مەلا بەختیار: بەبێ‌ چارەسەركردنی تەنگ‌و چەڵەمە ئابورییەكان، مافی یەكسانی ژن‌و پیاو مەحاڵە

ڕاپۆرت 16/02/2019


رێكخراوی بەرەو هیواكانی كچان‌و ژنان، بەناونیشانی (بەبێ‌ یەكسانی، گۆڕانكاری دابڕان مەحاڵە) ئێوارەوەی ئەمڕۆ (16/2/2019) لەهۆڵی دیالۆگی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، ئێوارە كۆڕێكی بۆ مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر بەڕێوەبرد.
بەو دەستپێكەی كە ناوی رێكخراوەكە، ناوێكی شایستەیە بۆ خەباتكردن لەپێناو ئەو هیواو خەونە زۆرانەی كچان‌و ژنان، كە هێشتا كەمترینیان لەكوردستاندا بەدیهاتووەو هێشتا ژن چەوسێنراوەتەوەو لەسەدا بیستی مافەكانی پیاویشی بۆ بەدینەهاتووەو كەمترین رێژەی ژنیش فەرمانبەرن و كەمترین مافی ئابوریشیان بۆ دابینكراوە. بۆیە رێكخراوێكی ئاواش كە دادەمەزرێ‌‌و دەكەوێتە جموجۆڵ‌و چالاكی، بێگومان بەئەندازە خۆیان دەتوانن كاریگەریان هەبێ‌‌و لەرێڕەوی خەباتیشیاندا، هەندێك لەكێشەكانی ئەندامەكانتان چارەسەر بكەن، هەر خزمەتە.
لەچوارچێوەی تەوەری كۆڕەكەشیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هێشتا یەكسانی لەنێوان ژن‌و پیاو لەوڵاتی ئێمەدا نەهاتۆتەدی، نە لەڕووی ئابورییەوە، نە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، نە لەڕووی سیاسییەوەو تەنانەت لەڕووی كەلتوریی و تێڕوانین بۆ ژن، یەكسانی ویژدانیش دروستنەبووە. بەپێچەوانەوە پیاو هەموو شتێك بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت‌و لەبەرامبەریشدا زۆر بەتوندی دژی هەموو مافەكانی ژنانە! هەموو ئازادییەكان بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت، بەڵام پێشێلی هەموو مافەكانی ژنانیش دەكات‌و وتی: پیاوی رۆژهەڵاتی، بەئەقڵیەتی پیاوسالاری، پێوایە تا ژن بچەوسێنێتەوە، دەسەڵاتی خۆی بەهێز دەكات‌و پێویستییەكانی خۆی دابین دەكات! ئەگەرچی ئەمە بەپێچەوانەوەیەو ئەزمونی ژیان‌و وڵاتە مەدەنی‌و دیموكراسییەكان دەریخستووە، هەتا ژن مافی هەبێ‌، پیاو بەڕێكوپێكتر و بێكێشەتر دەژی‌و مافی یاویش باشتر دابین دەكرێت.
مەلا بەختیار، ئەو باوەڕەشی نیشاندا، كە ئازادی پیاو لەئازادی ژندا باشتر فەراهەم‌و دەستەبەر دەبێت‌و بەپێچەوانەشەوە، تا ژن چەوساوەبێ‌، پیاویش چەوسێنەر دەبێ‌، ئابوری وڵات گەشە ناكات‌و رونیكردەوە: هەتا ژن چەوساوەبێ‌، كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەدادگاكان، لەناو كۆمەڵ، تەنانەت لەناو خێزانیش زیاد دەكات. بۆیە نەبونی یەكسانی نەك هەر لەبەرژەوەندی ژن نییەو مافەكانی دەخوات، بەڵكو لەبەرژەوەندی خودی پیاویش نییە.
دەستبەركردی مافەكان بەیاسا، مافەكانی ئازادیی و سەربەستییەكانی ژیانیش، بە فاكتەرەكانی كۆتاییپێهێنان، بەچەوسانەوەی ژنان ناوبردو تەئكیدی كردەوە: با هەر بەدروشم بیر لەوەنەكەینەوە، یەكسانی ژن‌و پیاو دیاری بكەین. چونكە دروشمی یەكسانی ژن‌و پیاو، دوو سەد ساڵە هەیە. بەڵام بەكردەوە تەنها یاسا دەتوانێ‌ ژن‌و پیاو وەكو یەك بەرامبەربكات‌و پێویستە ئەو تێگەیشتن‌و بیرو بۆچوونە رزیوەی كە هی سەد، بۆ دوو سەد و سێ‌ سەد ساڵ لەمەوبەرە، قۆناغ بەقۆناغ چارەسەری بكەین. بەبێئەوەی خۆمان توشی تەوەلایی‌و سەرلێشێواوی بكەین‌و رایگەیاند:
خەبات لەپێناو مافی یەكسانی، مانای تەوەلایی‌و سەرلێشێواوی نییە، بەڵكو خەبات لەپێناو مافی یەكسانی بەقۆناغە، بە گەشەكردنی سروشتی و هەنگاو بەهەنگاوە‌و وتی:
كێشەیەكی ئێجگار زۆر لەوڵاتی ئێمە ماوەو تێكۆشانی دەوێ‌ چارەسەری بكەین. حكومەتیش ئەوەندەی كێشە چارەسەر كردووە، كە چارەسەری كردووەو یاسای داڕشتووە، بەڵام باقی یاساكان‌و چاسەرەكردنی كێشەكان، بێگومان بەفشاری مەدەنی، بەرێكخراوە مەدەنییەكان‌و بەخەباتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی ژنان‌و هەموو ئازادیخوازان‌و مەدەندیخوازەكانی كوردستان چارەسەر دەكرێت‌و ئێوەش یەكێكن لەو رێكخراوانەی ئەركێكی دورودرێژ لەسەر شانتانە.
مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە، كە: بەبێ‌ چارەسەركردنی تەنگ‌و چەڵەمە ئابورییەكان، مافی یەكسانی ژن‌و پیاو مەحاڵەو لەو روانگەیشەوە، بەپێویستیزانی كە یاسای كوردستان فریای ئەوە بخەین كە دەستەبەری كۆمەڵایەتی (سۆسیال) لەپێناو چون یەكژیاندا بۆ ژنان‌و بۆ هەمووان دابینبكرێت‌و وتی: داوای مافی مەدەنیش، بەسوتان‌و كاولكاری بەدینایەت‌و حكومەتی هەرێمیش چەندە قەرزاری شەهیدەكان، پێشمەرگەو تێكۆشەرەكانێتی، ئەوەندەش قەرزاری فەرمانبەرانی كوردستانە، لەكاتی پاشكەوتی موچەو ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان بوو، بەڵام پشوو درێژ بوون‌و لەوپەڕی هەستكردن بەلێپرسراوێتییەوە، خۆیان گرت.
هاوكات ئاماژەشی پێدا كە: هێشتا رێگەیەكی دورودرێژ لەبەردەمماندایە بۆ ئەوەی یەكسانی لەنێوان ژن‌و پیاو دروست بكەین، یەكسانی لەهەموو یاساكان، لەبوارەكانی ئابوریی‌و ئازادییەكانی كۆمەڵایەتی. چونكە هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەو توندوتیژییەی لەكوردستاندا بەرامبەر بەژن هەیە‌و مادام توندوتیژی بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی رێكخراوەكانی خانمان هەن‌و هەوڵی زۆریانداوەو بەردەوامن، كەواتە هیشتا ئەقڵیەتێكی رزیوی دواكەتووی پیاو دەسەپێنرێت بەسەر كۆمەڵ‌و ژنانیشدا.
لەكۆتایی كۆڕەكەیشدا، مەلا بەختیار بەدیهێنانی یەكسانی لەنێوان ژنان‌و پیاوان لەكوردستاندا، جەختیكردەوە كە: قۆناغ بەقۆناغ، هەنگاو بەهەنگاو و دەستكەوت بەدەستكەوت مافەكانی ژن دابین بكەین‌و ئاستی ژن لەخوێندەواری، لەمافی ئابوری، ئازادی، سەربەستییەكان، لەمافی مەدەنی بەرز بكەینەوە، بەبێئەوەی توشی تەوەلایی‌و سەرلێشێواوی ببینو وتی: پشت بەخۆتان، بە ئەقڵتان، بەخۆپەروەردەكردن ببەستن‌و ئەوەندەشی دەتوانن بەردەوامبن لەخەبات، بۆ ئەوەی هەر بەڕاستی هیواكانی كچان‌و ژنان بەدیبهێنن.