گەیشتە هەولێر

کوردستان 23/03/2019


چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرایان كردوە ئەمرۆ شەممە نەوفەل عاكوب پارێزگاری نەینەوا شاری موسڵی بەجێهێشتوەو گەیشتوەتە هەولێر 
بەگوێرەی سەرچاوەكان عاكوب لە ئێستادا لە شاری هەولێرەو بەنیازە عیراق بەجێبهێڵێت و رووبكاتە دەرەوەی وڵات بەڵام لە ئێستادا پاسپۆرتەكەی عاكوب بەسەرچوە.
باسیان لەوەشكردوە عاكوب دوای ئەوەی چەند سەركردەیەكی سیاسی پەیوەندییان پێوەكردوە كە سبەینێ لە دانیشتنی پەرلەمانی عیراقدا دەنگ بۆ دوورخستنەوەی دەدەن لە پارێزگاری نەینەوا، شاری موسڵی بەجێهیشتوەو گەیشتوەتە شاری هەولێر.
رۆژی هەینی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانێكی دیوانی دەركرد بۆ پێكهێنانی شانەیەكی قەیران لە پارێزگای نەینەواو سەرجەم دەسەڵاتەكانی نەوفەل عاكوب ی راگرت تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە رووداوی كەڵكەكەی شاری موسڵ كە دەیان كەس بوونە قوربانی ئاشكرا دەبێت.
سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرەبەیانی ئەمرۆ پێشنیازێكی دیكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی نۆێنەرانی عیراق كردو داوای لێكردن دەنگ بۆ لابردنی پارێزگاری نەینەواو هەردوو جێگرەكەی بدەن .