ساموێل بیکێتی قسەخۆش

ڕەخنەی چاودێر 22/03/2019

ڕەخنەی چاودێر

یەکەمین نمایشکردنی شانۆییی "لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا" بە بێ کێشە نەبوو. تەنانەت ئەگەری هەبوو ئەسڵەن نمایش نەکرێت. نە بڕیار بوو ئەکتەرێکی بەرچاو ڕۆڵی تێدا بگێڕێت و نە کەسێکی نێودار پشتگیریی بکات. نمایشەکە پشتی بە ڕاجێر بلینی ئەکتەر و دەرهێنەر و بودجەیەکی کەم بەست.


هیچ یەک لە ئەکتەرانی یەکەم نمایشی "لە چاوەڕوانی گۆدۆدا" ئێستا زیندوو نیین و هۆڵی نمایشیش چەند ساڵ دوای ئەوە داخرا. بلین لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە شەستەکاندا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرەنسەدا ئەنجامی دا، لە بارەی هێزی ئەم شانۆیییەوە گوتی: "بە خۆمم گوت ئەم بەرهەمە نایابە و دەبێت نمایش بکرێت و بە نرخی گیانیشم بووبێت بەرگری لێ دەکەم."


نمایشکردنی "لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا" لە لەندەنیش، بە زمانی ئینگلیزی، دوو ساڵ پاش نمایشەکەی فەرەنسە، بە دەرهێنەریی پیتەر هۆڵ، جەنجاڵیی لێ کەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هارلۆد پینتەر ئەوکات ٢٤ ساڵی بوو. پینتەر بیکێتی بە "دلێرترین و نەمرترین نووسەری ڕۆژگار" وەسف کرد و لە بەرامبەریدا، بێرنارد لڤین، لەو بارەیەوە نووسی "گەمژەییی بێحەدوحدوود."


پڕۆفیسۆر نیلسۆن، لە گرینگترین ڕایەڵی دنیای ئەمڕۆیە لەگەڵ بیکێتدا، هۆکاری سەرنجکێشیی بیکێت، لە کەسایەتییە تەمومژاوییەکەی ئەودا دەبینێت. نووسەرێک کە بە توندی دوورەپەرێز بوو. ئەو لەگەڵ ئەو باوەڕەدا کە بیکێت "ڕەشبین" بووە، کۆک نییە و دەڵێت: "بیکێت زۆربەی کاتەکان قسەخۆش و کەیفساز و کەسێکی دڵنشین بوو بۆ قسەکردن."