پەیامی ڕۆژی شانۆی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٩

ڕەخنەی چاودێر 16/02/2019

کارلۆس سیڵێندەر، کوبا – نووسەری پەیامی ڕۆژی شانۆی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٩

لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

 

پێش ئەوەی چاوەکانم بە شانۆ هەڵبێنم، مامۆستاکانم لەوێ بوون. ماڵەکانیان و ڕێچکە شیعریەکانیان لەسەر پاشماوەکانی ژیانی خۆیان بونیاد نابوو. زۆربەی ئەوانە ناسراو نین، یان بە ئاستەم یاد دەکرێنەوە: لە بێدەنگییەوە کاریان دەکرد، لە سادەیی ژوورەکانی پرۆڤەیاندا و لە شانۆ پڕ لە بینەرەکانیاندا و، بە هێواشی، دوای ساڵانێك کارکردن و سەرکەوتنی بێهاوتا، وردە وردە لەم شوێنانە خلیسکان و لە چاو وون بوون. کاتێك لەوە تێگەیشتم کە چارەنووسی تایبەتی منیش ئەوە دەبێت کە دوای شوێنپێکانی ئەوان بکەوم، لەوەش تێگەیشتم کە میراتیەکەی ئەوانم هەڵگرتۆتەوە، ئەو نەریتە تایبەتە بۆ ژیانکردن لە ئەمێستادا بەبێ هیچ چاوەڕوانییەك جگە لە بەدەستهێنانی شکۆمەندی ئەو ساتەی دووبارە نابێتەوە؛ ساتێکی بەیەکگەیشتن لەگەڵ کەسێکیتردا لە ناو تاریکایی شانۆیەکدا، بەبێ هیچ پاراستنێك جگە لە ڕاستگۆیی جووڵەیەك، ووشەیەکی درکێنراو. 
ژیانی شانۆیی من دەکەوێتە ئەو ساتانەی بەیەکگەیشتنمەوە لەگەڵ ئەو بینەرانەدا کە لە گۆشە جۆراوجۆرەکانی شارەکەمەوە شەو لەدوای شەو دێن بۆ شانۆکەمان، بۆ ئەوەی هاوەڵمان بن و چەند کاتژمێرێك، چەند خولەکێکمان لەگەڵدا بەسەر بەرن. ژیانی من لەسەر ئەو ساتە تایبەتانە دروستکراوە کە من ئیتر واز لەوە دەهێنم کە خۆم بم، واز لەوە دەهێنم ئازار بۆ خۆم بکێشم، هەروەهامن لەدایكدەبمەوە و لە مانای پیشەی شانۆ تێدەگەم: تا ساتەکانی ڕاستییە سازگارە ڕاگوزەرەکان بژین، لەو شوێنەدا کە ئێمە، لەژێر ڕووناکی شانۆکەدا، دەزانین چی دەڵێین و چی دەکەین، ڕاستییەکە و ڕەنگدانەوەی بەشە زۆر قووڵەکان، بەشە زۆر تایبەتیەکانی خودی خۆمانە. نیشتمانە شانۆییەکەی من، ئەوەی خۆم و ئەکتەرەکانیشم، نیشتمانێکە لەو جۆرە ساتانە چنراوە، ئەو شوێنەی تیایدا واز لە دەمامکەکانمان دەهێنین، واز لە گوتاربێژی دەهێنین، واز لە ترس لە "ئێمە کێین" دەهێنین، وە لە تاریکیەکەدا دەستی یەك دەگرین.
٢-٢
نەریتی شانۆیی نەریتێکی ئاسۆییە. کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت کە شانۆ لە هیچ بنکەیەکی جیهاندا بوونی هەیە، لە هیچ شارێک و لە هیچ بینایەکی تایبەتیدا. شانۆ بەو جۆرەی من وەرمگرتووە، بەناو جوگرافیایەکی نادیاردا بڵاو دەبێتەوە، ژیانی ئەو کەسانەی نمایشی دەکەن و خودی پیشە شانۆییەکە بەیەکەوە لە یەك جووڵەی یەکگرتوودا تێکەڵ دەکات. هەموو مامۆستاکانی شانۆ لەگەڵ ئەو ساتانەی ڕوونبوونەوە و ئەو جوانیانەدا دەمرن کە دووبارە نابنەوە. هەموویان بە هەمان شێوە ئاوادەبن، بێ بوونی هیچ پایەیەکی باڵا تا بیانپارێزێت و بیانکاتە ئەستێرەی پرشنگدار. مامۆستا شانۆییەکان ئەمەیان زانیوە، هیچ دانپێدانانێك بایەخی نیە کاتێك ڕووبەڕووی ئەو یەقینە دەبینەوە کە بناغەی کارەکەمانە: دروستکردنی ساتەکانی ڕاستی، ئاڵۆزی، ئازادی لەناوجەرگەی گەورەترین نالەباری و مەترسیەکاندا. هیچ شتێك ڕزگاری نابێت جگە لە داتا و تۆماری کارەکانیان لەسەر ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە ئایدیایەکی زۆر کاڵ لەو کارانەی ئەوان ئەنجامیان داوە زیاتر نییە. بەڵام ئەوەی هەمیشە لەو تۆمارانەدا نادیارە، ئەو وەڵامدانەوە بێدەنگەی بینەرەکانە، لەپڕێکدا لەوە تێدەگەن ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نە دەتوانرێت وەربگێڕدرێت، نە لەدەرەوە پەیدا دەکرێت، ئەویش ئەوەی ئەو ڕاستیانەی لەویادا باس دەکرێن ئەزموونی ژیانن، بۆ چەند چرکەیەك، تەنانەت لە خودی ژیانیش ڕۆشنترن. 
کاتێك لەوە تێگەیشتم شانۆ بۆخۆی ووڵاتە، هەرێمێکی سەرەکییە و باڵ بەسەر هەموو جیهاندا دەکێشێت، بڕوایەك لەناومدا سەریهەڵدا، بڕوایەك لە هەمانکاتدابینین و تێگەیشتنیش بوو بۆ مانای ئازادی: تۆ پێویست ناکات دوور بڕۆیت، یان لەو شوێنەی خۆت بڕۆیت، تۆ پێویست ناکات ڕاکەیت یان خۆت بجووڵێنیت. جەماوەر لەو شوێنەیە کە تۆی تێدا هەیت. ئەو هاوکارانەی دەتەوێن لە تەنیشتی خۆتن. لەوێ، لەدەرەوەی ئەو ماڵەی تۆ، هەموو ناڕۆشنی و ئاڵۆزیەکانی ڕاستەقینە ڕۆژانەییەکانت هەیە. ئیتر لەو وەستانە ئاشکرایەوە نەخشەی گەورەترین گەشت دادەڕێژیت، بۆ ئەوەی ئۆدیسە دووبارە بکەیتەوە، سەفەرەکەی ئارگۆناتس: تۆ ئەو گەشتیارە بێجووڵەیەیت کە لە خێراکردنی چڕی و سەختی جیهانە ڕاستەقینەکەی خۆت کۆڵنادەیت. گەشتەکەت بەرەوڕووی ئەو ڕاگوزەریەیە، بەرەو ئەو ساتە، بەرەو ئەو ساتی بەیەکگەیشتنانەی بەردەم هاوشێوەکانت کە دووبارە نابنەوە. گەشتەکەت بەرەو ئەوانە، بەرەو دڵیان، بەرەو تایبەتمەندێتیەکانیان، تۆ لەگەڵ ئەواندا گەشت دەکەیت، بە ناوەوەیاندا گەشت دەکەیت، بەناو هەستەوەرەکانیاندا، بەناو یادەوەریەکانیاندا کە بەئاگات هێناونەتەوە و ئامادەت کردوون.
گەشتەکەت سەرئێشەیە، کەسیش ناتوانێت هەڵیسەنگێنێت یان بێدەنگی بکات. وە کەسیش ناتوانێت تا ئاستی شیاوی خۆی ددانی پێدا بنێت . ئەوە گەشتێکە بەناو مەزەنەی خەڵکەکەتدا. نەمامێکە لە دوورترین زەویەکان چێندراوە: شارستانێتی و ڕەووشت و ویژدانی مرۆڤانەی بینەرەکانت. لەبەر ئەم هۆیە، من ناجووڵێم، لە شوێنی خۆم دەمێنمەوە، لەگەڵ نزیکەکانمدا، لە وەستانێکی ئاشکرادا، شەوو ڕۆژ کار دەکەم چونکە من نهێنی خێراییم لایە. 

 


کارلۆس سیڵدرەن

هەموو ساڵێك ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئینێنیستیتوی شانۆی نێونەتەوەیی ITI کەسایەتییەکی شانۆیی بەرچاو هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی پەیامی ڕۆژی شانۆی جیهانی بنوسێت. بۆ ساڵی ٢٠١٩ بە فەرمی کارلۆس سیڵدرەن لە کوباوە ڕاسپێردرا بۆ نوسینی پەیامەکە. 


کارلۆس سێڵدرەن
دەرهێنەر و نووسەر و پرۆفیسۆری شانۆ


کارلۆس سیڵدرەن خاوەنی چەندین خەڵات، دەرهێنەر و نوسەر و ئەکادیمی و پرۆفیسۆرێکی زۆر ناسراوە، لە هانۆڤەری کوبا دەژی و کاردەکات و، کارەکانی لە هەموو جیهان نمایش دەکات.
ساڵی ١٩٦٣ لە هاڤانا لەدایك بووە، تا ئێستا چەندین نمایشیان لە کوبا و ووڵاتانی جۆراوجۆر نمایش کردووە.
سەرەتا خوێندنی زانکۆی لە بواری هونەرەکانی پێرفۆرمانس دا لە هاڤانا تەواو کرد. ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندن لە شانۆی بوێندیا دەستی بە کارە شانۆییەکانی کرد. لە ساڵی ١٩٩٦ دا بڕیاریدا گرووپێکی تایبەت بە خۆی دامەزرێنێت، گرووپێك کە ئێستا لە جیهاندا ناسراوە "شانۆی ئارگۆس" لە هاڤانای کوبا. وە گرووپەکە بە نمایشکردنی چەندین کاری کلاسیکی ئەوروپی و چەندین کاری هاوجەرخی ئەمەریکای لاتین، توانی ناوبانگێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت.