راپرسییەك دەریدەخات دەنگەكانی هەدەپە لەباكوور زۆر لەپێش ئاك پارتییەوەیە

ڕاپۆرت 17/02/2019


چاودێر
هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەكان لە توركیا، بە قۆناغێكی سەخت و ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێشی نێوان لایەنەكان بەڕێوەدەچێت، بەشێوەیەكی گشتی لە دوو بەرەی ركابەر خۆی دەبینێتەوە، بەرەی ئاك پارتی و مەهەپە، كە هاوپەیمانێتییان درێژەی هەیە، لەگەڵ بەرەی ركابەری ئەوان كە هەریەك لە جەهەپە و هەدەپە دەكات.
لەم هەڵبژاردنەدا، هەدەپە ستراتیژییەكی نوێی گرتۆتەبەر، لەگەڵ پێنج لایەنی كورد لە باكووری كوردستان رێككەوتنی كردووە، هەروەها لە شارەگەورەكانیش رێككەوتنی لەگەڵ لایەنی توركی كردووە لەدژی بەرەی ئاك پارتی و مەهەپە.
دوێنێ‌  لە ئاهەنگی ناساندنی بەربژێرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردنەكانی شارەوانی لە توركیا و باكووری كوردستان، لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە سازكرا، لەلایەن هاوسەرۆكی هەدەپەوە، رایگەیەنرا.
سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" وتی "لە گشت ئەو پارێزگایانەی قەییومی تێدا دامەزراوە، قەییومەكان لەدەستی ئاك پارتی وەردەگرین. لە شارەوانی شارەكانی وەك قارس، چەولیگ و مووش كە لەژێر دەستی ئاك پارتیدایە رووبەڕووی گەندەڵی و بێ خزمەتگوزاری بوونەتەوە، لەدەست ئاك پارتی وەردەگرینەوە".
تەمەللی ئاشكراشیكرد كە هەڵبژاردنەكانی خۆجێی "دەرفەتێكی مێژووییە بۆ بونیاتنانەوەی ژیانێكی نوێ" و وتیشی "لە گشت ئەو پارێزگایانەی قەییومی تیادا دامەزراوە، قەییومەكان وەدەردەنێین. لە شارەوانی شارەكانی وەك قارس، چەولیگ و مووش كە لەژێر دەستی ئاك پارتیدایە رووبەڕووی گەندەڵی و بێ خزمەتگوزاری بوونەتەوە، لەدەست ئاك پارتی وەردەگرینەوە".

هاوكات پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە، رایگەیاند كە پرسی گەنجان، ئافرەتان، خاوەن پێداویستی تایبەت، منداڵان، خانەنشینان و رەنجدەران بنەمای كارنامەی هەڵبژاردنی پارتەكەیان پێكدەهێنێ.

هەدەپە ئامانجی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانی گەورەی قارس، موش و بینگۆل لەدەستی ئاك پارتی و مەهەپەییەكان بباتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش كەسانی بە توانای بۆ ئەو شارانە بەربژێر كردووە. بۆ نمونە هەدەپە چانسی زۆرە ئەمجارە شارەوانی گەورەی قارس لە مەهەپە بباتەوە. بە كاندیدكردنی ئایهان بیلگەن دەیەوێت زۆرینەی دەنگەكانی شارەكە ببات.
هاوكات هەدەپە لە ئیستانبوڵ، ئیزمیر و ئەنقەرە، هیچ بەربژێرێكی بۆ شارەوانی گەورەی ئەو شارانە دیارینەكردووە. باس لە تاكتیك و رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنێكیتر لەبەرامبەر ئاك پارتی دەكرێت. لە نوسینەكانی داهاتوومدا ئاماژەی تەواو بەمە دەكەم. كاندیدە بەهێزەكانیتری هەدەپە ئەمانەن: ئەحمەد تورك، سیاسەتكاری دێرینی كورد، دووبارە بۆ شارەوانی گەورەی ماردین و سرری سەكك،  سیاسەتكاری دێرینی كورد و پارلەمانتاری هەدەپە بۆ شارەوانی موش پاڵێوراون.
هەدەپە نزیكەی 100 بەربژێری دیاریكردووە
هەدەپە 21 بەربژێری بۆ شارەوانی گەورەی شارەكانی باكووری كوردستان هەیە لەوانەش: ئەرزرووم، ئەرزنجان، ئەلعەزی، بیتلیس، بینگۆل، باتمان، ئیغدر، هەكاری، مەڵاتیا، شرناك، ئەردەهان، ئورفە، وان، ئامەد، ماردین، موش، نەڤشەهیر، سیعرت، قارس، ئاگرین، ئەدیەمان. جگە لەوەی دوو كەسایەتی دیاری بۆ شارەوانی گەورەی ئامەد دەستنیشانكردووە و 17 بەربژێریتری بۆ شارەوانییەكانی سەربە ئامەد هەیە، لە وان جگە لە شارەوانی گەورەی شارەكە 12 بەربژێریتر و لە شرناك 8 و لە ماردین 7 بەربژێری هەیە. هەدەپە بەربژێری بۆ نزیكەی 100 شارەوانی ناوچە و شارۆچكەكان داناوە.

هەدەپە دەنگەكانی زیاددەكات
بەپێی دواهەمین راپرسی لە توركیا لەلایەن ناوەندی سەمەر-ەوە كراوە، دەنگەكانی هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی مارتی ئەمساڵ زیاددەكات. لە راپرسییەكەدا هاتووە لە هەرێمە كوردییەكان %45.7 ی دەنگەكان بۆ هەدەپە دەرخستووە. لەبەرامبەردا ئاك پارتی %28.3 ی دەنگەكان دەبات.