نیویۆرک تایمز: ئێران هەژمونی خۆی لەعێراق فراوانتر دەكات

ڕاپۆرت 12/03/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە سەردانەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی حەسەن رووحانی بۆ عیراق نیشانەیەكە كە تاران بەردەوامە لە فراوانتركردنی هەژموونی خۆی لە عیراق.
رۆژنامەكە لە زاری مەحمود مەشەهدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عیراق بڵاویكردوەتەوە،ئێران جەستەیەكی بچووك و مێشكێكی گەورەیە بەڵام ئەمریكا لاشەیەكی گەورەو مێشكێكی بچووكە وتیشی لەعیراق تاران باڵادەستترە لە ئەمریكا.
پەرلەمانتار عەدنان زرفی رایگەیاند: ئەمریكا تەنها بوونی سەربازی لەعیراق هەیە بە پێچەوانەوە ئێران تێكەڵاوی ژیانی سیاسی و سەربازی عیراق بوەو لە ئێستادا لە رووی ئابوری و كلتوریەوە هەڵپەی فراوانخوازی هەیە
رۆژنامەكە بڵاویكردوەتەوە ئێران پشتیوانی هەژموونی خۆی دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنی عیراق وەكو بەشێك لە پرۆسەیەكی هەریمایەتی فراوانتر وئامانجی دەستەبەركردنی رێگەیەكە بیگەێنێتە دەریایی ناوەراست لەرێگەی وڵاتە دۆستەكانیەوە تا بتوانێت چەك و هاوكاری سەربازی بگەێنێتە حزبوڵڵای لوبنانی و یارمەتیدانی سوپاكەی بەشار ئەسەد لە سوریا و هەڕەشەكردن لە ئیسرائیل.
رۆژنامەكە ئاشكرای كردوە ئێران سەركەوتوو بوە لە زیاتركردنی نفوزی خۆی لەرێگەی گرووپە چەكداریەكانی حەشدی شەعبیەوە كەبوەتە هێزێكی سیاسی هاوشێوەی حزبوڵڵا لە لوبنان،لە ئێستاد ئەولەویەتی كارەكانی تاران زیادكردنی پەیوەندیە ئابوریەكانێتی بە ئامانجی رووبەروبونەوەی سزا ئابوریەكانی ئەمریكا.
رۆژی شەممەی رابردوو ئیرەج مەسجدی باڵێۆزی ئێران لە عیراق رایگەیاند: وڵاتەكەی عیراق بەگەورەترین بازار دەزانێت بۆ ساخكردنەوەی كالای ئێرانی ولەهەوڵدایە زاڵ بێت بەسەر توركیا و چین دا كە بەگەورەترین هاوبەشی بازرگانی عیراق دادەنرێت.
رۆژی دووشەممە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وڵاتەكەی لەهەوڵدایە رێژەی ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ عیراق بگەێنێتە 20 ملیار دۆلار كە لە ئێستا 12 ملیار دۆلارە.    هەوڵەكانی ئێران ،عیراقی خستوەتە سەر دوورێیانێك لەنێوان واشنتۆن كە عیراق پێویستە بەهاوكاریە سەربازیەكانیەتی و تاران كە لەشەری داعش یارمەتی پێشكەش بەسوپای عیراق كرد.
جۆست هیلترمان سەرۆكی بەشی خۆرهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفەریقا لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: ئێران چەندین جومگەی سیستمی سیاسی عیراقی كۆنترۆڵكردوە ئەوەش وایكردوە ئەستەم بێت بتوانرێت سیاستمەدارە عیراقییەكان لە داواكارییەكانی تاران دووربخرێنەوە ،چونكە عیراقییەكان دەزانن ئێران دراوسێی هەمیشەییانە. 
سەرچاوە / رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی