جان دەمۆ؛ ئەوشاعیرەی بیری چوو بژی
جان دەمۆ؛ ئەوشاعیرەی
بیری چوو بژی
شوان ئەحمەد
بڵابوونه‌وه‌و چاپكردنی ئه‌م كتێبه گه‌لێك دڵخۆشیكردم،
وه‌ك چۆن گه‌لێك شتی ساڵانی ڕابردووی بیرهێنامه‌وه.. ده‌رفه‌تێكی باشه‌و ده‌رچوونی كتێبه کە به زمانی كوردی دە‌كه‌مه به‌هانه‌یه‌ك
بۆئه‌وه‌ی هه‌ندێ شت بڵێم، هه‌ندێ شت ده‌رباره‌ی "جان ده‌مۆ" و دنیا
سه‌یروسه‌مه‌ره‌كه‌ی .
ساڵی 1993 هاوڕێی ئازیزم "جه‌لال ئه‌ولكه‌ریم"
له به‌غدا هاته‌وه‌و چه‌ند كتێبێكی بۆ هێنابووم، له‌وانه‌ی بیرم مابێت (أسمال)ی
"جان ده‌مۆ" و (اشكالویة المعنی فی السؤال الفلسفی) له نوسینی
"خضیر میری" و دیوانێكی "عبدالامیر جرس" كه هه‌رسێكیان له
بڵاوكراوه‌كانی (دار اللامد) بوون، له‌گه‌ڵ دیوانه شیعرێكی خاتوو دنیا میخائیل.
ئه‌ڵبه‌ته من به‌رله‌وه‌ی "أسمال"م به‌ده‌ست
بگات، "جان ده‌مۆ"م ده‌ناسی. به حوكمی ئه‌وه‌ی ساڵانی خوێندنی
زانكۆم له به‌غدا ته‌واو كردبوو، كه‌م تا زۆرێك ئاگاداری ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بی‌و
عیراقی بووم‌و زیاتریش عه‌وداڵی جیهانی شیعریی‌و شیعری شاعیره نوێگه‌ره‌كان
بووم..
له‌پاڵ خوێندنه‌وه‌ی "یوسف خاڵ‌و ئه‌دۆنیس‌و ئونسی حاج‌و
فواد ڕفقه‌و تۆفیق سائغ‌و شه‌وقی ئه‌بی شه‌قرا"دا، حه‌زم ده‌كرد شیعری
شاعیره نوێخوازه‌كانی عیراقیش بخوێنمه‌وه: "سه‌یاب‌و به‌یاتی‌و حه‌سه‌ب
شێخ جه‌عفه‌رو سه‌ركۆن پۆلس"، له‌گه‌ڵ ده‌قه ده‌گمه‌ن‌و په‌رش‌و بڵاوه‌كانی
"جان ده‌مۆ"دا.
كاتێك سه‌ربورده‌ی ژیانی هه‌ریه‌ك له "حسێن مه‌ردان‌و
عبدالامیر الحصیری"یشم خوێنده‌وه، زیاتر حه‌زم به ناسینی ژیانی تایبه‌تی‌و
دنیای شیعری "جان ده‌مۆ" كرد.. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی فه‌زای
شیعری‌و ژیانی پڕ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ئه‌و پیاوه‌ی لاجوانكرم، ئه‌و هه‌لومه‌رجه
ناهه‌موارو فه‌زا پڕ ڕیاكاریه‌ی ناو ڕۆشنبیریی عیراقی بوو كه‌به‌عس له‌گه‌ڵ
هاتنی خۆیدا وێرانیكردبوو.
به‌هاتنی به‌عس ئیتر كایه‌ی ڕۆشنبیریی عیراقی، پڕده‌بێت له
درۆزنه ئه‌دیب‌و درۆزنه نوسه‌رو درۆزنه شاعیر‌و درۆزنه ڕۆشنبیر. "جان ده‌مۆ"ش
وه‌ك شاعیرێكی ڕاستگۆ‌و مرۆڤێكی سه‌رسه‌خت، له‌و قۆناغه‌دا دێته ئارا‌و له‌گه‌ڵ
گروپی كه‌ركوكدا خۆی ئیعلان ده‌كات. زۆرێك له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی به به‌عس ڕام نه‌كران،
سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت‌و چوونه تاراوگه..
"جان ده‌مۆ" دره‌نگتر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام
به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌عێراقدا مایه‌وه، سه‌راپا به‌مه‌ستی ژیا، به‌وه‌ش
دیوارێكی كۆنكرێتی له‌نێوان جیهانه فانتازیه‌كه‌ی خۆی‌و دنیا درۆزن‌و جه‌هه‌نه‌میه‌كه‌ی
"سه‌دام حسێن"دا هه‌ڵچنی‌و كاری ڕۆژانه‌ی، بوو به‌جنێودان‌و میزكردن
به‌سه‌ر چه‌ك‌و چۆڵی جه‌للاده‌كانی بەغدادا. له‌گه‌ڵ "جه‌لالی"
هاوڕێمدا به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی به‌غدا، به تاسه‌وه بووین "جان ده‌مۆ"
ببینین. ده‌مانوت به‌ڵكو جارێك له (ساحه‌ی ته‌حریر یان ئه‌بو نه‌واس یاخود به‌تاوین
یان ساحه‌ی نه‌صر) بیبینین.. ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌ختی له‌من باشتر بوو.
ئێمه ئه‌وسا هه‌ردووكمان له‌ئوتێل نێرگز له‌شه‌قامی سه‌عدون
كارمان ده‌كرد، له پرسگه‌ی ئوتێله‌كه بووین. من سه‌ر له‌ئێواران تادوانزه‌ی شه‌وو
ئه‌ویش له‌دوانزه‌ی شه‌وه‌وه، لێمی وه‌رده‌گرت تابه‌ره‌به‌یان.. نیوه‌شه‌وێك كه‌ئه‌و
تیایدا ئێشكگر ده‌بوو تابه‌یان، سه‌رخۆشێك به‌لاره‌لار خۆی ده‌كات به‌ژووردا، سه‌رخۆشێكی
چڵكن‌و پڵكن‌و زمان له‌گۆ كه‌وتوو، داوای مه‌ی‌و شوێنی نوستنی كردبوو.. ئه‌و
كائینه "جان ده‌مۆ" بوو بوو..
شه‌وانی لای ئێمه، هه‌مه‌جۆر خه‌ڵك ڕوی تێده‌كردین. مرۆڤی
شه‌هم‌و جوان‌و خانه‌دان، هه‌روه‌ها شه‌لاتی‌و هه‌رچی‌و په‌رچی‌و دزو گه‌وادەکانی
بەغداش.. "جان ده‌مۆ" نمونه‌ی ئه‌و مرۆڤه جوان‌و بێگه‌ردانه بوو كه‌ته‌نها
جارێك هاته لامان‌و به‌وێدا گوزه‌ری كرد.
ئه‌و تا مرد، هه‌م بێ جێگا‌و هه‌م بێ ماڵ‌و هه‌م بێ هاوسه‌رو
هه‌م بێ خۆشه‌ویست‌و هه‌م بێ پاره‌و هه‌م بێ پشوو بوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو
ئه‌وانه مرۆڤێكی گه‌وره‌و شاعیرێكی ڕاسته‌قینه‌ش بوو..
"جان ده‌مۆ" یه‌كێك بوو له‌و مرۆڤه ده‌گمه‌نانه‌ی
به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زو وه‌ره‌قه شاعیر بێت، له ژیاندا شاعیر بوو.. شاعیری
ڕاسته‌قینه‌ش ئه‌وه‌یه له ژیاندا شاعیر بێت، نه‌ك له‌سه‌ر كاغه‌ز. ئه‌و زۆری نه‌نووسی‌و
زۆری نه‌وت‌و دیوانگه‌لێكی شیعریشی له پاش خۆی جێنه‌هێشت، به‌ڵام شه‌ست‌و
چوار ساڵه‌ی ته‌مه‌نی چامه‌یه‌كی شیعری سه‌یرو دانسقە بوو، وه‌ك (ئاناباز)ی
"سان حۆن پێرس" و (وێرانه خاك)ی "ت. س. ئه‌لیۆت" و (نان‌و
شه‌راب)ی "هۆڵده‌رلین".
مامۆستا "عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی" تەواو
پێكاویەتی كه‌ده‌ڵێت: (جان ده‌مۆ له‌په‌راوێز خراوه‌كانی واقیعی ئه‌ده‌بی عێراقییه،
وه‌ختێكیش له‌په‌راوێزی ناو عێراق خۆی ده‌رباز كرد‌و گه‌یشته پایته‌خته گه‌وره‌كانی
جیهان، سه‌رله‌نوێ كه‌وته‌وه ناو په‌راوێزێكی گه‌وره‌تر كهلێره‌دا ناوی ده‌نێم:
په‌راوێزی جیهانی). بڕوانه: (شڕوشیتاڵی شاهان، ل 6 و٨ ).
"جان ده‌مۆ"
وه‌هابوو، وه‌ها ژیا‌و وه‌هاش مرد. ئه‌و له‌كه‌ركوكه‌وه به‌سالوكی ده‌ستی پێكردو
كه‌چووشه به‌غداو به‌یروت‌و عه‌مان‌و سیدنیش، هه‌روا مایه‌وه. نه به‌دوای شۆره‌ت‌و
نێوبانگدا وێڵ بوو، نه‌عه‌وداڵی ئه‌وه‌ش بوو شیعره‌كانی‌له‌به‌رگێكی‌قه‌شه‌نگدا
چاپ بكات‌و ڕه‌خنه‌گره ساخته‌بازه‌كان‌و ڕۆژنامه‌نووسه لۆتیه‌كان، مه‌دح‌و سه‌نای
بكه‌ن.
ئه‌و هه‌میشه مه‌ست بوو، هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ خۆشبه‌ختی‌و
زینده‌گیدا به‌عز بوو. به ته‌نهایی گوزه‌راندی‌و به ته‌نهایش سه‌ری نایه‌وه.
غه‌ریب ژیا‌و لهغه‌ریبیشدا دڵی له‌لێدان كه‌وت. "جان ده‌مۆ" مرۆڤی
(ناشوێن) بوو، بۆیه بۆ ئه‌و گرنگ نه‌بوو له‌كوێدا ده‌ژی‌و له‌كوێشدا ده‌مرێت.
پانزە ساڵ به‌ر له‌ئێستاو له‌به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنج شه‌ممه 8/5/2003، له‌شاری
سیدنی ئوسترالیادا -كه‌ركوكیه‌ك- سه‌رتاپا مه‌ست‌و دڵ پڕ قه‌هر، ژیانی جێهێشت.
ژیانێك كه ئه‌وی له‌بیر كرد‌و ئه‌وی به نه‌فره‌ت كرد‌و ئه‌ویش به غروری خۆیه‌وه،
سازشی بۆ نه‌كردو "مه‌سیح" ئاسا خاچه‌كه‌ی كرده كۆڵی.
من‌و ئه‌و یه‌ك دوو هاوڕێیه‌ی به ژیان‌و شیعری ئه‌و
كائینه سه‌یره‌و سه‌مه‌ره‌یه موعجه‌ب بووین، ناچاربووین شوێن شیعر‌و سه‌ربورده‌ی
ئه‌وانه‌ش بكه‌وین كه‌موریدی ڕاسته‌قینه‌ی "جان ده‌مۆ" بوون، نمونه‌كانیان
وه‌ك: "كه‌زار حه‌نتوش، نصیف الناصری، حسن النواب، سه‌لاح حه‌سه‌ن‌و.. هتد".
پاش مردنی زیاد له‌نووسه‌رو شاعیرێك، له‌سه‌ر ژیان‌و ئه‌زموونی
شیعریی ئه‌م پیاوه عه‌نتیكه‌یه‌یان نووسی. هه‌ركه‌سێك چاوێكی خێرا به‌سایته‌كانی
وه‌ك (ئیلاف) و (كتابات) و (جهة الشعر)ی "قاسم حه‌داد" و (كیكا)ی
"ساموئیل شه‌معون"دا بگێڕێت، ئه‌و نوسینانه ده‌بینێت.
به‌لای منه‌وه زۆر له‌و نوسینانه جوان بوون‌و شتی شایسته
به "جان ده‌مۆ"یان تێدابوو، به‌ڵام جوانترین ناونیشانێك كه‌له‌و
نوسینانه‌دا به‌رچاوم كه‌وتبێت، سه‌ردێڕی نوسینێكی نووسه‌ری فه‌له‌ستینی
"تیسیر نظمی" بوو، به ناونیشانی (ئه‌و شاعیره‌ی بیری چوو بژی..
جان، اما زلت تمزح ونحن نبحث عنك؟)، بۆیه هه‌ر ئه‌و دێڕه‌م كرده سه‌رباسی ئه‌م
نووسینه‌م..
زۆر ڕاسته، ئه‌و له‌ناو گێژاوی مه‌ستی‌و سه‌رگه‌ردانی‌و
ته‌نهاییدا، شتێكی بیرچوو.. "جان ده‌مۆ" بیری چوو بژی. بیری چوو هه‌ڵپه
بكات‌و ڕاکەڕاکەی بێت و ڕیاکارانە بژی و به‌ناوی شاعیر بوونیشه‌وه، شیعر هه‌ڕاج‌و
هه‌رزان فرۆش بكات.
دواجار ده‌ستخۆشی له‌مامۆستا "عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی"
ده‌كه‌م، كه‌ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی‌و خوێنه‌رانی ئێمه‌ی
به‌ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌ڕاستگۆیه ئاشنا كرد‌و ئاوڕی له‌پیاوێك دایه‌وه كه‌ژیان
ڕووی لێوه‌رگێڕابوو، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شی بۆ من ڕه‌خساند چه‌ند شتێك
بڵێم..
وه‌ك دواسه‌رنجیش ده‌مه‌وێت بڵێم، مامۆستا ده‌یتوانی
بۆئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت، هه‌ندێ شتی تریشی تێهه‌ڵكێشی ئه‌م
كتێبه بكردایه‌و بیكردنایه به كوردی. به تایبه‌ت ده‌قی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه
كه‌مانه‌ی كه له‌گه‌ڵ "جان ده‌مۆ"دا كراون، وه‌ك: (گفتوگۆیه‌كی شاكر
نوری كه ڕۆژی 5/7/1996 له ڕۆژنامه‌ی -القدس العربی- بڵاوكراوه‌ته‌وه)، له‌گه‌ڵ
(گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڤاری -الجسور)، هه‌روه‌ها (گفتوگۆیه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ
هادی الحسینی)دا.
ئه‌وه‌و سه‌ره‌ڕای نوسینگه‌لێكی تر كه‌بهبڕوای من هیچیان له‌و
دوو وتاره‌ی "عبدالقادر الجنابی" و "فاطمة المحسن" كه‌متر
نییه كه‌مامۆستا له‌م كتێبه‌دا كردوونی به كوردی. نمونه‌ی ئه‌و نووسین‌و
وتاره به‌پێزانه‌ی تر كه‌له‌سه‌ر "جان ده‌مۆ" نوسراون، به‌قه‌ڵه‌می
ئه‌مانه بووه: "عه‌بده وازن، سه‌عدی یوسف، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، حه‌سه‌ن نه‌واب،
عه‌باس به‌یزون، ته‌یسیر نه‌زمی، عه‌بدوڵڵا ئیراهیم، ئه‌سكه‌نده‌ر حه‌به‌ش‌و..
هتد".
هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م كاره به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستاشیه‌وه، مایه‌ی
دڵخۆشیه‌و ده‌كرێت ئه‌وانه‌شی كه‌ماون، پرۆژه‌ی دووه‌می مامۆستابن له‌سه‌ر
"جان ده‌مۆ" و جیهانه پڕ فانتازیاو سه‌یروسه‌مه‌ره‌كه‌ی.
*جان ده‌مۆ:
شڕوشیتاڵی شاهان، وه‌گێڕانی: عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی - له بڵاوكراوه‌كانی:
بنكه‌ی ئه‌ده‌بی‌و ڕوناكبیری گه‌لاوێژ، چاپی یه‌كه‌م 2004، قه‌واره: 97 لاپه‌ڕه.