مارك توه‌ين ده‌يه‌وێ چى بڵێ..

ڕەخنەی چاودێر 12/03/2019

مارك توه‌ين ده‌يه‌وێ چى بڵێ..

ئه‌له‌ند رزگار

مارک توەین دەیەوێت بڵێت کە کەسانی خاوەن دەسەڵات دەبێت لێبوردانە بێنە نێو چینی ھەژار و ھەست بە ئازار و مەینەتییەکانیان بکەن....)

 

شازادە و گەدا کە یەکێکە لە بەرھەمەکانی مارک توەین،لە وەرگێڕانی "حەمە کەریم عارف"، کە گێڕانەوەیەکی ڕەخنە ئامێزە لەو ڕووداوانەی سەردەمەکەی کە تێیدا ژیاوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی ھەژدە. لە ڕۆمانەکەدا مارک توەین دوو کارەکتەری منداڵ دەخوڵقێنێت، بە ناوی " تۆم کانتی " و " ئێدوارد "، کە لێرەدا تۆم لە خێزانێکی ھەژارە و خاوەنی باوکێکی دڕندەیە و دایکێکی بە بەزەیی و بێدەسەڵاتی ھەیە، و لەگەڵ دوو خوشک کە بەختیان لە بەختی براکەیان خراپترە، و لە گەڕەکێک دەژین بە ناوی ئوفال کونت، لە ناوچەی " پەدین لاین "١، کە باوکیان بە زۆرە ملێ کاری دەرۆزەکەرییان پێ دەکات. ھەروەھا ئێدوارد کە کارەکتەرێکی دیکەی منداڵە و لە نێو رۆمانەکەدا بەرجەستە بووە، شازادەیە و خاوەنی باوکێکی میھرەبانە و پاشای ئینگلستانە، خاوەنی دوو خوشکی پڕ لە خۆشەویستین بۆ ئیدوارد، سەرەڕای ئەوەی باوکی ئیدوارد، کەسێکی میھرەبانە بۆ خێزانەکەی بەڵام، بۆ گەلەکەی کەسایەتییەکی دڕندەی خستۆتە پێشچاویان، کە ھیچ کەسێک زاتی ئەوەی نیە ڕەخنە لە پاشا بگرێت، چون " پاشا یاسایە "، بەمجۆرە ئیدوارد ژیانێکی ئارام و بێ کێشە و زەحمەت دەباتە سەر، جیا لە تۆم کە ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەینەتی دەچێژێت.

لێرەدا دەبێت پرسیارێک بکەین، کاتێک شوێنگۆڕکێ لە نێوان تۆم و ئێدوارد ڕوودەدات، چی دەبێت؟، ئەو ھۆکارانە چین کە وا لە تۆم دەکات ھیوابخوازێت کە بگەڕێتەوە سەر ھەمان ژیانی ئاسایی خۆی، لە کاتێکدا تۆم ھیوای بە شوێنێکی وا دەخواست!، ئایا ئێدوارد لەم شوێنگۆڕکێیە چ سوودێک دەبینێت؟.... ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت سەرنجی ئێوەی بۆ ڕابکێشم باسکردنی ئەو قۆناغەیە کە مارک توەین ڕەخنەی لێ دەگرێت، پێی وایە دەبێت کەسانی خاوەن پلە و پایە، نابێت ھەر لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوەو خەریکی فەرماندەرکردن و، خزمەتکردن بن. ھەروەھا مارک دەیەوێت بڵێت کە پاشا دەبێت بێتە خوارەوە و بۆ ناو گەلەکەی و لە گوزەرانی گەلەکەی ئاگاداربێت، ئەزموونی ژیانی ھەژاران بکات. چون لە سیستەمی پاشایەتییدا : پاشا دەبێتە خودی یاسا و ئەو دەبێت وەک خودایەک لێی بڕوانن و ھەمووان پەنای بۆ بەرن یاساکانی وڵات دەبن بە قسەی پاشا. ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی پاشایەتی و دار و دەستەکەی دەگرێت، ئەویش لە ڕێگەی پیشاندانی گوزەرانی گەلەکەی پاشا و بوونی توندترین سزا لە بەرامبەر ئەنجامدانی بچووکترین تاوان. گەلەکەی پڕن لە توندوتیژی، و ئەم تووندووتیژییە کە ناتوانن بەرامبەر پاشای دەرببڕن، بەڵکو دێن و بەرەوڕووی (ھاوپیشەکانیان، خێزانەکانیان، ھاوڕێکانیان...ھتد) دەری دەبڕن کە سەرقاڵن بە کاری دزی و فێڵکردن لە یەکتری، ھەروەھا دەیەوێت باسێکی دیکەی گرنگ بێنێتە ئاراوە ئەویش بوونی کۆیلەیە، کۆیلە بەو واتایەی خۆی دەداتە دەست ( ئاینێک، باوەڕێک،..ھتد) و یانیش بوون بە ژێردەستە لە ژێر فەرمانڕەوایی تاکێکدا. ھەروەھا ئەگەر بێین بوونی کۆیلە، ئەو کۆیلەیەی پێی خۆشە لە ژێر دەسەڵاتی پاشادا بە کۆیلەی بمێنێتەوە، و پارچەیەک لە نووسینی ڕۆمانەکە لێرەدا دابنێین :

تۆم کە بینی ھامفری دوو دڵە، ئەمری پێکرد کە لەسەر قسەکەی بەردەوام بێت و قەولی دایە کە داواکانی جێبەجێ بکات. ھامفری گوتی: " ئێ، بۆیە ئەمەتان عەرز دەکەم چونکە بە پێویستی دەزانم، ئێستا تۆ وەلیعاد نیت ولە خودا بەزیادبێت بوویت بە شاو ھەر ئەمرێک بفەرموویت کەس زاتی ڕەتکردنەوەی نیە. لەوەیە تۆ ئیتر دەرس و خوێندن بەشتێکی زیادە بزانی و بە پێویستی نەزانی مێشکی خۆت بە خوێندنەوە و کتێب و دەرس و دەور ماندوو بکەیت، و دەستوور بدەیت کە کتێبەکانت بسووتێنیت و فیکری خۆت بە گەمە و سەرگەرمی یان کاروباری مەملەکەتەوە مژول بکەیت، لەم حاڵەتەدا من نابوت دەبم و خوشکە ھەتیوەکانم لە برسان دەمرن " " تۆ نابووت دەبیت؟، بۆچی ؟" " قوربان، نانی من لە پشتمایە، ئەگەر پشتم شەلاق نەخوات، لە برسا دەمرم، ئەگەر تۆ دەرس نەخوێنی ئیدی پێویستت بە شەلاقخۆر نامێنێ و من لەم کار و خزمەتە دەردەکەن " تۆم دڵی بە حاڵی ئەو بەلەنگازە داماوە سووتاو جوامێرانە گوتی : دڵنیابە کە ئەم کارە ھەتا ھەتایە بۆ ماڵباتی تۆ دەبێ و بە میرات بۆ یەکە بە یەکەتان دەمێنێتەوە! ".

لە دوای بیستنی ئەم ھەواڵە لە زاری شاوە، ھامفری زۆر دڵخۆشبوو، و زۆر سووپاسگوزاری بوو. ناوی ڕاستەقینەی مارک توەین ( ساموئێل لانگھۆرن کلیمنسە ). لە ١٨٣٥/١١/٣٠ لە باژێرۆکێکی ویلایەتی میزوری لە خانەوادەیەکی ھەژاری دەستکورت لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩١٠ بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە. ١.pudding lane