کۆسرەت رەسوڵ: پارتی بە نەفەسی تۆڵەکردنەوە دەستیان بە کارەکان کرد

کوردستان 20/02/2019

ئەمرٶ لە تەلاری هونەر لەشاری سلێمانی یەکێتی کۆبونەوەیەکی ئۆرگانی و جەماوەری رێکخست بۆ راگەیاندنی دواین هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی و کێشەکانی نێوانیان. لەو کۆبونەوەیەدا کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی وتارێکی پێشکەش کردو تێدا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتی دژی دوبەرەکی و سیاسەتی شەڕی ناوخۆیە، بەڵام بە داخەوە ئەوان بە نەفەسی تۆڵەكردنەوە و ڕق دەستیان بە كارەكان كرد، لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە.

دەقی وتارەکە:
‎بەیانیتان باش هەڤاڵانی خۆشەویست
‎ئامادەبووانی بەڕێز
‎خۆشحاڵم لەگەڵتان كۆدەبینەوە لەكات و سەردەمێكدا كە قۆناغێكێ زۆر زۆر هەستیارە، كە میللەتەكەمان پێیدا تێپەڕ دەكا، هەروەها یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو قۆناغە هەستیارە ئەركی سەرشانی قوڕسە، لەبەرئەوە دەمەوێ پێتان بڵێم كە ئێمە وەك یەكێتییەكان ئەركە لەسەرمان یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزین و هەموومان بەیەكەوە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاربكەین، ئەو یەكێتییەی كە خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نەوشیروان و. برادەرانی تر مێژوویەكی گەورەیان بۆ جێهێشتین و ئێمەش دەبێ بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین، گەشەپێدانی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە ئەركی سەرشانی هەموومانە، كە ئیشی تێدا بكەین و ئێستای یەكێتی بارودۆخی زۆرباشە، چەند ساڵێك پێش ئێستا دەیانگوت یەكێتی دەبێتە دوو كەرت و ئینشقاق دەكا، بەڵام دەركەوت یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو هێزە نییە بەهیچ كەسێك بشكێت و بەهیچ كەسێكیش ناشكێت، وەك مام جەلال فەرموویەتی سەفین لەبن بێ یەكێتی لەبن ناێە.

‎هەڤاڵانی بەڕێز...
‎هیوادارم یەكەم شت وەحدەتی خۆمان بپارێزین لە هەموو شوێنەكان، پاراستنی یەكڕیزی خۆمان نیشانەت سەركەوتنمانە، ئێوەش هەمووتان لێپرسراون لە ناوچەكان و ئێستا لە سەرانسەری كوردستان لەهەموو مەڵبەندەكان لەو كۆبوونەوەیە بەشدارن، هیوادارین ڕۆڵی خۆتان ببینن و هەموومان ئیش بكەین بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بخەینەوە شوێنی خۆی و یەكێتی بكەوێتەوە سەر سكەی خۆی، لای ئێمە مەسەلەی یەكدەنگی و یەكگوتاری یەكێتی لە هەموو شتێك گرنگترە.
‎جێگای شانازییە كە ئەو میراتەی بۆ ئێمەیان جێهێشتووە، یەكێتی مێژووێكی گەورەیەو لە هەموو دنیا ناسراوە لە ئاستی ناوەوەو دەرەوە، ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەن كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێزێكی زیندووەو هەر دەشمێنێ، ئێمە لەسەر دۆخی مفاوەزاتی نێوان خۆمان و برادەرانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ئەو مەسەلەیە زۆر درێژەی كێشا، ئێمە بۆ ئەوەی یەكێتی ڕیزەكانی گەلی كورد بپارێزین شانبەشانی یەكڕیزی ناو یەكێتی ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنمان قبوڵكرد لەپێناو یەكڕیزی و نەمانویست ئێمە هەڵوێستێكمان هەبێ و پارتی هەڵوێستێكی هەبێ، ئێمە هەردوولا هێزی سەرەكین و دوو هەڵوێستی جیاوازمان هەبێ زەرەر دەكەین، بەڵام بەداخەوە ئەوان بە نەفەسی تۆڵەكردنەوە و ڕق دەستیان بە كارەكان كرد، لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە، دوێنێ كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد بەبێ یەكێتی، پێموایە ئەوەی دەیەوێ جارێكی تر دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆ لەكوردستان دروست بكا، ئێمە دژی ئەو سیاسەتەین، چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی خەڵكە، یەكێتی ناو ڕیزەكانی میللەتەكەمانە، لەبەرئەوە كەس ناتوانێ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بشكێنێ یان فەرامۆش ناكرێ، یەكێتییەكان ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك سازش ناكەین و ئەگەر ڕێككەوتنەكان تەوازنی تێدا نەبێ و حسابی خەبات و ماندووبوونی یەكێتی نەكات كە ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە نایكەین، دڵنیاتان دەكەینەوە و بەڵێنتان پێ دەدەین لەناوخۆمان وەزعی خۆمان چاك دەكەین ، هەریەك لەئێوە بەراوردی ئێستا بەساڵێك پێشوو بكا جیاوازی زۆر زۆر هەیە، ئەو جیاوازییەش دەبێ بكەینە عەمەلی و هەموومان بەیەكەوە ئیشی تێدا بكەین.
‎بۆ كۆنگرەش، دڵنیاتان دەكەین كە كۆنگرە دەبەستین لەكاتێكی زۆر نزیكدا، بەڵام كاتێك بێ ئەو دۆخەی كوردستان تێپەڕببێ و یەكلابێتەوەو بزانین چی لێ دێ، كۆنگرە دەبەستین و وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە كە دەڵێن ناتوانن كۆنگرە ببەستن، كۆنگرەیەك ئەنجام دەدەین یەكێتییانە بێ، نەك وەك خەڵكی تر، یەكێتیانەیەك لەئاست ڕۆڵی ئازایەتی و پیاوەتی و جوامێری و قارەمانێتی پێشمەرگەو كادیرەكان بێ، ئەوانە هەموویان شایستەی ئەوەن ڕێزیان لێ بگیرێت و دەنگیان بدرێتێ.

‎ئامادەبووانی خۆشەویست...
‎ئێمە خۆمان دەمانەوێ پاكسازی بكەین لەناو دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی سنووری دەسەڵاتی ئەو ناوچەیەیەو یان ئەوانەی لێپرسراوەكان بەقسەیان دەكەن، دەبێ مەسەلەی فەسادو گەندەڵی نەهێڵین لەناو خەڵك، چونكە بەڕاستی ئەوە شتێكی زۆر زۆر خراپە، لە هەر شوێنێك گەندەڵی و دزی زۆر بوو، تەجاوز لەسەر موڵكی حكومەت زۆربوو ئەوا ئەو شوێنە وەزعی خراپ دەبێ، لەبەرئەوە دڵنیاتان دەكەم وەك یەكێتی سیاسەتی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی ئەوەیە هاوكاری ئەو دام و دەزگایانە بكەین كە لەلایەن حكومەتەوە تەرخانكراون و لەگەل دام و دەزگاكانیش هەوڵ بدەین كە بە زووترین كات دەست بە چاكسازی و پاكسازی بكەین لەناو دام و دەزگاكانمان، ئەوەش بەوە دەكرێ هەركەسەو لای خۆیەوە دەست پێ بكا، چونكە ئەگەر لای خۆمانەوە دەست پێ نەكەین ناتوانین داوا لە خەڵكی تر بكەین.
‎لەكۆتاییدا جارێكی تر سوپاستان دەكەم بۆ بەشداریكردنتان لەو كۆبوونەوەیە، بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە مەرجەكانی ئێمەو پارتی لە كۆبوونەوەكان، حاكم قادر بەدرێژی بۆتان باس دەكا.
‎جارێكی تریش بەخێربێن
‎هەربژین بۆ كوردو كوردستان
‎بژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان