لەبارەی پۆستی وەزارەتی داد، پارتی چی بە عەبدولمەهدی وتوە؟

عێراق 10/02/2019


چاودێر:
بەشار كیكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، راگەیاند، حزبەكەی بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندوە، كە ئەوان هیچ كەسێكی حزبی بۆ پۆستی وەزارەتی داد قبوڵ ناكەن و جەختیان لەوە كردۆتەوە كە دەبێت كاندیدی ئەو وەزارەتە كەسێكی سەربەخۆ و پسپۆر بێت.
ناوبراو لە لێدوانیكیدا بۆ سۆمەریە نیوز، راشیگەیاندوە، كە یەكلاكردنەوەی كاندیدی وەزارەتی داد، بە پلەی یەكەم لەدەستی سەرۆك وەزیراندایە، بۆ ئەوەی كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە دابنێت.
ماوەیەكە یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە ناكۆكییان هەیەو ئەگەرچی ئەوە یەكلابۆتەوە كە پۆستی وەزارەتی داد بۆ كورد دەبێت، لەناویشیاندا یەكێتی جەخت لەوەدەكاتەوە كە ئەو پۆستە مافی خۆیەتی، هەر بۆیە لەئێستادا ناكۆكیی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا لەسەر ئەو بابەتە هەیەو هێشتا هەردوولا نەگەیشتونەتە رێككەوتن.