ئاستی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی بێجی بەرزدەكرێتەوە

ئابوری 26/01/2019


ئەمرۆ شەممە وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاویكردەوە دەستكراوە بە قۆناغی دووەمی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگەی پاڵاوگەی بێجی بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی پاڵاوگەكە بۆ 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
فەیاز حەسەن نیعمە بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوگەكان لە میانی بەسەركردنەوەی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەی بێجی رایگەیاند:كارمەندانی تەكنیكی لە كۆمپانیای كەرتی نەوت دەستیان كردوە بە قۆناغی دووەمی كارەكانی نۆژەنكردنەوەو ئامادەكردنی پاڵاوگەكە كە بریتین لە یەكەكانی هەدرەجە و باشتركردنی جۆری بانزین.
نیعمە باسی لەوەشكرد وەزارەت لە بەرنامەیدایە تا كۆتایی مانگی ئازار هەردوو یەكەی هەدرەجەو باشتركردنی جۆری بانزین بخاتەوە كار 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئاستی توانای پاڵاوگەی بێجی پاش كۆتایی هاتنی قۆناغی دووەمی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لەبەرهەمە نەوتیەكان و بانزین 
تەئكیدیشی كردەوە ئەو بڕەی بەرهەم دەهێنرێت بەشی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنبارو نەینەوا دەكات سەرباری ئەوەش سوتەمەنی بۆ وزەی كارەبا و كەرتی پیشەسازی دابین دەكات