بەوێنە: كەسێك دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بە كوشتنی هاوسەرەكەی

کوردستان 20/02/2019

چاودێر:

هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری لەشاری سلێمانی، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە ساڵی ڕابردوو هاوسەرەكەی خۆی كوشت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی سلێمانی، ڕۆژی 17ی4ی 2018 ، هاوڵاتی (ش ، ر ، أ ) تەمەن 45 ساڵ ڕەگەز مێ‌ لەگەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەفیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كراو بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس دەركەوت، كە هاوسەرەكەی ئەم تاوانەی ئەنجامداوە .

هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، دواتر تۆمەتباری ڕوداوەكە هەڵات و خۆی حەشاردا، دوای گەڕان و پشكنین و چاودێریكردنی چەند ناوچەیەك، كە گومان دەكرا تۆمەتبار خۆی تیا حەشاردابێت، سەرەنجام هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری توانییان ئەمڕۆ 20-2-2019 تۆمەتبار دەستگیربكەن .

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، لەئێستادا و بەفەرمانی بەڕێز دادوەر تۆمەتبار (أ ، ف ، س ) ی تەمەن 51 ساڵ، ڕەگەز نێر، بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیەدا، كە هاوسەرەكەی خۆی كوشتووە .