چی لەبارەی ( گلۆ كۆما) دەزانیت ؟ هۆكار و چارەسەرەكانی چین؟

تەندروستی 09/03/2019

 
چاودێر: تابان رەزا

ئاوی ڕەش (گلۆكۆما) بریتیە لەبەرزبونەوەی پەستانی چاو، ئەمەش فشار دەخاتە سەر شانەدەماری بینین،  كە ئەگەر هەیە كەسی توشبو لەكاتی بەرزبونەوەی كتوپڕی پەستانی چاویدا هەست بە ژانەسەرێكی توند بكات،  لەبەرئەوەی نەخۆشیەكە درێژخایەنە، دەبێت كەسی توشبو بەردەوام قەترەی چاو بەكاربهێنێت، لەوبارەیەوە، د. بەختیار قادر جاف، دەڵێت" ئەگەر ئەم  نەخۆشیە زوو چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بینین"
ئاوی ڕەش( گلۆكۆما)چیە؟
 د. بەختیار قادر  جاف،  پسپۆڕی نەخۆشیەكانی چاو، ئاماژەبەوە دەكات،  ئاوی رەش ( گڵو كۆما) بریتیە لە بەرزبونەوەی پەستانی چاو، ئەمەش فشار دەخاتە سەر شانەدەماری بینین و دەبێتە هۆی فەوتانی ڕیشاڵە دەمارەكانی چاو،ئەگەر بەزووی چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بینین واتە كوێری. 
 وتیشی، گلوكۆما چەند جۆرێكی هەیە و باوترینیان بریتیە لە گۆشەكراوە ( واتە گۆشەی ژووری پێشەوەی چاوی كراوە و پانە).
هۆكارەكان
 ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات،  كۆمەلێك هۆكار هەیە بۆ توشبون بەم نەخۆشیە، یەكیك لەوانە بۆماوەیی و  تەمەن زۆربەی كەسانی توشبوو تەمەنیان لەسەرو 50 پەنجا ساڵەوەیە،  یان تووشبو بە نەخۆشی شەكرە، هەروەها  جگەرە كێشان فشاری بەرزی خوێن،  هەبونی ئەم هۆكارانە مەترسی توشبون    بە ئاوی ڕەش زیاتر دەكات.
 چۆن نیشانەكان بناسرێتەوە
د. بەختیار قادر، دەڵێت" لەسەرەتاكانی توشبوون بەنەخۆشییەكە هیچ نیشانەیەكی دیاریكراوی نیە و تەنها لەڕێگەی پشكنینی چاوەوە دەزانرێت،بەڵام كەسی توشبوو لەوانەیە لەكاتی بەرزبونەوەی كتوپڕی پەستانی چاویدا هەست بە ژانەسەرێكی توند بكات،هەروەها ڕشانەوەو هەست كردن بەگێژبوون ( بەتایبەت ئەو جۆرەی كە گۆشەی چاوی تەسكە)"
چارەسەری  ئاوی ڕەش(گلۆكۆما) چیە؟
 ئەو پزیشكە رونیدەكاتەوە، ئاوی ڕەش بەزۆری بە دەرمان چارەسەر دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆشییەكە درێژخایەنە بەردەوام دڵۆپە(قەترە)ی چاوی پێویستە، ئەگەر كەسی تووشبوو نەیتوانی ئەم دەرمانانە بەكاربهێنێت یان نەخۆشییەكە كۆنترۆڵنەكرا، ئەوا لەڕێگەی لەیزەر یان نەشتەرگەری چارەسەر  بۆ دەكرێت.
خۆپاراستن
خۆپاراستن لەم نەخۆشیە تەنها بە پشكنینی ناو بە ناوی چاو دەبێت بەتایبەت لەكاتی هەست كردن بە لێڵی و تەڵخی چاو، وە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو 40 چل ساڵەوەیە و لە خێزانەكەیان كەسی توشبوو بەم نەخۆشییە هەیە، پێویستە ساڵانە پشكنین ئەنجام بدەن .