ناوەرۆکی كۆبونەوەکەی گۆڕان و پارتی

کوردستان 22/01/2019

چاودێر:

لەپاش كۆبونەوەی گۆڕان و پارتی لەهەولێر ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی ڕایگەیاند، كۆبونەوەیەكی باشیان ئەنجامداوە و لەبارەی كێشەكانەوە لێكتێگەیشتنێك لەنێوان هەردوولادا هەیە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی  شاندی دانوستاندنكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"كۆبونەوەیەكی باشیان ئەنجامداوە و لەسەر كێشە بنەڕەتییەكان لێكتێگیشتن هەیە، لەسەر پێوەرەكانی بەشداربوون و بەرنامەی حكومەت بە چ شێوەیەك دەبێت، ئەولەویاتی ئەو حكومەتە چ بێت.

ناوبراو راشیگەیاند: بەردەوام دەبین لە دانوستاندن، چونكە هیچ بژاردەی دیكەمان نییە جگە لەوەیی دەبێت پێكەوە ئەو حكومەتە دروستبكەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هەموولایەك بە ئاسوودەیی بەشداربن، هیچ نییەتێك نییە بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێك، بەڵام دەبێت هەموو لایەك هەست بەو بەرپرسیاریێتییە بكەن، ئەو بۆشاییەی حكومی و دەستوورییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە بەرژەوەندی میللەتی خۆمان نییە".

هاوكات دانا عەبدولكەریم ئەندامی شاندی دانوستاندنكاری بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا تێڕوانینی گۆڕان گۆڕانكاری و چاكسازی بوو لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڵام پارتی بڕوای بە چاكسازی هەبوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە.

وتیشی، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ پارتی بۆ بنەمایەكی پتەو و دروستكردنی متمانەیە بۆئەوەی حكومەتێكی بەهێز دروستبكەن كە خزمەتی هاوڵاتییان بكات.