هەدەپە بەتاكتیكی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەكات

ڕاپۆرت 02/02/2019


راپۆرت-چاودێر
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی باكووری كوردستان و توركیا، پارتە سیاسییەكان زیاتر گفتوگۆی هاوپەیمانی لەسەر هەندێ‌ لە شارەوانییەكان دەكەن،ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتە سیاسییەكان قەرەباڵخیی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، گشت كاندیدەكانی بۆ شار و شارۆچكەكان ئاشكراكردووەو بڕیاریدا هیچ بەربژێرێك بۆ سەرۆكایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و ئەدەنە و ئیزمیر دانەنێ، ئەمەش هەندێ‌ بۆچونی هێنایەئاراوە، كە رەنگە لەبارەی هاوپەیمانێتیی نهێنیی هەدەپە و جەهەپە لەسەر ئەو شارەوانییانە هەبێت، كە هەوڵێكە لە بەرامبەر كاندیدەكانی ئاك پارتی بۆ ئەو سێ‌ شارە مەزنەی توركیا، بەڵام ئەمە بە تەواوەتی لەلایەن هەدەپەوە رەتكراوەتەوە.

دوای سێ ساڵ، هەدەپە و ئاك پارتی  بەفەرمی كۆبوونەوە
پەروین بوڵدان لەگەڵ بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی ئاكەپە كۆبووەوە، لەسەر سارووهان ئۆڵووچ، وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند "لەم سێ شارەدا بڕیارماندا هیچ بەربژێرێك بۆ سەرۆكی گەورەشارەوانی دیاری نەكەین كە ئەدەنە، ئیستەنبوڵ و ئیزمیرن. لەم سێ شارەدا پارتی دیموكراتی گەلان لەژێر لۆگۆی خۆیدا هیچ بەربژێرێك بۆ سەرۆكایەتیی گەورەشارەوانی دیاری ناكات. ئەمەمان لەپێناوی هیچ پارتێك نەكردووە. ئێمە لەگەڵ هێزە دیموكراسییەكانی توركیا و سەندیكا و رێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و یەكێتیی پیشەوەران، هەروەها لەگەڵ تەواوی ئەوانەی داكۆكی لە دیموكراسی و ئاشتەوایی و دادپەروەری دەكەن، راوێژدەكەین و پێشنیازیان لەبارەی بەربژێران وەردەگرین".
لەم نێوەندەدا پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە و میدحەت سانجار، بریكاری سەرۆكی پەرلەمان، رۆژی دووشەممە 28ـی كانوونی دووەمی 2019  سەردانی ناجی بۆستانجی، بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی ئاك پارتییان كرد و لەگەڵیدا كۆبوونەوە. ئەمە یەكەمین دیداری فەرمی هەدەپەیە لەگەڵ ئاك پارتی دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەكان.
عەبدولقادر سێلڤی، رۆژنامەڤان و گۆشەنووسی رۆژنامەی حوریەت لەمبارەیەوە نووسیوێتی: ئێمە سەرنجمان خستبووە سەر پێشهاتەكانی جەهەپە، بەڵام لە سیاسەتدا پێشهاتی سەرنجڕاكێش روودەدەن. هاوسەرۆكی هەدەپە پەروین بوڵدان و بریكاری سەرۆكی پەرلەمان میتحەت سانجار سەردانی سەرۆكی فراكسیۆنی ئاكپارتی ناجی بۆستانجییان كرد. دوای ماوەیەكی زۆر ئەمە یەكەمجارە بەیەكگەیشتنی راستەوخۆ لەنێوان ئاكپارتی و هەدەپە روودەدات. ناجی بۆستانجی ئەم دیدارەی لە بابەتی نەرمبوونەوەی زمانی سیاسیی نێوان ئەو دوو پارتە بە گرنگ دانا".
وتەبێژی هەدەپە هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و وتی، سەردانی شاندەكەی هەدەپە پەیوەندی بە هەڵبژاردنە خۆجێییەكان یان دەستپێكردنەوەی پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لە توركیا نییە.
تاوەكو ئێستا نە ئاك پارتی و نە هەدەپە بە وردەكارییەوە باسیان لە نێوەڕۆكی ئەو دیدارە نەكردووە، دیدارێك كە دوای سێ ساڵی پڕاوپڕ لە گرژیی نێوان دەسەڵات و هەدەپە بە شێوەیەكی فەرمی ئەنجامدراوە.

هەدەپە بەنیازە شارەوانی كارس و موش بباتەوە
هاوكات هەدەپە ستراتیژی نوێی بۆ باكوری كوردستان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا بەنیازە شارەوانی كارس و موش و هەندێ‌ شارەوانیتر لە باكووری كوردستان بباتەوە، كە لەدەستی ئاك پارتی و مەهەپەدان، بۆ ئەو مەبەستەش بەربژێری بەهێزی بۆ ئەو ناوچانە داناوە، لەوانەش ئایهان بیلگەن، وتەبێژی پێشووی هەدەپە-یە.