حیکمەتى غوبار
حیکمەتى غوبار
ئهدۆنيس
وهرگێرانى : تهلعهت تاهير
جەستەیەک لە مەنفا نیشتەجێیە :
کامەیان بەرى ئەویتر دەڕنێتەوە ؟
*
دەڕۆم ، بەرەو مەنفا پێشدەکەوم .
هەندێ جار مانگێک یاوەرمە لە شێوەى سێَگۆشەیەک .
هەندێ جاریش هەتاوێک ، لە چەشنى حوشترێکى ماندوو .
*
مرۆڤ تەنیا جەستەى ناباتە مەنفا ،
هەروەها سەردەمەکەیشى دەبا و
ئەو شوێنەیش دەبا کە تیایدا لە دایک بووە .
*
قووڵترین شت کە مەنفا فێرت دەکا ، ئەوەیە :
لە لێکدژییەکى بەردوام بیت لەگەڵ خۆتدا .
*
مەنفاش وەکو ( با ) عەقڵێکە ،
داواى حیکمەت ناکا ،
تەنیا لە غوبار نەبێت .
*
شیعرت دەستپێمەکە ،
تەنیا لە دەستپێکردنى ئەو ساتە نەبێ ،
کە هەستت کرد نەفى کراویت .
*
رەنگە شاعیر لە مەنفادا ،
تواناى ئەوە دەسەبەر بکا :
خۆى لە قسە باوەکان بەدوور بگرێ .
*
ویستى دەرچوون لە مەنفا /
ئەمە تایبەتمەندى یەکەمە لە نوسینى عەرەبیى ئێستادا ،
ئەمەش پێشوەخت ، نوسینێکى باوە .
ترس
*
تیرۆر ساردە .
لەگەڵ ئەوەشدا ، تەنیا بە ئەوپەڕى ساردى خۆى گەرمدەکاتەوە :
مردن .
*
ترس لە جەستەدا ، چرایەکى نهێنییە .
*
شەقامى چۆڵ : تیرۆرێکى ( نادیارە ) و
ترسێکى ( دیارە ) .
*
ئەوکاتەى جوانى دەستهەڵدەگرێ لە ( تیرۆر ) کردنى ئەوانەى سەیرى دەکەن ،
ئەو کاتە دەستیکردووە بە کوژانەوە .
*
لە هەموو پەراوێزێکدا ،
( تیرۆرکردنى ) ناوەڕۆک هەیە .
*
کێ لە بەفر ( ترساوترە )
کە خۆى بۆ داپۆشینى گوڵەکان تەرخان دەکا .
*
لە ( با ) دا ،
عەتر ( تیرۆرکردن ) و ( سەلامەتى ) خۆى دەدۆزێتەوە .
*
شیعر ( دڵنەوایى ) دەداتە خەیاڵ و
زمان ( دەترسێنێ ) .
*
درۆ ( تیرۆرکردنى ) راستگۆییە و
جەهلیش ( تیرۆرکردنى ) زانستە .
*
پێم بڵێ ( تیرۆرت ) چییە ،
پێت دەڵێم لە چى ( دەترسى ) .
*
ئەو جوانییە بناسە کە بێجگە لە( تیرۆرى ) خۆى ،
هیچیتر بەرهەم ناهێنێ .
*
( ترسى ) سروشت ،
رێخۆشکەرە بۆ ( تیرۆرى ) خوو .
*
( ترس ) ، ئایا چرپاى ( تیرۆرە ) ؟
سەرچاوە : کتێبى ( سەرى زمان جەستەى بیابان )