ئەدەبیاتی عێراق لە جیهاندا

ڕەخنەی چاودێر 23/03/2019

ڕەخنەی چاودێر

حەسەن بلاسم، چیرۆکنووسێکی عێراقییە، کە بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی وەرگێڕدراون و چاپ و بڵاو بوونەتەوە.


گرنگترین ناوەڕۆکی چیرۆکەکانی ئەو بریتییە لە واقعییەتی جەنگ و دوورخرانەوە و کاردانەوەی لە میدیا هەواڵییەکاندا. چیرۆکەکانی ئەو تێکەڵەیەکن لە دڵەڕاوکێ و هونەر، خرۆشان و کارانەوەی میدیایی. ئەو لەم ڕێیەوە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتوکوشتار لە میدیادا دەیەوێت سەرنجی خۆێنەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
حەسەن بلاسم دەڵێت: "زۆربەی نووسەرانی عێراقی دەڵێن ئەدەبیاتی گێڕانەوە توانای کارەساتی جەنگە ناخۆیییەکانی نییە. دەگونجێ من خۆم بەرگەی ئەم هەموو شەڕ و کوشتنە نەگرم. لەوانەیە دۆزینەوەی بەیانێکی ئەدەبییش بۆ ئەم هەموو کارەساتە کارێکی سادە نەبێت، بەڵام بەهەرحاڵ، ئەمانە هەمووی هەوڵێکی مەزنن و ئەوەیشی کە بەجێی بێنین ئەرکێکی گەورەیە بۆ نووسەر."
بلاسم هەروەها دەڵێت: چیرۆکەکانی من زۆر شەخسین. ڕاستییەکەی سەختە دانیشتن و نووسین. لەبەر ئەوە من خۆشم دێنمە سەر ستەیجەکە بۆ ئەوەی لە دەرەوە تەماشای خۆم بکەم. وا تەماشای خۆم دەکەم کە ئەمە کەسێکی ترە و بە ڕواڵەت جیاوازە لە من، بەڵام هاوکات شتێکی لە من تیا ماوە.
حەسەن بلاسم لە ٢٠١٣ـدا خەڵاتی ئەدەبیی بڵاوکراوەی "ئیندیپێندێنت"ـێ بۆ کۆمەڵەچیرۆکی "عێراقییەکی مەسیحی" بردەوە. ئەو ئێستا کۆمەڵەچیرۆکێکی دیکەی بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی وەرگێڕدراوە و بڵاو کراوەتەوە، بە ناوی: شێتێک لە مەیدانی ئازادی.
حەسەن بلاسم ساڵی ١٩٧٩ لە بەغداد لە دایک بووە.