پێشنیار بۆ ئەو کەسەی دەیەوێ ڕۆمان بنووسێ، پیاسە بکە و بیر لە ڕۆمانەکەت بکەوە

ڕەخنەی چاودێر 19/02/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

لەوانەیە تۆ لەو کەسانە بیت کە خەریکی نووسینی یەکەمین ڕۆمانی خۆتی. بیریش لەوە دەکەیتەوە چۆن بە باشترین شێوە بینووسیت، یان نووسەرە باشەکان بە چ شێوەیەک دەنووسن و چۆن ڕۆمانە شاکارەکان بەرهەم دەهێنن. هەرچەن بۆ بوون-بە-نووسەر ڕێچارەیەکی دیاریکراو بوونی نییە، بەڵام لە نێوکۆی گوتەی نووسەران و دیمانەکانیاندا، دەکرێ ئەو خاڵانە بدۆزینەوە کە بۆ نووسەرە تازەکارەکان سوودبەخشن.


بەیانی زوو لە خەو هەستن
توێژینەوەکان دەریان خستووە کە سەرکەوتووترین نووسەرەکان ئەوانەن کە لە سەعات ٩ـی بەیانییەوە بەخەبەرن. ئالیس ڤاکەر، هەموو بەیانییەک سێ سەعاتی بۆ نووسین تەرخان کردووە. مایا ئەنجڵۆ، شاعیری ڕەشپێستی ئەمەریکی. ژوورێکی لە هۆتێلێک بە کرێ گرتبوو و لە سەعاتی شەشونیوی بەیانییەوە تا ٢ـی دوانیوەڕۆ خەریکی نووسین دەبوو.
هەندێک لە نووسەرەکان وەکوو ئێرسنت هەمنگوەی پەست دەبوون بەوەی کەسێک لە کاتی نووسیندا وەرزیان بکات. هەمنگوەی بۆ ئەوەی کەس خۆی لە نووسینی هەڵنەقورتێنێت هەر کە ڕۆژ دەبووەوە خەریکی نووسین دەبوو. ئەگەر هەوا سارد بوایە پێی وا بوو کە نووسین گەرمی دەکاتەوە.
ئەو ڕووداوەی هەمنگوەی بەناوبانگە، کە لە قاوەخانەیەک خەریکی نووسین بووە و کابرایەک دەستی خستووەتە سەر شانی، هەمەنگوەیش ئاوڕ دەداتەوە و کابرا دەکەوێتە سەر زەوی؛ چونکە هەمنگوەی لە شەویلگەی ڕاکێشاوە.


فێر بن لە هەموو شوێنێک بنووسن
دیاریکردنی شوێنێک بۆ نووسین بۆ هەندێ نووسەر زۆر سەختە. مایا ئەنجڵۆ لە هەمان ژووردا کە بەکرێی گرتبوو، داوای کردبوو تێکڕای کەلوپەلی ڕازاندنەوە و تابلۆکان بەرنە دەرەوە و تەنیا هەندێ شتی پێویستی هێشتبووەوە، وەکوو: تەختەخەو، مێز، فەرهەنگی وشە هاوماناکان و ئینجیل.
جەین ئەستن، نووسەری کلاسیک، لە ژووری دانیشتنی ماڵەکەیاندا دەینووسی، لە کاتێکد دایکی لە تەنیشتییەوە خەریکی دروومان دەبوو.


زۆر پشکنین بکەن
دانا تارت، نووسەری براوەی بووکەری ئەدەبی، دەڵێت: "ئەگەر یادنووسەکانی من ببینن، دەڵێن ئەمە هەبێونەبێ شێت بووە. ڕێی تێ ناچێ لەمانەوە کتێب بخولقێنرێت."
چیماماندا نگوزی ئادیچی، نووسەری ڕۆمانی "نیوەی خۆرە زەردەکە" دەربارەی نووسینی کۆچیرۆکەکەی دەڵێ: "من بۆ نووسینی یەکەم کۆچیرۆکم هەوڵم دا، هەرشتێک کە پەیوەندیی بە مێژووی نایجیریاوە هەبێ بخوێنمەوە. هەزاران پرسیان لە خەڵکی کرد و بەڕاستی ئەوەی ئەمانە بکەی بە چیرۆک، کارێکی زۆر قورس بوو."


سەرەتا تەنیا بنووسن؛ نەخشەومەخشە مەکێشن
هەندێک لە نووسەرەکان چیرۆکەکە لە هەمان سەرەتاوە دەست پێ دەکەن، هەندێک بەر لە هەرشتێک کۆتاییی چیرۆکەکەیان دەنووسن، هەندێکیش لەو نێوەندەدا دەست پێ دەکەن.
مارگارێت ئەتوود، نووسەری ڕۆمانی "چاوەپشیلە" دەڵێ: "ئەگەر تیا ماون لە نووسینی ڕۆمانەکەتاندا، بگەڕێن بە دوای ئەو شوێنەدا کە ڕێیەکەتان بە هەڵە بڕیوە و هەر لەوێوە دەست پێ بکەنەوە، ئەمجارە ڕێیەکی تر هەڵبژێرن بۆ گێڕانەوەکە، یان زەمەن بگۆڕن، یان کارەکتەرێکی تر هەڵبژێرن."


تەکنەلۆجیا وەلا بنێن و بەس بنووسن
زۆر لە نووسەرەکان گلەیی دەکەن کە ناتوانن دەست لە تەکنەلۆگیا هەڵبگرن و بەردەوام بنووسن. مارگارێت ئەتوود دەڵێ: "من دوو مێزم هەیە، لەسەر مێزێکیان ئەو کۆمپیوتەرەم هەیە کە پێی دەنووسم و لەسەر ئەوەی تریان ئەو کۆمپیوتەرەم داناوە کە وەسڵە بە نێتەوە؛ ئەوەی یەکەم نێتی نییە."
سۆزان کالینز، باشترین پێشنیار بۆ نووسین دەخاتە ڕوو، ئەو دەڵێ، بە ڕێگادا دەڕۆم و بیر لە ڕۆمانەکەم دەکەمەوە.