وەزیری دارایی چۆنیەتی دانەوەی سێ موچە فەوتاوەكەی ساڵی 2018 ئاشكرادەكات

کوردستان 22/01/2019

چاودێر:

رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێم راdگەیاند: بەغداد سێ مانگە (317) ملیار دینار یارمەتیەكەی نەناردووە، ئەگەر بەیەكەوە بینێرێت ئەوا سێ مووچەی فەرمانبەران بەسەر یەكەوە دەدرێت.

لە دوای ریفراندۆم و بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداد، حكومەتی ناوەند مانگانە بڕی (317) ملیار دینار وەك یارمەتی دەدات بە هەرێمی كوردستان، بەڵام سێ مانگی سەرەتای (2018) ئەو بڕە پارەیەی  نەناردووەو كۆی هەر سێ مانگەكەش (951) ملیار دینارە.

رێباز حەملان، بە ڕۆژنامەی (زەمەن)ی وت: "داوامانكردووە كە بەسەر یەكەوە پارەكەمان بۆ خەرج بكرێت، ئەگەر درا مانگانە یەكێك لە مووچەكانی (11 ‌و 12) خەرج دەكەین، ئەگەر هەر (317) ملیارەكە بەسەر یەكەوە رەوانەكرا ئەوا هەر سێ مووچەكە بەسەر یەكەوە دەدەین".

لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2019)ی عێراقدا، (520) ملیار دینار وەك پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە كە (68) ملیار دیناری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەیە، لەبەرامبەر رادەستكردنی بڕی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە كۆمپانیای سۆمۆ.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە رایگەیاند: وەزارەتی دارایی پڕۆژەی خۆی ئامادەكردووە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد‌و هەركاتێك بانگهێشت بكرێن دەچنە بەغداد.