ئەستێرەكەی رۆما داوا لە دایكی دەكات واز لە بڵاوكردنەوەی وێنە "وروژێنەرەكان"ی بێنێت

وەرزش 17/02/2019

"دایكە تكایە بوەستە.. بۆچی وا لە دەمت دەكەیت؟ تۆ 40 ساڵت تێپەڕاندووە"

چاودێر: نیكۆلۆ زانیۆلۆ ئەستێرە لاوەكەی یانەی رۆما، داوا لە دایكی دەكات واز لە بڵاوكردنەوەی وێنە وروژێنەرەكانی بێنێت و چالاكییەكانیشی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەمبكاتەوە.
زانیۆلۆ كە ئێستا یەكێكە لە دیارترین ئەستێرە لاوەكانی كاڵچۆ، نیگەرانە لەوەی دایكی بەردەوام سێڵفیی وروژێنەر لە ئینستاگرام بڵاودەكاتەوە، بەپێی رۆژنامەی زەسەنی بریتانی.
فرانچیسكا كۆستا (دایكی زانیۆلۆ) تەمەنی 41 ساڵە و لە ئینستاگرام نزیكەی 190 هەزار هەواداری هەیە. 
بەپێی رۆژنامەی كۆرێرێ دێللۆ سپۆرت، زانیۆلۆ توڕەیە لە رەفتارەكانی دایكی و ئەم توڕەییەشی بە كۆمێنتێك لەسەر یەكێك لە وێنەكان دەربڕیوە و نوسیویەتی "دایكە تكایە بوەستە.. بۆچی وا لە دەمت دەكەیت؟ تۆ 40 ساڵت تێپەڕاندووە". مەبەستی زانیۆلۆ ئەوەیە كە دایكی چەند سێڵفییەكی لەسەر ئیفێكتی "دەموچاوی قاز"ەكە بڵاوكردۆتەوە.
نیكۆلۆ زانیۆلۆی تەمەن 19 ساڵ، هاوینی رابردوو لە یانەی ئینتەرمیلانەوە پەیوەندیی بە یانەی رۆماوە كرد و ئێستایش یەكێكە لە باشترین یاریزانانی یانەكە، وەكچۆن لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگدا هەردوو گۆڵی سەركەوتنی بەرامبەر یانەی پۆرتۆ تۆماركرد. بەمەیش بووە بچوكترین یاریزانی ئیتاڵی لەمێژوودا كە دوو گۆڵ لە یەك یاریی چامپیۆنس لیگدا تۆماربكات.