دەریاس و لاشەکان، نووسین و خۆکوشتن

ڕەخنەی چاودێر 16/02/2019

دەریاس و لاشەکان، نووسین و خۆکوشتن

زاموا محه‌مه‌د

 

بیرمە منداڵ بووم کە یەکەمجار بەختیارم خوێندەوە؛ من لە دواهەمین هەناریەوە دەستم پێکرد و دواتر بۆ ئیشەکانی تری. کتێب دوای کتێب زیاتر بە بونیادە نیوە ڤیکتۆری و نیوە ڕووسیەکەی گێڕانەوەی بەختیار ئاشنابووم، زیاتر بەو لۆژیکە دواڵیستیە ئاشنابووم، کە لەگەڵ پشتبەستن بە ئیسقات لە ئەفسانەی یۆنانی و تەوراتیەوە، بناغەی زمانی گێڕانەوە و کارێکتەرسازیی ئەوە. کە هەموو کارەکانیشیم خوێندەوە مەرگی تاقانەم لە هەموویان زیاتر بەدڵبوو، چونکە خۆی لەو لۆژیکە دوالیستیە لادەدا کە باسمکرد، مەرگی تاقانەی دووەم بونیادێکی هیترۆتۆپیی هەیە زیاتر لەوەی بونیادێکی یۆتۆپی/دیستۆپیی هەبێت، کار بە جیاوازیی دەکات زیاتر لەوەی کار بە یەکگرتنەوە و بەرهەمهێنانی شوناس و لێکچوونیی بکات لەگەڵ مێژوو و دونیا و مرۆڤی ئێمەدا. ماوەی پێشوو، کتێب دوای کتێب کە بەختیار بڵاوی دەکردەوە و من دەمخوێندەوە، هەستم دەکرد کە ئیتر ئەم پیاوە لای خوێنەری ئێمە دەبێتە نۆرمێک: دەقێک بڵاودەبێتەوە دەخوێنرێتەوە و قەبووڵ دەکرێت و هیچی تر. بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەریاسدا و پاش ئەوەی لەخوێندنەوەی تەواوبووم و پاش ئەوەی قسە و قسەڵۆکی ئەو هەموو خوێنەر و نووسەرەم بینی لەسەری، تێگەیشتم دەقی ئەم پیاوە هەرگیز نۆرم نەبووە، هەرگیز ئەو خوێندنەوەیەی بۆ نەکراوە کە دەشێت ڕۆمانێک لەناو ڕۆشنبیریی خۆیدا بۆی بکرێت. دەریاس و لاشەکان، بە سەرێکدا زۆرینەی ئەوانەی سەرسامین، وەک دیاردەیەک، وەک نوێترین ڕۆمانی وەرگری خەڵاتێک، وەک جۆرێک لە کاپیتاڵ سەرسامین و نازانن دەبێت چۆن لێی تێبگەن؛ بەسەرێکیشدا ئەوانەی ئەم ماوەیە ڕەتی دەکەنەوە و –بەحسابی خۆیان- ڕەخنەی دەکەن، نازانن بۆ ڕەتی دەکەنەوە و کێشەیان چییە لەگەڵی(ئەمە جگە لە ڕەخنەگرانی کاسب، کە دەزانن لەبەر مووچە و موکافەئەکەیان دەبێت بیکەن). کۆمیدیای پەرچەکرداری "کوردەکە" بەرابەر بەم ڕۆمانە، بە هەردوو بەرەی قەبووڵکەر و قەبووڵنەکەرەوە، لەوەدا بوو کە هیچلا نەیاندەزانی لە جەوهەردا چیان دەوێت. کۆمەڵێک بەدڵیان بوو چونکە هی بەختیار عەلیە، کۆمەڵێک بەدڵیان نەبوو چونکە هی بەختیار عەلیە؛ بەهەرحاڵ، ئەوەی ترسناک بوو، ئەو نووسینانە بوون کە بەناوی ڕەخنەوە بەرچاوی من کەوتن. هەر لە کۆمەڵناس و تۆرسیانی کۆمەڵایەتیەوە تا ڕەخنەگری حیرەفیی و شاعیر و خوێنەری جدی، ئارگیۆمێنتی ڕەخنەکانیان ئەوەبوو کە نووسەر ڕۆمانی زۆری هەیە و خوێنەرەکانی زۆرن. داوا دەکەن نووسەر چیتر نەنووسێت، چونکە پیر بووە پێی نەماوە؛ چونکە کتێبەکانی زۆر دەفرۆشرێن و شەعب بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن ... لەو مەهزەلەی ڕەخنەی کوردییە! دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە، بە بەکاربەر و بەرهەمهێنەری کولتوورییەوە، یەک فاکتی بچوکیان لەبیر کردووە(یان ڕەنگە هەر نەشیزانن): ئەوەی کە نووسەر دەنووسێت، بۆ ئەوەی خۆی نەکوژێت. پێم وا نییە هیچ مۆتیڤێک لەمە ڕیشەییتر هەبێت لە نووسینی ئەدەبیاتدا. تاکە پاڵنەری جدی و ڕاستەقینە بۆ نووسینی ئەدەبیات ئەوەیە کە تۆ خۆت نەکوژیت. نازانم بۆ بەختیار کە ئەمە مۆتیڤیەتی یان نا؛ بەڵام هەر خوێنەرێک، کە دەقێکی ئەدەبی دەگرێت بەدەستیەوە و دەیخوێنێتەوە، جا نووسەرەکەی گەنج بێت یان پیر و لە کۆتاییەکانی ڕێگاکەیدا، دەقەکەی بەدڵ بێت یان نا، دەبێت بزانێت کە چەندێک خەریکی خوێندنەوەی بەرهەمێکی کولتووریە، هێندەش پشکنەری بەهانەی نووسەرێکە بۆ خۆنەکوشتن. لێرەوە بێمانایە بەکارهێنانی کۆمەڵێک ڕستەی کڵێشەیی وەک: "نووسەر ئیدی دەبێت واز لە نووسین بهێنێت"، "نووسەر زۆر دەنووسێت"، "نووسەر خوێنەری زۆرە" و هتد... نووسەرێک مافی خۆیەتی بنووسێت، وەک چۆن هەرکەسێک مافی خۆیەتی ڕاوبۆچوونی هەبێت؛ دەربڕین شتێک نییە سنوورداربکرێت یان ڕەتبکرێتەوە، ئەوەی ڕەخنە دەکرێت و دەپشکنرێت چۆنێتیی ئەم دەربڕینەیە. هەڵبەت من مەبەستم نییە هیچ دەقێک و هیچ کارێکی کولتووری لە ڕەخنە و ڕەتکردنەوە بپارێزم، بەڵام مافی خۆمە داوا بکەم خوێنەران و ڕەخنەگرانی "کوردەکە" وردتر و ئەقڵانیتر دەقە ئەدەبیەکان بخوێننەوە؛ ئەم مەهزەلەیەی باسمکرد دەشێ لە داهاتوودا تووشی هەر ئەدیبێکی تریش ببێت کە دەیەوێت کەمێک خۆی جیابکاتەوە، کە دەیەوێت بە نووسین نیشتەجێ ببێت.