باڵندە شیعرییەکەی بەختیار عەلی

ڕەخنەی چاودێر 15/03/2019

چەند سەرنجێکی کورت لەسەر شیعری (لە سەدە تاریکەکاندا شەو درێژتر بوو)

شڤان نەوزاد

سەرنجێکی کورت
لە مێژووی کۆن و نوێی شیعردا، وەک باڵندەیەک بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، باڵندەیەک بەر جوانیی خۆی و دەوروبەر دەکەوێت، ڕووداوە جیاواز و سەمەرەکان دەبینێت، بۆنی ترسەکان دەکات، دەست بۆ ئاسۆ دوورەکان درێژ دەکات و کارەساتە نزیکەکان ئەرشیف دەکات. ئەوەی سەرنجی ئەزموونی درێژی شیعری بەختیار عەلی بدات، لە نزیکەوە بەر تارمایی ئەم باڵندەیە دەکەوێت، بۆ نموونە لە شیعری (لە سەدە تاریکەکاندا شەو درێژتر بوو) یاخود لە شیعری (من پیرم)...هتد، لە چەندین گرتە و شوێنی شیعریی تردا سێبەری ئەم باڵندە گەورەیە هەست پێ دەکات.

شیعر وەک پەنجەرەیەک بۆ مێژوو
شیعر وەک هەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی خاڵی نییە لە مێژوو و گەڕانەوە بۆ مێژوو، ئەدەبی بێ مێژوو و داماڵدراو لە مێژوو تەنیا ئەوانە داوای دەکەن کە لە پەیام و گرنگیی ئەدەب وەک چالاکییەکی مرۆیی لە ناو مێژوودا تێنەگەیشتوون، تەنیا ئەوانەش شەڕی دەکەن کە دەیانەوێت ئەدەب لە وەزیفە مێژووییەکەی دەربهێنن و بە تەنیا بژی و هەناسە بدات، بەختیار وتەنی: "ئەدەب لەناو مێژوودا دەژیت". بە درێژایی مێژووی شیعر، شیعر خۆی بە بەرپرسیار زانیوە لە تۆمارکردنی چرکەساتە مێژوییە گەورە و بچووکەکان، بە دیوێک هیچ کات مێژوویەک نادۆزیتەوە شیعری لەگەڵ نەژیابێت، شیعر هەمیشە لە پێشەوەی سەنگەر و لە ڕیزی یەکەمی بەرپرسیارێتیدا بووە، دەتوانین لە مێژووی کۆنی گەلاندا تا پێش هاتنی مۆدێرنێتە، ئەم پەیام و غەمی شیعرە بە درێژایی قۆناغە جیاواز جیاوازەکان بە ڕوونی بخوێنینەوە، وەک دەبینین لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەرکەوتن و هەیمەنەی شیعر بەسەر ڕوانینەکانی دیکە و خوێندنەوەکانی دیکەی ئایین و زانست و فەلسەفە بۆ مرۆڤ و چالاکییەکە مرۆییەکاندا شیعر دەسەڵاتی کراوە و ڕاهای هەبووە بۆ تەعبیرکردن، بۆ نموونە ئەوەی ئەمڕۆ بە زانست و بە زمانی زانست دەنووسرێت لە چاخەکۆنەکاندا بە شیعر نووسراوان...هتد.
لە تەک ئەم بابەتەدا دەستوپەنجە لەگەڵ مێژووی شیعری کوردی نەرم دەکەین، بە وێنەیەکی هەمەکی مێژووی شیعری کوردی لە قۆناغی کلاسیکەوە تا شیعری دوای ڕاپەرین بریتییە لە تۆماری مێژوویی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵاتی و ئەو ئارێشانەی هاتوونەتە پیش دەمی پێشکەوتنی سیاسی و خەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی، ئەم هەوڵەش بە دوو ئاڕاستە نمایندە بووە، یەکەم: خۆی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا دەبینێتەوە بریتییە لە دەرگیربوونی ڕاستەوخۆی مێژووی ڕووداوەکانە وەک خۆی بە شیعر، وەک لای (ئەحمەدی خانی)دا دەیخوێنینەوە. دووەم: چنینەوەی ڕووداوە تراجیدییەکانە، ب ەواتایەک گێڕاوەنەوەی وردی مێژوو نییە بە شیعر بەڵکو ورد ئاوەڕدانەوەیە یان دەتوانم بڵێم "هەڵڕشتنی بیرەوەریی"ە بە شیعر وەک لای شێرکۆ بێکەس دەیبینین.

بەختیار عەلی و مێژوو
ئەوەی ڕووکەش و سەتحییانە بەختیار عەلی خوێندبێتەوە ڕاستەوخۆ بە مێژوونووسی ناودێر دەکات، مێژوو نووساوە بە نووسینی بەختیار عەلی، وەک چۆن شێرکۆ بێکەس بەبێ سێکوچکەی (ناو، شوێن، کات) ناتوانێت بنووسێت، بەختیاریش لە ئەدەبی خۆیدا بە تایبەت لە ژانری ڕۆماندا مێژوو قورسایی خۆی دەخاتە نێو تێکستەکەوە و شوێن و پانتاییەکی فراون داگیر دەکات، بە تەرزێک هەندێک جار خەریکە ئەدەبەکەی دەکاتە قووربانیی مێژووی هاوچەرخ، ئەگەر چی بەختیار عەلی نووسەری پێش ڕاپەرین و ساڵەکانی هەشتایە، بەڵام چالاکیی بڵاوکردنەوەی دەکەوێتە دوای ڕاپەرین و ئێمەش لە کاتیگۆری خۆماندا بە نووسەری دوای ڕاپەرین پوڵێنی دەکەین.
ئەزموونی شیعریی ئەم نووسەرە، ئەزمونێکی قەشەنگە (مێژوو، ڕەخنەی سیاسی، نیشتیمان، عەشق، ڕامان لە مرۆڤ و هەڵکۆڵینی فەلسەفی...هتد) لەگەڵ چەندان بابەتی دیکە پڵۆتی ئەزموونی ئەم شاعیرەن بە زمانێکی تیژ و قەشەنگ، بە داڕشتنێکی ورد و هونەری، بە دیدێکی سەراپا ڕەخنەیی و فیکری بە کۆ کەشتی شیعری ئەم نووسەرە پێک دەهێنن.
هەڵبەت ئەوەی مەبەستمە لەم نووسینە کورتەدا تیشکی تێ بگرم یەکێکە لە شیعرەکانی بە ناوی (لە سەدە تارکەکاندا شەو درێژتر بوو) لە کۆمەڵە شیعری (ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتیی دوژمن)ی نەوسەر کە لە ساڵی (۲۰۰۹) بڵاو بووەتەوە، ئەم دەقە ئاوڕدانەوەیەکی قەشەنگی ئەدەبییە بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە مێژووی دوور و کۆن بە گەمەیەکی بەرزی زانەوانی.

گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی دوور
لە ئەزموونی شیعریی ئەم نووسەرەدا گەڕانەوەی خێرا خێرا و کورت کورت هەیە بۆ مێژوو، بۆ مێژوویەکی تاریک، بۆ مێژوویەک تەنیا لە دەفتەرە تۆزاوییەکاندا دەیبینین، ئەم نووسەرە کە باسی مێژوو دەکات هەمیشە ئەو بەشەی مێژوو دەخاتە بەرباس کە تراجیدییە، کە شێتانەیە و مرۆڤ خەسڵەتە کێویەکەی بەرنەداوە، کە دڕەندەیی مرۆڤ بۆ مرۆڤ هیچی کەمتر نییە لە دڕەندەیی سروشت بۆ مرۆڤ. وەحشییەتی (ئەمیرەکان، پادشاکان، سوڵتانەکان) لە مێژووی کۆندا کە بەختیار پێی دەڵێت (سەدە تاریکەکان)بە تەرزێکی هستری گەورەیە، بۆ نموونە لە دێڕیکدا دەنووسێت: (ئەمیرەکان بۆ سەری خۆیان زەویوزاریان دەفرۆشن) یاخود (ژنان لەبەر خەراج ماچیان بە سوڵتانەکان دەدا)

لە کۆندا هەموو هەبووەکان کێوی بوون
لەم شیعرەدا نووسەر سەرجەمی هەبووەکان دەخاتەوە سەر بنچینەی ڕەسەنی خۆی، هەموو شتەکانی دەوروبەرمان گەمەیەکی ساختەمان لە تەک دەکەن، بەو مانایەی لە بنەڕەتی خۆیان ترازاون و خیانەتیان لە سەرچاوە ڕەسەنەکەی خۆیان کردووە، بۆ نموونە لەم چەند دێڕەدا بە ڕوونی خۆیان بە یان دەکەن:
لە سەدە تاریکەکاندا شەو درێژتر بوو
با توندتر زەنگەکانی ڕادەوەشاند
شەهوەت لە گەرداو شێتتر و لە ئاگر بەهێزتر بوو
باغ گەورەتر و مردن بە چێژتر بوو
ئاسمان بەرزتر و زەوی نەویتر بوو
خوا بەڕەحمتر و شەیتان بەهێزتر بوو
ماچ درێژتر بوو
وەک دەیخوێنینەوە لە کۆندا تەواوی شتەکان و پێدراوەکان جیاوازن لە چاو دونیای هاوچەرخ، ڕاستە ئەم شیعرە نووسینی مێژوو نییە بە مانا تەقلیدییەکەی، بەڵام گەشتێکی قەشەنگ و ئیستاتیکییە بۆ سەردەمانێک ژیان ڕەنگ و بۆیەکی دیکەی هەڵگرتبوو، بەراوردکارییەکی جوانە لە نێوان ئێستا و ڕابردوو، بینینی دونیایە بە وێنەی دێوانەکەی خۆی.