ڕۆمانەکەی بەهرۆز بووچانی دەکرێت بە کوردی

ڕەخنەی چاودێر 20/02/2019

ڕەخنەی چاودێر

بەهرۆز بووچانی، ئەو پەنابەرە کوردەی لە دوورگەی مانووسی ئوستوڕاڵیا ڕۆمانی "هاوڕێیەک نییە جگە لە چیاکان"ی نووسی و ناوبانگێکی باشی پێ پەیدا کرد و گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوستوڕالیاشی پێ بردەوە، بڕیارە لە لایەن نووسەری دیار "هاشم ئەحمەد زادە"ـەوە بکرێت بە کوردی.

 

چیرۆكەكەی بوچانی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر كاتێك كە ڕێگای تاراوگە بەرەو ئوستورالیا دەگرێتە بەر، بەڵام چانس یاوەری نابێت و ناتوانێت بگاتە ئەو وڵاتە، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێت و دەبرێتە یەكێك لە سەنتەرەكانی پەنابەران لە دورگەی مانوس كە دەكەوێتە ناوەڕاستی زەریای هێمن. ئەو كەسانەی وەك ئەم نوسەرە كوردە دەبرێنە ناو ئەو دورگەیەوە بەهیچ شێوەیەك مافی ئەوەیان نابێت بچنە ناو وڵاتی ئوستورالیا و فیزایان پێ نادرێت، چونكە بە پەنابەری نایاسایی دادەنرێن، چارەنوسێكی ناڕوون چاوەڕێیان دەكات.

بوچانی لە ماوەی مانەوەی لە مانوس، بەهۆی ئەو دۆخەی كە تێدا دەژی و ئەو ئەزمونەی كە لە ژیانی هاوڕێكانی دەیبینێت، دەست بە نوسینی ڕۆمانەكەی دەكات. لەو ماوەیەدا ڕۆمانی (هاوڕێیەك نیە جگە لە چیاكان) دەنوسێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی ئەو دورگەیە هەفتانە و مانگانە پشكنین بۆ شوێنی مانەوەی پەنابەرە دەستبەسەركراوەكان دەكەن، ئەم نوسەرە كوردە ناچاردەبێت واز لە نوسینی رۆمانەكەی لەسەر كاغەز بهێنێت و لەڕێگەی ئەپڵیكەیشتنی واتسئەپ-ەوە بینوسێت و بینێرێت بۆ وەرگێڕەكەی كە ناوی ئومێد تەوفیقیان-ە.

 

بەهرۆز بوچانی لە ساڵی 1983 لە پارێزگای ئیلام لە ئێران لە خێزانێكی كورد لەدایكبووە، تەواوەی قۆناغەكانی خوێندنی لە ئێران تەواوكردون، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە جوگرافیای سیاسی- لە زانكۆی تەربیەت مودەریس لە ئێران. لەژیانیدا وەك ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ و نووسەر كاری كردووە.

 

هاشم ئەحمەد زادە، ڕایگەیاند: "دوای چەند ڕۆژ گفتوگۆ لەگەڵ کاک بێهروز بوچانی گەیشتینە ئەم ئەنجامە کە من شانازیی وەرگێڕانی کتێبەکەیم لە زمانی ئینگلیسییەوە هەبێت. لێرەوە حەز دەکەم هەموو هۆگرانی بەرهەمە ناوازەکەی کاک بێهروز ئاگادار بکەمەوە کە من ئەم ئەرکەم وەئەستۆ گرتووە و هیوادارم سەرەڕای سەرقاڵی و کاری ترم، بتوانم لە کاتێکی شیاودا و بە شێوەیەکی ڕیکوپێک ئەم ئەرکەش ڕاپەڕێنم. هەستێکی خۆشی پڕ لە سەرمەستی و لە هەمان کاتدا ترس هەممو گیانمی داگرتووە. هەست دەکەم هیچ زمانێک نازانم و وەرگێڕان کێوێکە لە بەرامبەرمدا قوت بووەتەوە. دەبێ سەر بەرز کەمەوە و لە لووتکە بڕوانم و هێدی هێدی بە چیاکەدا هەڵگەڕێم. کارەکەی بێهروز و گێڕانەوەی ئازاری مرۆڤی ئەم سەردەمە،شایانی هەموو ئاوڕلێدانەوەیەکە. گێڕانەوەکەی بێهروز دەبێ بچێتە کتێبخانەی ماڵی هەموو کوردێکەوە."