دوولایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن پێش روبەڕوبونەوەی دەسەڵات شەڕی یەكتریان دەستپێكرد

ڕاپۆرت 21/01/2019

 چاودێر:

لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2013ەوە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی كرداری كۆتایی پێهات، ئەگەرچی هەندێك لایەن خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن زانیوە، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلولی 2018، نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی بە فەڕمی ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرنامەی هاوبەش و كاری پێكەوەییان لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، بەڵام پێش دەستپێكردنی كاری ئۆپۆزسیۆن بوون، شەڕی یەكتریان دەستپێكرد.

لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلولەوە نەوەی نوێ وەك حزبێكی تازە كە خاوەنی 8 كورسی پەرلەمانە، ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاند و بانگەوازی بۆ دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن كرد، بەڵام تاكە لایەن یەكگرتووی ئیسلامی بەهۆی شكستی لە هەڵبژاردنەكان و لە دەستدانی نیوەی كورسییەكانی كە لە 10 كورسییەوە بوو بە 5 كورسی، ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند و دەستی هاوكاری بۆ نەوەی نوێ درێژكرد.

هەردوو حزب نەوەی نوێ و یەكگرتوو دوای چەند كۆبونەوەیان بانگەشەی دەستپێكردنی كار و پرۆژەی هاوبەش و پێكەوەییان كرد، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا هەردوولایەن كەوتوونە شەڕێكی قورسی میدیاییەوە بەهۆی كۆبونەوەی ئەمینداری یەكگرتوو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

دوێنێ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا كۆبووەوە، ئەم كۆبوونەوەیە نیگەرانی نەوەی نوێی لێ كەوتەوە.

نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەر هێزێك لەگەڵ دەسەڵات دابنیشێت یاخود بەشدار بێت لە حكومەتەكەیدا، ئەوا دوورە لە خەڵك و لە ئەوان و مامەڵەی هاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵدا دەكەن.

نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشكرد، وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دانیشتن لەگەڵ پارتی  و یەكێتیدا رەتدەكەنەوە  و هەر هێزێك لەگەڵیان دابنیشێت  بە هاوپەیمانی خۆیانی نازانن و وەك دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

هاوكات كەناڵی ئێن ئارتی سەر بە نەوەی نوێش لە هەواڵەكانیدا ئاشكرایكرد كە مەبەستی ئەو بەیاننامەی نەوەی نوێ كۆبونەوەكەی سەڵاحەدین بەهادین و مەسعود بارزانییە، كە لە بەیاننامەكەدا بە رونی ناوی هیچ حزب و كەسێك نەهێندراوە.

لە وەڵامدا وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند " كەس بە شایەنی سەرمەشق و وەسی بوونی خۆیان نازانن".

وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت "بەبەرنامە و پلانی خۆمان لەدەسەڵاتدا بەشداریمان كردووە و ئێستاش بە ئیرادە و بەرنامەی خۆمان ئۆپۆزسیۆنی دەكەین و سورین لەسەری”.

راشیگەیاند “سەربەخۆیی بڕیار و هەڵوێست دروشمی خەباتمانە و باجی زۆریشمان لەو پێناوەدا داوە و ملمان بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ناوچەیی نەداوە” .

بەڕای چاودێران لە قۆناغی ئایندەدا دەركەوتنی هێزی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە ئەستەمە لە هەرێمی كوردستان بەهۆكاری شكستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشووی هەرێمی كوردستان لە بەرنامە و پرۆژەكانیاندا وێڕای بوونی كەرەستەی زۆری سەركەوتن، كە بووە هۆی لە دەستدانی متمانەی خەڵك بەهێزە ئۆپۆزسیۆنەكان.
چاودێران پێشیانوایە، لە هەرێمی كوردستان كات و هەلومەرجێكی تایبەتی پێویستە تاكو زەمینەی دروستبوونەوەی هێزێكی كاریگەری ئۆپۆزسیۆن دروستدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن ئەو زەمینەی بۆ كاری ئۆپۆزسیۆن دروستبوو لەباریان برد.