مەگەر من ژن نیم؟

ڕەخنەی چاودێر 18/02/2019


مەگەر من ژن نیم؟


گوتار
سۆجۆنەر تروس
بەکوردی کردن: بیلال نەسرین

سۆجۆنەر تروس (١٧٩٧-١٨٨٣)، خاتوونێکی هەڵسوڕاوی ڕەشپێستە، وەک کۆیلە لە شاری نیویۆرک((New York چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. پێش ساڵی(١٨٢٧)، واتە بەرلەوەی کۆیلەیی و کۆیلەداری لە شاری نیویۆرک هەڵبوەشێتەوە و کاری پێنەکرێت، دەفرۆشرێت بە کەسێک بە ناوی (هون واگن)، پاشان ئازادی دەکات. لە ساڵی(١٨٥١)، سۆجۆنەر بەشداری کۆنفرانسی (مافەکانی ژنانی ئۆهایۆ)ی کرد. هەڵبەتە زۆرێک لە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دژی بەشداربوونی ئەو بوون، چونکو دەترسان بزوتنەوەی ژنانی ئەو سەردەمە و بزوتنەوەی دژبەری کۆیلەداریی، کە لەو زەمەنەدا کڵپەی ڕق و کینەی زۆرێکبوو، بێ نەزم و شلۆق ببێت. کاتێک سۆجۆنەر هەستا بۆ ئەوەی گوتارەکەی خۆی پێشکەش بکات، هووها و هاواری دژبەری تابێت بڵندتر دەبوو، بەڵام کاتێک وتەکانی تەواوبوون، دەنگی پشتگیری و پاڵپشتی تەواوی هۆڵەکەی تەنییەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی گوتارەکەی سۆجۆنەر تروسە کە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەشی کردبوو؛


مەگەر من ژن نیم؟

باشە ڕۆڵەکانم، کاتێک ئەم هەموو مشتومڕ و هووهایە بەرپابووە، بێگومان کێشەیەک لە ئارادایە. من وا بیردەکەمەوە، ئێستا کە ڕەشپێستەکان لە باشوور و ژنان لە باکوور، هەموان پێکەوە خەریکن لەسەر مافەکانیان دەنگ هەڵدەبڕن و داکۆکی دەکەن، پیاوانی سپیپێست لە زووترین کاتدا دوچاری بارودۆخی دژوار و ناهەموار دەبنەوە، بەڵام سەرباری ئەم هەموو مشتومڕە، چی دەگوزەرێت؟
پیاوان دەڵێن ژنان بۆ ئەوەی سواری گالیسکەیەک ببن یاخود ئەگەر گەرەکیان بێت لە ڕۆگەیەک(جۆگە) بپەڕنەوە، پێویستیان بە کۆمەککردنەوە و هەمیشە دەبێت شیاوترین جێگایان هەبێت، بەڵام من لە کاتی سواربوونی گالیسکە و پەڕینەوەم لە جۆگە، هەرگیز کەس هاریکاری نەکردووم و قەت شیاوترین جێگام پێنەدراوە! مەگەر من ژن نیم؟!
لە من بنواڕن، بازووەکانم ببینن، گاسنکاری و جوتیاریم کردووە و لە عەمبارەکاندا حەمباڵ بووم و کاری سەرپەرشتیکردنی زەخیرەشم ڕاپەڕاندووە. هیچ پیاوێک لە کارەکانمدا دەستی هاریکاری بۆ درێژ نەکردووم! مەگەر من ژن نیم؟!
دەمتوانی بە ئەندازەی پیاوێک کار بکەم و خواردن بخۆم (هەڵبەت کاتێک خواردنم چنگ بکەوتایە) و بەرگەی شەلاق لێدانیش بگرم. مەگەر من ژن نیم؟!
سێزدە منداڵم هێناوەتە دونیاوە و شاهیدی فرۆشتنی زۆربەیان بووم وەک کۆیلە. کاتێک وەک دایکێکی پەژمووردە هۆن هۆن دەگریام، تەنها (مەسیح) گوێی لە دەنگم دەبوو. مەگەر من ژن نیم؟!
خەڵک لەبارەی ئەو شتە دەدوێن کە لە کەلەسەردایە، چی پێدەڵێن؟ (یەكێک لە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە هەڵدەداتێ: "ئەقڵ"). بەڵێ ئەوە دەڵێم ئەزیزم. ئەوە چ پەیوەندییەکی بە مافی ژنان یاخود ڕەشپێستەکانەوە هەیە؟ ئەگەر پەرداخی من بچووک بێت و هی ئێوە گەورە، ئایا ڕق و کینە نییە ئەگەر ئێوە ڕێگربن لەوەی منیش پەرداخەکەم لێوانلێو بکەم؟
ئێستاش ئەم پیاوە گچکەیە کە جلی ڕەشی پۆشیوە، دەڵێت مافی ژنان ناکرێت بە ئەندازەی مافی پیاوان بێت چونکو (مەسیح) ژن نەبوو! مەسیحی ئیوە چۆن هاتووەتە ئەم دونیایە؟ بە لوتفی خودا و ژنێک! پیاو لە هاتنەبوونی ئەودا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە.
ئەگەر یەکەمین ژن کە خودا ئافراندوویەتی، ئەوەندە بەهێزبووە بەتەنها توانیویەتی دونیا ژێرەوژوور بکات، کەوابێت ئەم ژنانەش پێکەوە دەبێت بتوانن بۆ جێگای ڕاستەقینە و ڕەسەنی خۆیان بگەڕێنەوە، دەقیق بۆ جێگای ڕەسەنی خۆیان. ئێستاش کە گەرەکیانە وەها کارێک بکەن، واباشترە پیاوان ڕێگایان بۆ چۆڵکەن.
زۆر سوپاس گوێبیستی قسەکانم بوون، سۆجۆنەری پیر هیچی دیکەی نییە بۆ وتن.


سەچاوە:
١_
Ain't I a Woman? - Internet History Sourcebooks
٢_
مگر من زن نیستم؟ اثر سوجورنر تروث | توانا