نەجمەدین غوڵامی بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

رۆشنبیری 13/03/2019

 چاودێر:

نەجمەدین غوڵامی نوێترین گۆرانی خۆی بۆ كۆڵبەرانی كورد لەماوەیەكی نزیكدا بڵاودەكاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 13-3-2019  هونەرمەندی ناوداری كورد نەجمەدین غوڵامی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی كرد و لەلایەن بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر پێشوازی لێكرا.

لە دیدارەكەدا هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی باسی لە نوێترین كاری كرد كە بۆ كۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و بەرهەمەكەشی لەلایەن بابەكڕ دڕەییەوە پێشوزای  لێكرا و هەروەها بەڵێنی پشتیوانی و هاوكاری بەرهەمەكەی بۆ دەربڕی.

نەجمەدین غوڵامی لەبارەی كارەكەیەوە رایگەیاند، ئاواز و شیعری بەرهەمە نوێیەكەی هی خۆیەتی و بە نیازیشە بەم نزیكانە كلیپێكی بۆ بكات.

بەهۆی سەختی ژیان و باری ئابوری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كوردانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەكی بەرفراوان كاری كۆڵبەری دەكەن، بەهۆی تەقەی هێزەكانی ئێرانیشەوە ساڵانە دەیان كۆڵبەر شەهید و بریندار دەكرێت و ئەم كارەی نەجمەدینی غوڵامیش بۆ دۆخی ناهەموای ئەو كۆڵبەرانەیە.