یەكێتی گرەنتی دەوێت و پارتیش شەڕی كات دەكات

ڕاپۆرت 14/03/2019



راپۆرت - چاودێر
165 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا كابینەی نوێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەنەهێنراوە و بەشێكی سەرەكی ئەمەش هۆكارەكەی بۆ رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پشكەكانی حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرایكرد، دەیانەوێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە حكومەت پێكبهێنرێت و ئەو پەیامەشیان بە یەكێتی راگەیاندووە، هاوكات ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتێش، دەڵێت "بەپێی پڕەنسیپی شەراكەتی ڕاستەقینە و یستحقاقی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، وەك هێزی دووەمی براوە، پێداگری لەسەر داواكارییەكانمان دەكەین" .


یەكێـتی: بەردەوام دەبین لەدانوستان
حاكم قادر، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لەمیانی كۆبونەوەیەكدا كە لەبارەگانی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی یەكێتی لەسلێمانی بەڕێوچوو، رایگەیاند: بەپێی پڕەنسیپی شەراكەتی ڕاستەقینە و ئیستحقاقی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی یەكێتی, بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانەی كەبەر یەكێتی دەكەون, وەك هێزی دووەمی براوە لەهەڵبژاردندا، درێژە بەخەباتی سیاسی گفتوگۆ و دانوستانەكانمان دەدەین و پێداگری لەسەر داواكارییەكانمان دەكەین .

پارتی شەڕی كات دەكات
لایخۆشیەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بەرووداوی راگەیاند: بەشداری یەكێتی لەحكومەت گرنگە و پارتی پێش هەموو لایەنەكان سەردانی یەكێتی كردووە و دەیەوێت یەكێتی "سەربەرزانە" بەشداربێت. دەشیەوێ پارتی، یەكێتی و گۆڕان پێكهێنەری سەرەكی حكومەت بن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە كات كراوەیە، ناكرێت كەسانێك ئەم پڕۆسەیە وەك رەهینە وەربگرن و ئیفلیجی بكەن، ئەوە لەبەرژەوەندی كەسدا نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ گۆڕان گەیشتونەتە رێككەوتن و پۆستەكانیان ئاشكرایە، لەگەڵ یەكێتیش گفتوگۆكانیان بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەشدا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، پارتی بە یەكێتی وتوە "بەپێویستی دەزانین وەزارەتەكانی ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، شارەوانی و تاڕادەیەكی زۆریش تەندروستی بۆ پارتی بن، لەبارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش پێمانوتن یەكێتی هەقی خۆیەتی بەشداربێت و پێشتریش بەرپرسی ئاسایشی گشتی یەكێتی بووە، كە بەكارتان نەهێناوە، لەبواری ئەمنیشدا وەزارەتی پێشمەرگە و لەبواری ئابووریشدا وەزارەتی پلاندانان وەربگرن. لەفەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش دەتوانن جێگریان هەبێت".
زێباری وتیشی "گۆڕانكاری لەداخوازییەكانی یەكێتیدا هەبوو، كە هەمووی قابیلی دانوستاندنە، یەكێك لەوانە ئەوەبوو كە بۆچی پارتی سەرۆكی پارلەمانی بۆ یەكێتی دەستنیشانكردووە، ئێمەش وتمان ئەگەر ناتانەوێت بیردەكەینەوە لەپۆستێكی دیكە قەرەبووتان دەكەینەوە. ئەوان وتیان دەكرێت جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەبێت و  لەسەر وەزارەتەكانیشیان تێبینیان هەبوو".
ناوبراو، كە هاوكات ئەندامی وەفدی دانوستانكاری پارتیشە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، روونیكردەوە،"پارتی دەیەوێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ یەكێتی بگەنە رێككەوتن و حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، چونكە خەڵك مافی خۆیەتی كە دەنگی داوە، بەرهەمەكەی ببینێت و پارلەمان و حكومەت دەست بە كارەكانیان بكەن".

نیگەرانیەكانی یەكێتی چین؟
لەلایەكی دیكەوەو بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، سەركردایەتیی یەكێتی لەوە نیگەرانە كە لەرێككەوتەكەی نێوانی یەكێتی و پارتی كە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی ئیمزاكرا، مەسەلەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك گرەنتی نەكراوەو پارتی دەتوانێ لەدوای پێكهێنانی حكومەتیش گرفت بۆ پۆستە دروستبكات. هاوكات بەشێكی دیكەی ناڕەزاییەكانی یەكێتی پەیوەندیی بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە، چونكە لەئێستادا كادیرانی یەكێـتی باس لەوەدەكەن بۆچی پارتی خۆبەخۆ ئەو پۆستەی بۆ یەكێتی داناوە، هاوكات پێشیانوایە ئەو پۆستە لەئێستادا پۆستێكی مردوەو هیچ بایەخێكی نابێت، چونكە هەردوو جێگرەكەی سەر بە پارتین و لەئایندەدا دەتوانن دەستی سەرۆكی پەرلەمان ببەستن.
ئەگەرچی یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزاكرد، بەڵام ئەم رێككەوتنە تائێستا نەیتوانیوە گرێكوێرەكانی نێوان هەردوولا لەسەر پۆست و پشكەكانی یەكێتی لەكابینەی داهاتودا بكاتەوە، بەو پێیەی تائێستا فراكسیۆنی یەكێتی نەگەڕاوەتەوە كۆبونەوەكانی پەرلەمان و داخوازیەكانی یەكێتیش گۆڕانكاریان بەسەردا هاتوە.