رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی، بومەلەرزەی سیاسی لەناو گۆڕاندا دروست دەکات

کوردستان 20/02/2019

ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسیەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ناڕەزایەكی زۆری لەناو بەشێكی زۆری ئەندام و هەڵسوڕا و بەرپرسی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستكردوە. كە چاوەڕێ دەكرێت بومەلەرزەیەكی سیاسی ناڕەزایی و دەستلەكاركێشانەوە لەناو حزبەدا دروستبكات.
لەچەند رۆژی رابردودا هەندێ لە هەڵسوڕاوان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ئەو بزوتنەوەیە دەستیان لەكاركێشایەوە، هەندێكی دیكەیان بە وتار و لێدوان ناڕەزاییان بەرامبەر رێككەوتنەكە دەربڕیوە.
لەنوێترین ناڕەزایشدا د. محەمەد عەلی، بەرپرسی پێشوی ژوری توێژینەوەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، لەرێگەی نوسینێكەوە هەشت پرسیار ئاراستەی ئەو حزبە دەكات لەبارەی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی.


دەقی نوسینەكەی د. محەمەد عەلی


یەكەم: دەقی ڕێكەوتنەكەتان لەگەڵ پارتیدا جگە لە كۆمەڵێك  ڕستەی گشتیی‌و مەتاتی‌و ئێنشائی، چیتری تێدایە؟ كوا سەقفی زەمەنی؟ كوا میكانیزمی جێبەجێكردنەكان؟ ھیچ بەروارێك‌و سەقفێكی زەمەنی نیە بۆ ھیچ یەكێك لەخاڵەكان، زۆر بەكەمی‌و لاوەكیانە باسی دەسەڵاتی دادوەری كردوەو ھاتوە: كەس نابێت بەبێ بڕیاری دادگا زیندانی بكرێت. بەڵام نزیكەی مانگێكە ٢٢ كەس بەبێ دادگاییكردن لەبادینان زیندانن‌و گۆڕان نقەی لێوەنایەت!. بەیەك‌ وشەش باسی گەڕانەوەی موڵكی گشتی‌و نەھێشتنی ناعەدالەتی لە موچەو خانەنشینی پلە تایبەتەكان ناكات (ئەم دوبابەتە لەبنەما ھەرەسەرەكیەكانی گۆران بون، بەڵام بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران باسیان ناكەن، چونكە: كوڕانی نەوشیروان مستەفا موڵكی گشتیان-گردەكە-داگیركردوەو زۆرێك لەبەرپرسەكانی گۆڕان سودمەندی سەرەكین لە موچەو خانەنشینی پلەتایبەتەكان).

دوەم: بزوتنەوەی گۆران بەردەوام ڕەخنەی گرتوە لەم شێوە تاك لایەن و ئینشائیەی ڕێكەوتن لەگەڵ حیزبەكانی تردا، ئەگەر ھەرحیزنێكی تر ئەم كارەی ئێوەی بكردایە، راگەیاندنەكەتان و گەنجە شەھادەدارەكانتان ئێستە چیاندەكرد و چیاندوەت؟! یەكێك لە ڕەخنەكان لە بزوتنەوەی گۆران پۆپۆلیسیزمە، لەڕاستیدا، بەم ڕێكەوتنە، بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران سەلمانتان كەگۆران پۆپۆلیستە بەپلەی ئیمتیاز.

سێیەم: علی حەمە ساڵح لە ١٤/١٠/٢٠١٨نوسی: لەدومانگی داھاتودا گۆڕانكاری گەورە دەكەین لەناو گۆراندا. ئەوە ئەمرۆ ١٩/٢/٢٠١٩یە، چوار مانگ دوای ئەو قسانەی عەلی حەمە ساڵح، ئایا لە كوێ و لە چیدا گۆڕان لەناوخۆی خۆیدا گۆڕانكاریی كردوە؟  یاشێخ ئێوە كردتانە هەرا كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆچوارساڵی داهاتو هەڵپەسێردراوە، بەڵام لەم ڕێكەوتنەدا، دایدەمەزرێننەوە. ئەرێ بەڕاست سەرۆكی هەرێم جگە لە ڕازیكردن و دۆزینەوەی پۆستی بەدیل بۆ برازاو زاواكەی سەرۆكی پارتی چیترە؟ ئەم كارەش لە پێناو هاوسەنگی دەسەڵاتی هەردوئامۆزاكەو بنەماڵەی بارزانیە نەك پاكێجەكانی گۆڕان!

چوارەم: ئێوە نەتوانن بەڵێنەكانتان بۆ چاككردنی ناوخۆی گۆڕان ببەنەسەر، چۆن متمانەتان پێبكەین بۆ بەڵێنەكانتان بۆ دەرەوەی بزوتنەوەكە.  باشە ئێوە بەڵێنەكانتان بۆناو گۆڕان خۆی نەخوات و ناتوانن دەستوری گۆران و دامەزراوەكانی گۆران ڕێكبخەنەوە، چۆن متمانەتان پێبكەین، یان چۆن دەتوانن دۆخی حكومڕانی ھەرێم چاكبكەن (فاقد الشیئ لا یعگیه). ھەر ھێزێك بۆئەوەی بتوانێت دۆخی سیاسیی دەرەكیی بگۆڕێت، خۆ ئەبێت بتوانێت دۆخی ناوەكیی حیزبەكە خۆی بگۆڕێت. دۆخی ژورەكان و مەكۆكان‌ لە خراپترین دۆخدان. هاوكات كۆمپانیای وشە بوەتە حیزب لەناوحیزبداو زۆربەی دامەزراوەكانی بزوتنەوەكە بونەتە كارتۆنی، تەنانەت خانەی ڕاپەڕاندن ناتوانێت پەیڕەوێكی ناوخۆی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت كاری گەورە بۆ دەرەوەی بزوتنەوەكە ئەنجامبدات.   

پێنجەم: زەحمەت نەبێت دەتوانن پێمان بڵێن جیاوازی نێوان ھێمن ھەورامی و مونا قەھوەچی لەمەسەلەی پارتیبوندا چییە و كامەیە؟! ئەگەر دوەمیان لە یەكەمیان پارتیتر نەبێت كەمتر نییە. ئێوە دەزانن پارتی خەریكی چ یارییەكە و ئێوە چۆن بە كورتبینییەكی سیاسیی گەورەوە لەو یارییەوە گلاون؟ لەماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردودا، ئەوە یەكەمینجارە پارتی ھەرسێ ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لابێت؟!.

 شەشەم: ئایا ئێوە دەزانن ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش بدرێ بە یەكێتی، ھیچ لەمەوزوعە ناگۆرێت؟ چونكە دواجار ھەورامی و قەھوەچی بابەتەكان یەكلا دەكەنەوە!

حەوتەم: ئەرێ بەراست بۆ لەخۆتان ناپرسن: بۆچی بە دوانزە كورسیەوە پۆستەكانتان دو ھێندەی بیست و چوار كورسیەكەی خولی پێشووە؟ وەڵامەكە زۆر ئاسانە: گۆران بەم قیادەی ئێستایەوە، نەك ھیچ مەترسییەكی بۆسەر دەسەڵاتدارێتی پارتی نابێ، بەڵكو ڕێك بەپێی بەرژەوەندیەكانی پارتی كاردەكات. كارو ڕاگەیاندنەكەی گۆڕان لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا، باشترین بەڵگەی دەستەمۆبونی گۆڕانە بۆ سیاسەتەكانی پارتی.

هەشتەم: ئێوە داوای دەسەلاتی زیاترتان كردوە بۆ جێگری سەرۆكی ھەرێم، چونكە دەدرێت بە گۆڕان! زەحمەت نەبێت ئەمە گەورەترین پاشەكشە نیە لە مەبادیئەكانی گۆران كە داوای گۆرینی سیستمی دەكرد نەك كەسەكان؟!ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی ھەرێم ھێندە گەورەبێت كە ئێوە ئەتانەوێت، ئەی ئەبێت دەسەڵاتی سەرۆكەكە خۆی چەند بێت. لەكاتێكدا یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی سیاسەتی گۆڕان دەسكاریكردنێكی ڕیشەیی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمە نەك دۆزینەوەی كار بۆ گەورە هەڵسوڕاوێكی گۆڕان!