بۆچی بەكارهێنانی مۆبایل خراپە بۆ منداڵ؟

تەندروستی 19/03/2019

چاودێر: تابان رەزا

بەكارهێنانی  مۆبایل  بەمەبەستی  یاریكردن و كات بەسەربردن بۆتە دیاردەكی باو لەنێو منداڵاندا، رۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاری دەهێنن، ئەمەش  بەشێوەیەكی گشتی زیان بە جەستە و بەتایبەتیش بە چاو دەگەیەنێت، لە بارەیەوە  د. ماكۆك محەمەد، پزیشكی  پسپۆڕی نەخۆشیەكانی چاو، دەڵێت"  بەكارهێنانی شاشەی مۆبایل لە رۆژێكدا بگاتە زیاتر  لە دوو كاتژمێر، دەبێتە هۆی نەمانی توانای تەركیزكردن و گوێگرتن و كەمبونەوەی ئاستی تێگەشتن  و فێربون لە قوتابخانە"

زیانەكانی بەكارهێنانی مۆبایل؟
د.ماكۆك محەمەد،پزیشكی نەشتەرگەری و نەخۆشیەكانی چاو، ئاماژەبەوەدەكات، بەشێوەیەكی گشتی بەكارهێنانی شاشەی مۆبایل و ئامێرەكانی تر كە لەلایەن منداڵەوە بەكاریەت ئەگەر  بگاتە زیاتر لە دوو كاتژمێر لە ڕۆژێكدا زیانی بۆ چاو و تێكڕای جەستەی دەبێت. وەكو، وشكبوونەوە و كزانەوەی چاو، چاوتروكاندنی زۆر، سوربوونەوەی سپێنەی چاو، هەستیاربوون بە ڕووناكی و چەندین گرفتی تر، هەروەها سەرئێشە و توندبوونی نێوچاوان، ئازاری شان و مل، نەمانی حەزی تێكەڵبوونی منداڵانی تر و كەمبوونەوەی جوڵە و یاریكردن.
وتیشی،گۆڕانی رەفتار و هەڵسوكەوتی و زوو هەڵچوون، نەمانی توانای تەركیزكردن و گوێگرتن، بەمەش ئاستی تێگەشتن و فێربوونی لە قوتابخانە كەم دەبێتەوە.

ئەو پسپۆڕە، باس لەوەش دەكات، شاشەی ئامێرە زیرەكەكان بە چەند شێوازێك زیان بە چاوی مناڵ دەگەیەنن، بەهۆی دەرچوونی تیشكی زیانبەخش لە شاشەكانیانەوە، بەهۆی بەكارهێنانیان بۆ ماوەیەكی زۆر،  هەروەها لە نزیكەوە سەیركردن، و درەنگ خەوتن، هەموو ئەمانە پێكەوە زیان بەچاوەكە دەگەیەنن.
زیانەكانی تیشكی blue light)  ( چیە؟
د. ماكۆك محەمەد، دەڵێت" تیشكی شینی شاشەی لید زیانی هەیە، چونكە وزەیەكی زۆری تێدایە و ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاربهێنرێت ئەگەری هەیە گرفت بۆ تۆڕی چاو دروست بكات، تیشكی شین (blue light) كاتژمێری بایۆلۆجی مێشك تێكدەدات، بەمەش كاتی خەو و هەستان تێكدەچێت و كاریگەری خراپی بۆ هەموو جەستە دەبێت"
وتیشی، تیشكی شین لە ڕووناكی خۆریشدا هەیە و هەمان زیانی دەبێت ئەگەر ڕۆژانە و بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەر تیشكی گەرمی خۆردا بمێننەوە.
خۆپاراستن 
پێویستە بەكارهێنانی شاشە كەم بكرێتەوە و چاویلكەی دژە تیشكی شین بەكاربهێنرێت. وە لەكاتی چوونە دەرەوەش چاویلكەی فۆتۆ یان پۆلەرایز بەكاربهێنرێت، لە ئێستادا هەندێك لە ئامێرەكان ئۆپشنێكیان داناوە لەسەری نوسراوە (blue light filter) بە چالاككردنی ئەوە كاریگەری تیشكی زیانبەخشە كەم دەبێتەوە، یان كەڤەرێكی تایبەت هەیە دژە تیشكە و دەدرێت لە شاشەی مۆبایل و تابلێتبە كاربهێنرێت.