كاتی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن راگەیەندرا

ئابوری 14/02/2019

چاودێر 
دوای زیاتر لەچوار مانگ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی پارەی كارمەندانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پارلەمانی كوردستان دەكرێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی فەرمانگەی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێم، كە وێنەیەكی دەست چاودێر، كەوتووە، هاتووە"دوای تەواوكردنی كاری وردبینیكردنی ناوی كارمەندانی ئەو پارێزگایانەی وردبینیان تەواوبوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە پارەی كارمەندان لەپارێزگای هەڵەبجە خەرجدەكرێت و دابەشكردنی پارەكەش  لەڕێگەی بانكەوە دەبێت".
ئاماژەبەوەشكراوە: لەئێستادا وردبینی پارێزگای هەڵەبجە تەواوبووە و كۆمسیۆن ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردنی داوە.
لەراگەیاندراوەكەدا، باسلەوەشكراوە: سەرجەم كارمەندانی سەنتەری شارو ناحیەكانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 840  كارمەنددەبن و  بەرپرسی وێستگە 200 هەزارو كارمەندانی دیكەش 150 هەزاریان پێدەدرێت، لەدوای هەڵەبجەش دابەشكردنی پارەی كارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری كوردستان دەستپێدەكات.