ستراتیژی نوێی داعش لە عیراق ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت 07/02/2019



بابان – ئاژانسەكان:


رۆژنامەیەكی كەنداو لە راپۆرتێكیدا ستراتیژی نوێی داعش لە عیراقدا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت كە لە ئایندەیەكی نزیكدا داعش جموجۆڵ و چالاكی لە عیراق دەستپێدەكاتەوە.
رۆژنامەی (خلیجیە)  لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ستراتیژی نوێی داعش لە عیراقدا بریتی دەبێت لە بەكارهێنانی جەنگی میلیشیایی و گروپی بچوك بچوك و رفاندن بەشێوەیەكی خێرا.
 رۆژنامەكە دەشڵێت: وەكچۆن لە رۆژانی رابردوودا بینرا كە داعش چەند هێزو دەستەیەكی هێزە ئەمنییەكانی عیراقی كردبووە ئامانج لە پارێزگای سەڵاحەددین و هێرشیشیان كردە سەر نەفەرهەڵگرێك كە سەردانكارانی ئاینی ئێرانییەكانی هەڵگرتبوو، بە هەمان شێوە ستراتیژی نوێ لە رۆژانی داهاتوودا لە عیراق پەیڕەو دەكەن.

راپۆرتی رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە داعش لەماوەی داهاتوودا لەعیراق، پشت بە هێرشی كت وپڕو لەناكاو دەبەستێت و تێرۆركردنی كەسێتییەكان بە دەمانچەو چەكی بێدەنگ دەخاتە بەرنامەوە، جگە لە  رفاندنی كەسانی دیارو بەرچاوەكان دەكاتە ئامانج ، لەوانەش فەرماندەو ئەفسەرە باڵاكانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق و حەشدی شەعبی و شێخ و ریشسپی و كەسە دیارەكان لە هۆزو عەشیرەتەكانی عیراق.
پسپۆڕێكی سەربازیش بە سایتی (سومریە نیوز)ی رادەگەیەنێت كە باغ و بێستان و ناوچە گردو شاخاوییەكان لە پارێزگای كەركوك و سەڵاحەددین و دیالە، دەبنە مۆڵگەی سەرەكی كە داعش بۆ مانەوەو چالاكییەكانیان پشتی پێدەبەستێت، هەربۆسە هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی و سوپا، نابێت چاو لەو جێگە هەستیارانە غافڵ بكەن.

سەرچاوە: سایتی (سومریە نیوز)