ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
چاودێر:
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاشكرایدەكەن، وەرگرتنی بەڵێننامەی ئەستۆپاكی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەم شێوەیەی ئێستا پێچەوانەی یاسای بەركارەكانی پەرلەمانی كوردستانە.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی وەرگرتنی بەڵێننامەی ئەستۆپاكی لەمامۆستایان و فەرمانبەران لەڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكیان بۆ (چاودێر) ناردووە، باس لەوەكراوە، وەرگرتنی بەڵێننامەی ئەستۆپاكی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەم شێوەیەی ئێستا پێچەوانەی یاسای بەركارەكانی پەرلەمانی كوردستانە.
ئاماژە بەئەوەشدراوە، داوا لەدەستەی دەستپاكی دەكەن لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەم كارە زیادە و لاوەكییانە، كار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵییانە بكەن، كە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی كردووە.
ڕونكردنەوەیەك لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی یەوە سەبارەت بە فۆڕمی ئەستۆپاكی
مامۆستایانی سەربەرز
فەرمانبەرانی بەڕێز
دوای بەدواداچون و ڕاگۆڕینەوەمان لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی یاسایی سەبارەت بە فۆڕمی ئەستۆپاكی دەستەی دەستپاكی هەرێم سەرنجی خۆمان لەم چەند خاڵەدا دەخەینە ڕوو :
1ـ وەرگرتنی بەڵێنامە لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەو شێوەیە پێچەوانەی حیكمەت و حوكمەكانی مادەی { ۳ و ٥ } یاسای ژمارە { ٤ } ساڵی { ۱۹۹۹ } پەرلەمانی كورستانە { یاسای ناوبراو لە وەقائیعی ڕەسمی هەرێمی كوردستاندا بڵاو كراوەتەوە }
2 ـ دەستەی دەستپاكی لە بڕگەی سێیەمی مادەی { ۲۷ } ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ساڵی{ ۲۰۱٦} ی تایبەت بەڕەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی هەرێم ئاماژەی بەوە داوە ، گەرهاتوو فەرمانبەر بەبڕی كەمتر لە {100000} سەد هەزار دینار دیاری { بەرتیل } وەربگرێت ئەوا پێویست ناكات ڕونكردنەوە بدات به سەرو خۆی .
ئەم بڕگەیە دەرگا بۆ گەندەڵی دەكاتەوە و پێچەوانەی ئاشكرای ئەحكامی مادەی { ۳۰۷ } یاسای سزادانی عێراقی و ئەحكامی مادەی { ٥/یانزەهەم } لەیاسای بەرزفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە { ۱٤ } ساڵی { ۱۹۹۱ } ، هەروەها پێچەوانەی مادەی { ۱۳ } لە پەیڕەوی ژمارە{ ۱ } ی ساڵی { ۲۰۱۱ } ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە .
3 ـ داواكردن لە مامۆستایان و فەرمانبەران كە پابەندبن بە حوكم و بنەماڕەوشتیەكانی ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەریەتی كەرتی گشتی كە لە ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ی ساڵی { ۲۰۱٦ } ی دەستەی دەستپاكیدا هاتووە ، ئەمیش بە پاڵپشت بە مادە { ۳٦ } ی ڕێنماییەكە ، لە كاتێكدا خودی ڕێنماییەكە زیادەیە و تەنها كۆپی هەریەك لە پەیڕەوی ڕێسا و ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەرێتی هەرێم و مادەكانی { ٤ و ٥ } ی ئاسای بەرزەفتكرنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە { ۱٤ } ساڵی { ۱۹۹۱ } ی هەمووار كراوە .
4 ـ دەستەی دەستپاكی چۆن داوای واژوو لەسەر فۆڕمێك دەكات ، لە كاتێكدا ڕێنمایی و پاشكۆی فۆڕمە ناگەیەنێت بەمامۆستایان و فەرمانبەران وە مامۆستایان و فەرمانبەران نازانن ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ساڵی { ۲۰۱٦ } چی تیانوسراوە كە داوایان لێ دەكرێت پابەند بن پێوەی .
5 ـ داوا لە ئەنجومەنی دادوەری وەكو بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم دەكەین بەزووترین كات سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم فۆڕمە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بخەنەڕوو .
لە كۆتاییدا
داوا لەدەستەی دەستپاكی دەكەین لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەم كارە زیادە و لاوەكیانە كار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵیانە بكەن كە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی كردووە
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
سلێمانی ، هەولێر ، كەركوك هەڵەبجە ، ڕاپەڕین و گەرمیان ، كۆیە ، چەمچەماڵ ، سیدسادق ، تەكییە ،شارەزوور
19/2/2019