دایکی فروغ باسی ڕۆژی مردنی کچەکەی دەکات

ڕەخنەی چاودێر 14/02/2019

ڕەخنەی چاودێر

لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ڕەخنەی چاودێر پێشتر بڵاوی کردبووەوە و مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵیدا سازیداوە، بەتول وەزیری تەبار، دایکی فروغی فرۆخزاد، چیرۆکی مردنەکەی فروغ دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی دیدارەکە بە چەند بەش بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، تەنها ئەو بەشەیەتی کە باس لە ڕۆژی مردنەکەی فروغ دەکات، ئەوەش بە بۆنەی ساڵڕۆژی مەرگییەوە کە ئەمڕۆیە.

*چیت لەبیرە لەبارەی دوایین دیدارت لەگەڵ فروغ؟ كەی بوو لە كوێ‌ بوو دۆخی فروغت لەو ڕۆژەدا چۆن دی؟
- فروغ ماوەیەكی زۆر بوو بەردەوام باسی مەرگی خۆی دەكرد، وەك بڵێی پێشبینی شتێكی كردبێت، زۆرجار دەهات بۆ ماڵەوە‌ باسی مەرگی دەكرد من توڕە دەبووم لێی ‌و دەموت بۆ ئازاری من دەدەیت ‌و تاكەی باسی ئەم قسە بێمانایانە دەكەیت.
ڕۆژێك هات بۆ ماڵەوەو خەریكبووین قسەمان دەكرد، وتی دایە بیر لەوە بكەرەوە هەر لەم ڕۆژانەو لە دوو شەممەیەكدا لە ڕۆژنامەوە تەلەفۆنت بۆ دەكەن بۆ سەرەخۆشیكردن. منیش وتم فروغ توقورئان بڕۆ دەرەوە بەخوا لێرە بمێنیتەوە شێتم دەكەی. هەر ئەو ڕۆژە بوو وتی دووشەممە بۆ نانی نیوەڕۆ دێم بۆ ئێرە، بەڵام درەنگ دێم ‌و ئێوە نانی خۆتان بخۆن. كاتژمێری دووی ڕۆژی دووشەممە هات بۆ ماڵەوەو دوای نانخواردن بەحسەینی وت بڕوات لەسەر كۆڵانەكە پاكەتێكی بۆ بكڕێت. حسەین جگەرەی بۆ هێناو فروغ جگەرەی دەكێشا. پاشان هەستا بڕوات، وتم بۆ وا بە زوویی دەڕۆی وتی كارم هە‌یە دایە. ماچی كردم ‌و ڕۆیشت، كاتێ‌ ماچی كردم، هەستم كرد زۆر ساردە. زۆر ترسام، بیستبووم ئەوانەی دەمرن زۆر سارد دەبن، دڵم داكەوت. بەدوایدا چوومە دەرەوە.
وتم سەردەكەوی بڕۆی خێرا لێمەخوڕە. وتی دایە چییە ئەو هەموو ئامۆژگارییەی دەكەی، بڕیار بێت هەر شتێ‌ ڕووبدات ڕوو دەدات. دووبارە ماچی كردو لەسەر كۆڵانەكەدا سواری جێبەكەی بوو. دەستی بۆ ڕاوەشاندم ‌و بەخێرایی ڕۆیشت.

* ئەمە دوایین دیداری تۆ و حسەین بوو لەگەڵ فروغدا؟
- بەڵێ‌ هەر لەو ڕۆژەدا بوو لە ماڵەوە ڕۆیشتە دەرەوەو دەعمی كردو مرد.

* فروغ جارێكی تریش لەو ماوەیەی پێشوتردا دەعمی كردبوو، چەند كەسێكی لەگەڵ دەبێت ئەوان بریندار دەبن ‌و فروغ هیچی لێ نایەت، فروغ لەو ساڵانەی كۆتایی ژیانیدا چەند جارێك بەشداری خۆپیشاندان دەكات ‌و ساواك ‌و دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی پاراستنی ئێران بە توندی چاودێریان كردووە، تۆ ئاگات لە وانە بوو؟
- لەڕاستیدا من دەمزانی ‌و دەمبیستەوە دەچێتە خۆپیشاندانەوە، بیستبووم بەشداری پرسی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی دەكات، بەس دواتر بیستم چەند جارێك ڕاونراوەو عەزێت دراوەو یەك دوو جاریش دەستگیر كراوە.

* بەڵام هەر ئەو نیوەڕۆیەی دەڕواتە دەرەوەو خوا حافیزی لەتۆ دەكات ئوتۆمبێلی ساواك دوای دەكەوێت ‌و لە دەست ئەوان هەڵدێت ‌و ئەو پاسەی كە منداڵان بۆ قوتابخانە دەبات دێتە بەردەمی ‌و ئەو ڕووداوە ڕوو دەدات، وایە؟
- بەڵێ‌ ڕاستە، وەك دەگێڕنەوە لە ڕێگای چوون بۆ شوێنی كارەكەیدا، واتە ستۆدیۆ گوڵستان، دوای دەكەون و بۆ ماوەیەكی زۆر بەدوایەوە دەبن ‌و فروغ بۆ ئەوەی ڕێگایان لێ ون بكات لە سێڕییانی سەلتەنەت ئابادە بینیویانە ساواكی بە دواوە بووە تا خودی شەقامی سەڵتەنەت ئابادو لەوێشەوە بۆ شەقامی هیدایەت ‌و دواجار لە شەقامی (دەروس)دا فروغ ڕێگایان لێ ون دەكات، بەڵام لەوكاتەدا پاسی منداڵانی قوتابخانە دێتە بەردەمی ‌و ئەمیش خۆی لە پاسەكە لادەدات بۆ ئەوەی وەرنەگەڕێت، خۆی دەكێشێت بە درەختی قەراغ جۆگەلەی شەقامەكەداو سەری بەردەرگاكە دەكەوێت ‌و دەكەوێتە خوارەوەو سەری بەر كۆنكرێتی قەراغ شەقامەكە دەكەوێت ‌و دەمرێت.

* گوایە فروغ لەو ڕۆژەدا كەسێكی تری لەگەڵدا بووە، وایە؟ ئەو كەسە كێ‌ بوو كە تەنانەت برینداریش نەبوو، بۆ هیچ لەبارەی ئەو ڕۆژەو وردەكاریەیكانەوە ناڵێت؟ ڕەنگە ئەو باشترین شاهیدی ئەو ڕووداوەو بێت بە وردەكاری ئەوەی چۆن بوو بۆچی ‌و چی ڕوویدا؟
- ڕاستە كەسێكی لەگەڵدا بووەو ئەو هیچی لێ نەهاتووە، بەڵام نازانم ئایا لەبەر دۆخی ئەمنی خۆی ‌و پرسی سیاسی ‌و دەستگیرنەكرانی بوو، یان لەبەر هەر هۆكارێكی تر بێدەنگی هەڵبژاردووە، نەیدەویست قسە بكات.

* یەكەم كەس كێ‌ بوو هەواڵی مردنەكەی پێ ڕاگەیاندی؟
- كەسێك بوو لە نەخۆشخانەوە تەلەفۆنی كردو وتی تۆ خانمی سەرهەنگی، وتم بەڵێ‌، فەرموو، وتی فروغ خانم دەعمی كردووە، منیش وتم كاكە توخوا سەر مەخەرە سەرم، ڕاستم پێ بڵێ‌ چی بووە، وتی درۆت لەگەڵ ناكەم ‌و دوژمنایەتیم لەگەڵتدا نییە، تەنیا ویستم هەواڵەكەت پێ بگەیەنم. توشی شۆك بووم تەلەفۆنەكەم داخست.
پاش كەمێك تەلەفۆن زەنگی لێدا، هەڵمگرت، ئارایشتگەرەكەمان بوو. هەر گوێی لە دەنگم بوو، وتی هیچ بووە؟ وتم هەر ئێستا كەسێك تەلەفۆنی كردو وتی فروغ دەعمی كردووە، ئەویش وتی منیش بیستوومەو هەر لەبەرئەوە تەلەفۆنم بۆ كردی. نازانم چۆن خۆم ئامادە كردو دەستی حسەینم گرت ‌و بەڕێكەوتم بەرەو نەخۆشخانە.

* كە تۆ گەیشتیتە نەخۆشخانە كێت دی، و چیان پێ وتی، توانیت فروغ ببینیت؟
- من گەیشتمە ئەوێ‌ دەرگا داخرابوو كەسی لێ نەمابوو، تەنیا كابرایەك لەبەردەم دەرگای هۆڵەكەدا وەستابوو، زۆری لێ پاڕامەوە دەرگاكەی بۆ نەكردمەوە، پاسەوانەكە پرسی كەستان دەعمی كردووە؟ وتم بەڵێ‌، ئەو هی سەرهەنگەكەیە؟ وتم بەڵێ‌، وتی بڕۆ سبەی وەرەوە هەموویان ڕۆیشتن، وتم ئەمەوێ‌ كچەكە ببینم، توخوا بهێڵن بیبینم، لێرە ناڕۆم تا نەیبینم، هەر نەیدەهێشت ‌و دەیوت مەحاڵە، بڕۆ سبەینێ‌ وەرەوە، وتم ناڕۆم، وتی ئەتەوێ‌ كچەكەت ببینی بزانی چییەتی؟ وتم ئەمەوێ‌ بزانم زیندوە یا مردوە، بێشعورە وتی وابزانە مردووە! من هەر لەوێدا بێهۆش كەوتم.
كاتێ‌ هۆشم هاتەوە زانیم لە ماڵەوەم ‌و قیامەتە لە ماڵەوەمان.
هەموو شاعیرو نووسەر و هونەرمەندو كامێرامان ‌و زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی فروغ كە بەردەوام دەهاتن بۆ ماڵمان و داییم لەوێ‌ بوون.