"ماڵی پشیلەکان"ـی هیوا قادر لە ڕۆژی ڤالانتایندا بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 10/02/2019

ڕەخنەی چاودێر: پێشەوا محەمەد


"ماڵی پشیلەکان"، نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننووس و شاعیری کورد هیوا قادرە و بڕیارە لەگەڵ سەرلەنوێ چاپکردنەوەی هەر یەکە لە ڕۆمانەکانی "منداڵانی گەڕەک" و "منداڵێک لەسەر مانگە" لەڕۆژی ١٤ی ٢ کە ڕۆژی خۆشەویستییە لە ناوەندی ئەندێشە بڵاو بکرێنەوە.


هیوا قادر، سەبارەت بە ڕۆمانە نوێکەی بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، ڕۆمانی ماڵی پشیلەکان، ڕۆمانێکی مۆدێرنە و باس لە یەک مانگی کاری زۆرەملێی پەناهەندەیەکی کورد ئەکات، لە ماڵی پشیلەکان، جێگایەکە پشیلەی تیادا ئەفرۆشرێت، هەروەها جێیەکیشە بۆ بەخێوکردن و گلدانەوەی پشیلەکان.


وتیشی: "ڕۆمانەکە دابەش بووە بە سەر بیستوچوار بەشدا، هەر بەشێک تایبەت کراوە بە یەکێک لە ڕەگەزە جیاوازەکانی پشیلەکان، کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە زۆرینەیان ژنن، پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان و پشیلەکان سەرلەبەری چیرۆک و ڕووداوەکان پێک ئەهێنن. بە گشتی ئەم ڕۆمانە باس لە تەنهایی مرۆڤەکان ئەکات. بەشێکی دیاری ئەو تەنهاییەش ئەکرێت ئاژەڵێکی وەک پشیلە بتوانێت پڕی بکاتەوە، هەروەها ببێت بە شەریکی ژیانی مرۆڤەکان و هۆکارێک بێت لە جوڵاندنی ڕووداوەکانی ژیانیاندا."


سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی پشیلە لەو ڕۆمانەدا، نووسەر وتی: "لە ڕاستیدا ئاژەڵ بە تایبەتی پشیلە و سەگ ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی مرۆڤی ئەوروپیدا هەیە، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە و هەمیش وەک پڕکەرەوەیەکی ئەو تەنهاییەی کە پێوەی ئەناڵێنێت. تێڕوانینی مرۆڤی ئەوروپی بۆ ئەو دوو ئاژەڵە، تەواو جیاوازە لەو تیڕوانینە پریمیتیڤ و نەگۆڕە مێژووییەی مرۆڤێکی خۆرهەڵاتی لە بەرامبەریاندا هەیەتی. پشیلەکان بۆ من بیانوویەک بوون بۆ ئەوەی بتوانم لە ڕێی ئەوانەوە چیرۆکەکانی خۆم لەسەر مرۆڤی مۆدێرن و پەناهەندەی ئەروپانشین بگێڕمەوە. بۆ ئەوەی بتوانم باس لە تەنهایی مرۆڤی ناو کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی ئەوروپا بکەم، ئەو تەنهاییەی هەندێک جار ئەبێتە هۆی دوورەپەرێزبوونی مرۆڤەکان، گرێی دەروونی و ڕەشبوونی دنیا تا ئاستی خۆکوژی. لە هەمان کاتدا ئەشکرێت ببێتە ئەو دەریچەیەی مرۆڤ لێیەوە بتوانێت لە ژیان و دواڕۆژ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڕوانێت."

 

  

هیوا قادر، شاعیر، ڕۆماننووس و وەرگێڕی کورد، لە شاری سلێمانی گەڕەکی چوارباخ لە دایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەییی هەر لەو شارە خوێندووە. لە 1988ـدا پەیمانگای ئیدارەی لە کەرکوک تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی1992-2011 لە وڵاتی سوید ژیاوە. ئێستا لە سلێمانی دەژی و وەک ئەندامی ئەنجوومەن لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کار دەکات. یەکەمین کتێبی شیعریی “چاوە زەردەکان” بووە کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوی کردووەتەوە.


جگە لە چەندان دیوانی شیعر و کتێبی سەفەرنامە، هاوکات دوو ڕۆمانی تری نووسیوە بە ناوەکانی "منداڵێک لەسەر مانگە" و "منداڵانی گەڕەک".


هیوا قادر زیاتر دەربارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی دوا و وتی: "ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ئاژەڵە دڕندەکان زۆر دڕندەتر ئەبن، یان سیستەمی دەسەڵات ئەیهاڕێت و تەنها و بێکەسی ئەکات، ڕەنگبێت خاوەندارێتیی ئاژەڵێک هۆکارێک بێت بۆ ڕزگارکردنی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ خۆی و مرۆڤەکانی تر. من پێم وایە هەندێ تەنهایی زۆر جەرگبڕترە لە عاقیبەتی دوای جەنگەکان. بۆیە مرۆڤ بە خەسڵەتی مێژوویی خۆی هەمیشە ئەیەوێت تەنهاییەکانی خۆی لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا بەش بکات، ئەو کاتەی دەستگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا قوورس و زەحمەتتر ئەبێت، بە ناچاری با ئەداتەوە بۆ لای ئاژەڵە ماڵییەکان، بۆیە سەگ و پشیلە بە پلەی یەک دوو ئاژەڵن بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو تەنهاییەی ڕۆژانەی مرۆڤ."