هۆكارەكانی ڕەشی ژێر چاو چین؟
چاودێر: تابان رەزا
پەڵەی ڕەش بریتییە لەبۆربونی ژێر چاوەكان كەدیمەنێكی نەشیاو دەدات بەچاوەكان و بەتایبەت لەخانماندا و كە توشی دڵەراوكێ و بێزارییان دەكات، چەند هۆكارێكی جۆراوجۆر بۆ دروست بونی ئەم پەڵە ڕەشانە هەیە، لەوانەش بۆماوەیی و كەمی خوێن و ئاسن لەشدا.
پێویستەخانمان ئاگاداری تیشكی خۆر بن
د. دەشنێ لەتیف،پزیشكی جوانكاری و نەخۆشیەكانی پێست، ئاماژەبەوەدەكات، كەم خوێنی و كەمی ئاسن لە خوێندا كاریگەری زۆری هەیە لەسەر پێست و دروستبونی ڕەشی ژێر چاو، جگەرە كێشان هۆكارە بۆ كەم گەیشتنی خوێن بەپێست و كەمبونەوەی سوڕی خوێن بۆ پێست، هەروەها گیرانی لوت، بەهۆی نزیكی ملولەكانی لە چاو دا ئەوەش كاریگەری هەیە بۆ پێستی دەوری چاو و دروستبونی پەڵەی ڕەش.
ناوبراو وتیشی، كەم خەوی و نارێكی كاریگەری زۆریان هەیە بۆ سەر پێست و بەتایبەتی پێستی دەوری چاو، لەهەمانكاتدا تیشكی خۆریش كاریگەری لەسەر دروستبونی پەڵەی ڕەشی ژێر چاو دەبێت.
ئەو پسپۆڕە، دەڵێت" زۆر خوراندنی چاو دەبێتەهۆی سووربونەوە و هەوكردن و كاریگەری دەبێت لەسەر پێستی دەوری چاو، لەپاڵ ئەم هەموو هۆكارە دا هۆكاری بۆماوەییش كاریگەری دەبێت لەسەر دروستبونی پەڵەی ڕەشی ژێر چاو"