كەی پاشەكەوتی مووچە لادەبرێت؟

ئابوری 07/02/2019

چاودێر
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كردنەوەی خوێندنگایەك لەشاری هەولێر، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، هەر كاتێك بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پارەكە هات، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، لەدوای كردنەوەی خوێندنگایەك، بۆ رۆژنامەنووسان، وتی" ئاسۆ گەشە و دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات".
روونیشیكردەوە، "هەر كاتێك بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو بڕە پارەیەی دیاریكراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، ئەو كاتەی پارەكە هات، پاشەكەووتی مووچەش نامێنێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: سەبارەت بەرەوشی سیاسی هەرێم، بڕیاری رێككەوتن و كۆبوونەوەی پارلەمان لە 18ی ئەم مانگەدا گرنگ و دڵخۆشكەرە و لەهەرێمی كوردستان كێشەی جەوهەری گەورە نین و ئەو كێشانەی هەن بچووكن و دەكرێت چارەسەربكرێن.