ئایا لە ململانێی نێوان ئازادی و دادپەروەری دەبێت بژاردە کامیان بێت؟

ڕەخنەی چاودێر 15/02/2019



ئایا لە ململانێی نێوان ئازادی و دادپەروەری دەبێت بژاردە کامیان بێت؟

کامۆ و سارتەر کۆمۆنیست بوون یاخود سۆسیالیست؟ بۆچی کامۆ دژی شۆڕشی توندوتیژانەبوو؟ ئایا لە کێشمەکێشمی نێوان ئازادی و دادپەروەری گەرەکە کامیان بژاردەبێت؟


وتار
نووسین: سام درێسەر (Sam Dresser)
بەکوردی کردن: بیلال نەسرین

ئەوان دوو ھاوڕێی زۆر نزیک بوون. ئەلبێرکامۆ لە جەزائیری ژێر سایەی فەڕەنسا، لە خێزانێکی ھەژار کە کۆچەریی ئەوروپی بوون ھاتووەتە دونیاوە و سەروسیمایەکی قەشەنگی ھەبوو. ژان پۆڵ سارتەر لە خێزانێکی چینی خانەدانی کۆمەڵگای فەڕەنسی ھەڵکەوتووە و بەھیچ شێوەیەک قەشەنگ و لەبەردڵان نەدەھاتە پێش چاو. ئەوان لە پاریس، لە سەروبەندی داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانەوە، بەیەکتر ئاشنابوون و پاشی جەنگی جیھانی دووەم ھاوڕێیەتییەکەیان زیاتر گەشەی کرد. لەو زەمەنەدا، زەمەنێک کە شار ھێدی ھێدی بۆ کەشی ئاسایی خۆی دەگەڕایەوە، کامۆ نزیکترین دۆستی سارتەر بوو. لە پاشتردا سارتەر دەڵێت: لەو سەردەمەدائێمە تۆمان زۆر خۆشدەویست. 
ئەوان دوو سیمای درەوشاوەی ئەو سەردەمە بوون. ڕۆژنامەکان بەردەوام چالاکیەکانی ڕۆژانەی ئەوانیان بڵاودەکردەوە:"سارتەر لە کافێ دو میگو[کافێیەکی ناسرەوە لە شاری پاریس] جێگیربووە و کامۆ سەرتاسەری پاریس تەی دەکات". لەگەڵ دەستپێکی بونیادنانەوەی شار، کامۆ و سارتەر وتاربێژ و دەنگە لەبەرچاوەکانی ئەو سەردەمە بوون. ئەوروپا لەئاگری جەنگدا سوتابوو، ئەما خۆڵەمێشێک وەک پاشماوەی جەنگ بەجێما، کە هەلومەرجێکی بۆ وێناکردنی دونیایەکی نوێ فەراھەمکردبوو. خوێنەرانی بەرھەمەکانی کامۆ و سارتەر ماتڵی ئەوەبوون بزانن ئەوان چۆن وێنای ئەو دونیا نوێیە دەکەن و چۆن شکڵدەگرێت. سیمیۆن دی بوڤوار، یەکێک لەو فەیلەسوفانەی کە لەگەڵ ئەوان بوو، دەڵێت: ئێمە دەبوو بۆ سەردەمی پاش جەنگ، ئایدیۆلۆژیایەکمان فەراھەمکردبا. ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە فۆڕمی بوونگەرای [Existentialism] شکڵی گرتوو و مانیڤێستبوو. کامۆ، سارتەر، و ئەو ڕۆشنفکرانەی کە لەگەڵیان بوون دینیان پشتگوێ خست، شانۆنامەی نوێ و کاریگەرییان بۆسەر تەختەی شانۆ گواستەوە، داوایان لە خوێنەرەکانیان دەکرد ژیانی ڕەسەنی پێشتریان بەدەستبێننەوە، و وتاریان لەبارەی [پووچی جیھان] جیھانێک خاڵی لە ئەمانج و چارەنوس و بەھا، دەنووسی. کامۆ دەڵێت: تەنھا جەستەکان، ئەستێرەکان، ھەقیقەتگەلێک بوونیان ھەیە کە لەتوانادابێت بەدەست درکیان پێبکرێت. ئێمە دەبێت ژیان لەم جیھانەدا بنیادبێنین و خۆمان مانا و بەھای پێببەخشین تاوەکو بتوانین درکی پێبکەین. بە مانایەکی دیکە، مرۆڤەکان ئازادن و ئەم ئازادییە بارێکە بە کۆڵیانەوە و لەپشت ئازادییەوە بەرپرسیاریەتییەکی دژوار ئامادەیە، بەرپرسیاریەتی لە پێش وەرگرتنەوەی ژیانی ڕەسەن.
ئەلبێر کامۆ لە دەستکورتییەوە تاوەکو بەدەستھێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات
ئەگەر ئایدیای ئازادی لای سارتەر و کامۆ لەڕووی فەلسەفییەوە ھاوپەیوەستبووبێت، ئەوا ناکۆکیان لەسەر پرەنسیپ و فاکتەری مانیڤێستبوونی سیاسیانەی دادپەروەری سەریھەڵداوە. ئەوان پێداگربوون لەسەر ئەوەی لەتەک نادادپەروەی لەسەنگەردابن و کۆشش و تەقەلای لەناوبردنی نادادی بەربنەمای کاریان بێت. بە بڕوای ئەوان ھیچ چینێک بەئەندازەی چینی کرێکاران،پڕۆلیتاریا، دووچای نادادی نەبوون. لە گۆشە نیگای سارتەر و کامۆوە، کرێکاران لەگەڵ کارەکەیان زنجیرکراون و لە مافی ئینسانی خۆیان بەھەرەمەند نین و بێبەش کراون. بۆ بەدەستھێنانی ئازادی ئەوان(پڕۆلیتاریا)، پێویستە سیستمێکی سیاسی نوێ بێتە کایەوە. کامۆ لە ساڵی ١٩٥١، «مرۆڤی یاخی»ی بڵاوکردەوە. ئەو لەم پەرتووکەدا پوختەی [فەلسەفەی یاخیبووان]ی بەیانکرد. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە بەمانای دەقیقی وشە فەلسەفی نەبوو بەڵکو ئاوێتەیەک بوو لە ئایدیای فەلسەفی و سیاسی: ھەموو مرۆگەل ئازادن، بەڵام ئازادی خود شتێکی ڕێژەییە، دەبێت لە سنوورەکان، میانڕەوی، و «مەترسییەکانی پێوانە» پارێزیبکرێت، بژاردەی ڕەھا دژی مرۆگەلە. کامۆ بەر لە ھەرشتێکی دیکە، شۆڕشی توندوتیژانەی دایە بەر ڕەخنە. لە بارودۆخی تایبەتدا دەتوانرێت کەڵک لە زەبروزەنگ وەربگیرێت (ھەرچۆنێک بێت کامۆ دژی جەنگی فەڕەنسابوو لەبەرامبەر نازییەکان)، بەڵام کەڵک وەرگرتنی تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بۆ پێدانی پلە و شوناسێکی دڵخۆزانە لە مێژوودا شتێکی خەیاڵپڵاوانە، ڕەھاگەرایانە، و حەتا خیانەتە لە خودی خۆت. کامۆ دەڵێت:ئازادی ڕەھا گوزارشتە لە حەقی بەھێزترین تاک کە دەسەڵاتی بەسەریدا زاڵبێت، ئەمە لە کاتێکدا کە دادپەروەری ڕەھا لەئاکامی لەناوبردن و ڕەشکردنەوەی کۆی ململانێ و کێشمەکێشمەکان بەدەست دێت و دێتە ئاراوە؛ لەئەنجامدا، ئەم دادپەروەرییە کرۆکی ئازادییە.ئەم دووبەرەکی و دانونەکوڵانەی نێوان دادپەروەری و ئازادی دەبێتە ھۆی پایانی ھاوسەنگی (Balance) ھەمیشەیی، میانڕەوی سیاسی، و بە ڕەسمی ناساندنی شتێکە کە زۆرترین سنوورەکان بەرھەمدێنێت: «مرۆڤبوونمان». ئەو دەڵێت: دەبێت بۆ بونیادنانی خود بژیت و ڕێگە بۆ ژیانکردنیش خۆشبکرێت. 
بۆ سارتەر، (مرۆڤی یاخی) ناپەسەند بوو. بەبۆچوونی سارتەر گەیشتن بە دادپەروەری و ئازادی کامڵ و بێ خەوش لەکردن دێت- ئەڵبەتە بە مانیڤێستبوونی کۆمۆنیزم-. لە ژێر ھەژموونی سەرمایەداری و بوونی چینی ھەژار، کرێکاران (پڕۆلیتاریا) ناتوانن ئازادبن. ھەڵبژاردەکانیان بەبێ خواست و ئارەزووی خۆیان و نائینسانی: یان کاری تاقەتپڕوکێن و لە توانابەدەریان ھەبێت یان بمرن. بەڵام کۆمۆنیزم بە لەناوبردن و سڕینەوەی سەرکوتکەران و گەڕاندنەوەی سەروەری و خودموختاری بۆ کرێکاران، خواست و نیازی ماددی تاکەکان فەراھەمدەکات و لەئاکامدا دەتوانن باشترین ڕێگە بۆ خۆشنوودی و خۆبنیادنان دەستەبەر بکەن. بەپێی ئەم ڕێکخستنە ئەوان ئازادن و بەئامادەگی ئەم یەکسانییە ڕەھایە، ئەوا بەھەمان شێوە دادپەروەریش بەرقەرارە. 
ناکۆکی و نەسازانی جەوھەری لەو خاڵەدا چڕبووەوە کە بە بۆچوونی سارتەر و زۆرێک لە چەپگەراکان، بۆ مانیڤێستبوونی کۆمۆنیزم توندوتیژی لە شۆڕشدا پێویستبوو، لەژێر سایەی سیستمێکی سەروەر کە دەبوو بە شکست دووچاربکرێت. ئەڵبەتە تەواوی چەپگەراکان لەگەڵ بەکاربردنی توندوتیژیدا نەبوون. ئەم ناکۆکییەی نێوان چەپگەراکان-توندڕەو و میانڕەو- بە دەربڕینی کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان، شتێکی نوێ نەبوو. بەو پێیە، لە دەیەی ١٩٣٠ و سەرەتاکانی دەیەی ١٩٦٠ ئەم دوو ڕەوتە بە تێپەڕبوونی کات دژی فاشیزم بەیەکتر پەیوەست دەبوون. ئەما بەلەناوچوونی فاشیزم، دووبەرەکی نێوان چەپگەرایانی توندڕەو (ڕەوایەتی بەخش بە توندوتیژی) و چەپگەرایانی میانڕەو (دژبەری کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی) سەرلەنوێ سەریھەڵدایەوە. لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکان و دامەزراندی یەکێتی سۆڤیەت، کە بە جۆشدان و پشتگیری توندڕەوەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا گەشتە لوتکە و ترۆپکی خۆی، و بە نیگەرانی لە خێوەتگای بەندکراوان(لە ڕووسیا)، ترسی سەرتاپاگیر و دادگای نمایشیی، ناکۆکییەکان قوڵتر بوویەوە. پرسیارێک کە ھەر چەپگەرایەک لە سەردەمی دوای جەنگ ئاڕاستەی دەکرا، زۆر سادەبوو: " لەگەڵ کام لایەنیت؟ ". کامۆ بە بڵاوکردنەوەی «مرۆڤی یاخی» بەرگری لە سۆسیالیزمی ئاشتیخوازنە کرد کە دژی شۆڕشی توندوتیژانە بوو. ئەو ھەواڵانەی کە لە یەکێتی سۆڤیەتەوە دەگەشتنە گوێ، زیاتر کۆمۆنیزمیان لەپێش چاوی کامۆ دەخست: کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت نەک یەکگرتوو و ئازاد نین بەڵکو ھیچ لە ئازادی بەھەرەمەند نین. لەھەمان سەردەمدا، سارتەر لە ڕەوتی کۆمۆنیزمدا خەباتی دەکرد و لەگەڵ ئەوەدابوو کە کەڵک لە توندوتیژی پێویست وەربگیرێت.
جودایی نێوان ئەم دوو ھاوڕێیە ھەر زوو لەسەر پەڕاوی بڵاوکراوەکان پەخشبووەوە. لە یەکێک لەو وەشنخانانەی کە سارتەر بابەتی تێدا بڵاودەکردەوە، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر پەرتووکی «مرۆڤی یاخی» بڵاوکردەوە، کە سەد جار لێی چاپکرایەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وێناکردنی ئەوەی کە ناکۆکی نێوان ڕۆشنفکران بتوانێت تا ئەم ئاستە کار لە بیرکردنەوەی خەڵکی بکات شتێکی دژوارە، ئەما بۆ زۆرێک لە خوێنەرانی ئەو سەردەمە، ئەم ناکۆکییە ڕەنگدانەوەی لە تەنگەژەی سیاسیدا ھەبووە. لە ڕاستیدا بەبۆچوونی ئەوان، سیاسەتکردن بۆ مەیدانی ئایدیاکان و ئەندێشەکان گواستراوەتەوە و یاسا و دەستوور بەپێی پێوانەی بەھای ئایدیاکان بووە. ئەگەر تۆ بەتەواوی پەیوەستی ئایدیایەک بیت، ئایا دەبێت لە پێناویدا ئامادەبیت ئەوانی دیکە بکوژیت؟ بەھای دادپەروەری چییە؟ بەھای ئازادی چییە؟ 
بیرکردنەوەکانی سارتەر لەناو خۆیدا دژییەکی دروست دەکرد و ئەو تا کۆتای ژیانی دەرگیری ئەو دژییەکیانە مایەوە. سارتەری بوونگەرا(Existentialist) کە دەیگووت: مرۆگەل مەحکومن بە ئازادی. ھەمان ئەو سارتەرە کۆمۆنیستە بوو کە لەو باوەڕەدابوو مێژوو کاتی پێویست بۆ گەشتن بە ئازادی ھەقیقی، بەمانای وجوودی وشەکە، مەیسەر ناکات. ھەرچەندە سارتەر بەشێوەیەکی ڕەسمی پەیوەستی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی نەبوو بەڵام تا ساڵی ١٩٥٦ لە سەرتاسەری ئەوروپا بەرگری لە کۆمۆنیزم دەکرد. لەو ساڵەدا، کاتی لەشکرکێشی تانکەکانی سۆڤیەت لە بۆداپێست سەرەنجام بەوە قایلبوو کە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوون لە سۆڤیەت بەئەنجام ناگات. " بە وتەی سارتەر، ھۆکاری نائومێدبوونی ئەو لەهەمبەر سۆڤیەت لە بۆداپێست ئەوە بووە کە ئەوان وەک ئەمریکییەکان ڕەفتاریان دەکرد ". ھەرچەندە ئەو لە سۆڤیەت دوورکەوتەوە بەڵام بەھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەوە نەبوو کە تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بەکاربھێنرێت. سارتەر تا کۆتایی ژیانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین چەپڕەوەکان مایەوە و شارڵ دو گول پارێزەر و قەڵغانی ئەو بوو. ( پاشی یەکێک لە ھێرشە سەختەکان، داوایان لە دو گول کرد کە سارتەر دەستگیر بکات. ئەو بەرسڤی دایەوە:
(ڤۆڵتێر زیندانی ناکرێت!).
توندوتیژی کۆمۆنیزم بووە باعیسی ئەوەی کامۆ ڕێگایەکی دیکە ھەڵبژێرێت. ئەو لە «مرۆڤی یاخی»دا دەنووسێ: «لە کۆتایدا، ئازادی ھەڵدەبژێرم. تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتی دەربڕین دژی نادادپەروەی دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بەکراوەی دەھێڵێتەوە».
لەگەڵ ئەوەی جەنگی سارد کۆتایی ھات، ناتوانیت لەتەک کامۆدا ھاوڕانەبیت و لە وەفاداری سارتەر بۆ کۆمۆنیزم دڵکرمێ نەبیت. کامۆ بە هەڵپرژانی بەسەر واقعیەتی سیاسی، ئەزمەی مۆراڵی، و سنورەکان و ئیمکانی هەڵەکاری مرۆڤ پەیامێکی ئەرزشمەندی بۆ سەردەمی هەنووکەیمان هەیە. حەتا پیرۆزترین و پڕبەهاترین ئایدیاکان گەرەکە لەبەرامبەر ئایدیاکانی دیکەدا هاوتابن و وەک یەک تەماشابکرێن. ڕەهاگەرایی و ئایدیالیزمی زشت و ناجۆر داهاتوویەکی مەترسیدار لە پێشڕەویماندا دەسازێنێت- لەبەر هەمان هۆکار دەقیق سەروەختێک کە کامۆ و سارتەر دەکۆشان تاکو وێنای دونیایەکی ئازادتر و دادپەروەرانەتر بکەن، ئەوروپا لە ئاگردا دەسووتا. 



سيمۆن ديڤۆبوار_سارته‌ر