پاریس دەیەوێت هەستیارترین جومگەی بەرشەلۆنە لەكاربخات

وەرزش 25/02/2019

چاودێر: یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەوڵدەدات بە سیناریۆیەكی نوێ تۆڵە لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بكاتەوە، ئەمەیش پاش ئەوەی یانە كەتەلۆنییەكە توانی سەركەوتوو بێت لە گواستنەوەی فرێنكی دی یۆنگی ئەستێرەی لاوی ئەیاكس ئەمستردام، لەكاتێكدا یانە پاریسییەكە ركابەرێكی گەورە بوو بۆ كڕینی ئەو ئەستێرە هۆڵەندییە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئاماژە بەوەدەكات ناسر خلێفی سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان لەهەوڵی ئەوەدایە ئێریك ئەبیداڵی فەرەنسی رازی بكات واز لە پۆستەكەی بێنێت لە یانەی بەرشەلۆنە و پەیوەندیی بە یانە پاریسییەكەوە بكات و ببێتە كەسی یەكەم بۆ گواستنەوەی یاریزانان.
لەئێستادا ئێریك ئەبیداڵ سكرتێری هونەریی یانەی بەرشەلۆنەیە و بەرپرسی گواستنەوەكانی یانەكەیە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی تواناكانیەوە توانیویەتی گرێبەستی زۆر گرنگ بۆ بەرشەلۆنە یەكلابكاتەوە.
بەپێی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، خلێفی دەیەوێت ناكۆییەكانی لەگەڵ ئەبیداڵدا وەلا بنێت و رازی بكات بۆ ئەوەی بێتە یانەكەیەوە، بەمەیش هەم دەتوانێت ئیدارەیەكی سەركەوتووتر بۆ یانەكەی دروست بكات و هەم تۆڵەیش لە یانەی بەرشەلۆنە بكاتەوە و بەشێك لە هێزەكەی لێ بسەنێت.
لەماوەی رابردوودا ئەبیداڵ پەیوەندییەكانی لەگەڵ خلێفی تێكچوون، بەهۆی ئەوەی ئەبیداڵ توانی ئەدریان رابیۆ رازی بكات گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس نوێ نەكاتەوە و لەبری ئەوەیش پەیوەندیی بە بەرشەلۆنەوە بكات.