کۆمەڵە کتێبێک ساڵی ٢١١٤ بڵاو دەکرێنەوە

ڕەخنەی چاودێر 22/01/2019

ڕەخنەی چاودێر

بەرهەمی سەد نووسەری جیهانی لە ژوورێکی تایبەت لە کتێبخانەیەکی ئۆسلۆدا کۆ دەکرێنەوە و تا ساڵی ٢١١٤ چاپ و بڵاو ناکرێنەوە.


بە پێی هەواڵێکی گاردیان، هەزار درەخت لە دەرەوەی ئۆسلۆدا، بۆ چاپی ئەم کتێبانە دەنێژرێن. مارگارێت ئۆتوود یەکەمین نووسەرە لە سەد نووسەرەکە، کە بەرهەمێکی خۆی بە "کتێبخانەی داهاتوو" بەخشیوە. ئەم پڕۆژەیە ساڵانە بەرهەمی نووسەران وەردەگرێت و هەموویان پێکەوە و لە ٢١١٤ـدا بە کاخەزی ئەو درەختانەی دەیاننێژێت، چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە هونەرمەندی سکۆتلەندی، کەتی پیتەرسۆن بە گەڕی خستووە.


مارگارێت ئۆتوود، براوەی خەڵاتی بووکەری ساڵی ٢٠٠٠، گوتی: "شانازی بەوەوە دەکەم کە بەشێک لە ئەرکی ئەم پڕۆژەیەم گرتە ئەستۆ، لانیکەم ئەم پڕۆژەیە باوەڕێ بەوە هەیە کە مرۆڤایەتی تا سەد ساڵی تریش بەردەوام دەبێت. کتێبخانەی داهاتوو بە درێژاییی دەیەکان سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی بە کێش دەکات و خەڵکی لە دەوروبەری درەختەکان درێژە بە ژیانیان دەدەن و هەوڵ دەدەن پێشبینیی ئەوە بکەن نووسەرەکان چییان لەو کتێبانەدا نووسیون."


مارگارێت ئۆتوود کتێبگەلێکی زۆر پڕفرۆشی هەن، بەڵام خوێنەر ئیتر بۆی نییە بزانێت ئەم کتێبەی ئەو چییە و تا سەد ساڵی تریش کەس ئەم چانسەی نابێت جگە لە خۆی. پێتەرسۆن گوتی: "ئەمە زۆر دڵخۆشکەرە کە ئۆتوود کتێبی بۆ ناردووین، حەزیش دەکەم بزانم چی تێدا نووسیوە، بەڵام هەرگیز نایزانم."