بۆچی لە چاپی نوێێ "فیفای 2019"دا وێنەی رۆناڵدۆ لابراوە؟

وەرزش 11/02/2019

چاودێر: دوو كۆمپانیای بەرهەمهێنەری "یاریی ئەلیكترۆنیی فیفا" وێنەی كریستیانۆ رۆناڵدۆیان لەبەرگی نوسخەی نوێی "فیفای 2019" لابردووە.
لابردنی وێنەی رۆناڵدۆ لە بەرگی چاپە نوێیەكەدا بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەستێرە پورتوگالییەكە بووە. ئەگەرچی پێشتر دەموچاوی سەرەكیی ئەو یارییە بووە بۆ ئەم وەرزە.
لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، كە نوسخەی نوێی فیفای 2019ی تایبەت بەم وەرزە بڵاوكرایەوە، رۆناڵدۆ وێنەی سەرەكیی سەر بەرگەكە بوو. لەپاڵیشیدا نیمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان.
بەڵام لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی دەستپێكردنەوەی چامپیۆنس لیگ، ئەو دوو كۆمپانیا ئەمەریكییە نوسخەیەكی نوێیان بۆ یارییەكە خستە بازاڕەوە بەبێ ئەوەی وێنەی رۆناڵدۆی تێدا بێت.
لەبری ئەوەیش وێنەی سێ یاریزانیان داناوە: نیمار داسیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینی ئەستێرەی یوڤنتۆس و هەروەها كیڤن دی برۆینی بەلجیكی ئەستێرەی مانچستەر سیتی.
دانانی وێنەی ئەم سێ یاریزانە لەكاتێكدایە هەریەك لە دیبالا و دی برۆین ئەم وەرزە بەرێكوپێكی بەشداریی یارییەكانیان نەكردووە و نەیانتوانیوە ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن، هەروەها نیمار داسیلڤایش بەهۆی پێكانەوە ناتوانێت بەشداریی لە یارییەكانی یانەكەیدا بكات لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگدا.
چاودێران و میدیاكانی ئەمەریكا پێیانوایە ئەم هەنگاوەی دوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكە پەیوەندیی بە دۆسیەكەی ماوەی رابردووی رۆناڵدۆوە هەیە، كە كچێك سكاڵای لەسەر تۆماركردبوو بەوەی لە ساڵی 2009دا لە هۆتێلێكی لاس ڤیگاس دەستدرێژیی كردۆتە سەر.