تادێت ئینتەرنێت ژیانی مرۆڤ زیاتر داگیردەكات

تەکنەلۆجیا 10/02/2019


چاودێر


بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (دەیلی مەیڵ)ی ئینگلیزی، ئێستە 57٪ی دانیشتووانی زەوی هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە و مرۆڤایەتی بە گشتی هۆگری ئەم هۆكارەی پەیوەندی بوون، دانیشتووانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاش زۆرترین كاتی ژیانیان بە ئینتەرنێت بەسەردەبەن.
بەپێی راپۆرتەكە، دانیشتووانی وڵاتی ئیماراتی عەرەبی زۆرترین كاتی ژیانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن لەچاو وڵاتانی جیهاندا.
دانیشتووانی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە گشتی لە رۆژێكدا زیاتر لە 8 كاتژمێری ژیانیان بەسەر ئینتەرنێتەوە بەسەردەبەن. لەنێویشیاندا وڵاتی فلیپین هەیە، كە هاووڵاتیانی بە گشتی رۆژانە زیاتر لە 10 كاتژمێر خەریكی ئینتەرنێتن.
هەروەها لە بەریتانیا رۆژانە مرۆڤ نزیكەی 8 كاتژمێری خۆی بە ئینتەرنێت بەسەردەبات، ئەمریكییەكیانیش رۆژانە 8 كاتژمێر و نیوی ژیانیان لەسەر هێڵی ئینتەرنێتن. ئەمەش لە كاتێكدایە ژاپۆنیەكان كەمترین ماوەی ژیانیان لەسەر ئینتەرنێتن و رۆژانە 3 كاتژمێر و 45یە. راپۆرتەكە لە كۆتاییدا دەڵێ ئینتەرنێت رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ژیانی مرۆڤ داگیر دەكات، جگە لەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی مۆبایلەوە لەسەر هێڵی ئینتەرنێتە، تەنانەت لەسەر كاریش لە ڕێگەی كۆمپیوتەر و لە ڕێگەشدا لەسەر ڕێنیشاندەری ئۆتۆمبێل و لە ماڵەوەش لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنەوە پەڕەكانی ئینتەرنێت هەڵدەدەنەوە و خزمەتگوزارییەكانی بەكاردێنن.